xendan ads

بەرزان ئەحمەد كوردە: یەكێتی مەركەزی بڕیاردانی نییە

- 7/15/2017 11:04:00 PM 22111 جار خوێندراوەتەوە
بەرزان ئەحمەد كوردە

خەندان- هەڤاڵ محەمەد

بەرزان ئەحمەد كوردە، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند، ماوەی چەند ساڵێكە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی یەكێتی دەدەن، یەكێتی كێشەی هەیەو "مەركەزی بڕیاردانمان نیە"، ئەوەش زادەی ئەو كێشانەیە كە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوەو رۆژ بەڕۆژ ناتوانین بڕیار بدەین.

لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ خەندان، بەرزان ئەحمەد كوردە ئاماژە بەوەدەكات، هیچ كەسێكیان لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتییەوە بۆ شاندی ریفراندۆم دەستنیشان نەكردووە، د.نەجمەدین كەریم، رەنگە بە شەخسی دەستنیشان كرابێت، "ئێمە رەخنەمان لەو جۆرە كارانە هەیە كە ناگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكان".

خەندان: بۆچی هەڵوێستی یەكێتی لەسەر پرسی ریفراندۆم دابەشبووە؟

بەرزان ئەحمەد كوردە: ئێمە لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریماندا بەوەی ریفراندۆم باوەڕمان پێیەتی، بەڵام لە چوارچێوەی كاراكردنەوەی پەرلەمانداو دەبێت و پەرلەمان كارابكرێتەوە، ئەمە هەڵوێستی ئەنجومەنی سەركردایەتییە.

خەندان: بەڵام ئێوە نوێنەرتان لەو شاندەدا هەبوو كە سەردانی ئەوروپای كرد، كە د.نەجمەدین كەریم بوو؟

بەرزان ئەحمەد كوردە: ئێمە دەستنیشانمان نەكردووە، جارێ هیچ كەسێك لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتیەوە دەستنیشان نەكراوە، رەنگە بە شەخسی دەستنیشان كرابێت، ئێمە رەخنەمان لەوجۆرە كارانە هەیە كە ناگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكان.

 خەندان: بۆچی یەكێتی ناتوانێت خۆی یەكلایبكاتەوە لە هەندێك هەڵوێستدا بەتایبەت ئەو هەڵوێستانە پارتی و گۆڕان لەسەر ناكۆكن؟

بەرزان ئەحمەد كورد: ئەوە زادەی ئەو كێشانەی ناو یەكێتییە كە ماوەی چەند ساڵێكە هەوڵی بۆ دەدەین چارەسەربكرێت، وتومانە كێشەمان هەیە و مەركەزی بڕیاردانمان نیەو ئەوەش زادەی ئەو كێشانەیە كە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوەو رۆژ بەڕۆژ ناتوانین بڕیار بدەین، بەرەو دواوە هەنگاو دەنێین نەك بەرەو پێشەوە بچین.

خەندان: ئەم كێشانەی باسی دەكەیت بەچی چارەسەردەبێت؟

بەرزان ئەحمەد كوردە: پێویستە بڕیارەكان دەستەجەمعی بێت و ناوەندێكی بڕیار لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا دروستبێت و بەرنامەكەمان روون بێت، هەوڵبدەین چاكسازی بكەین و پاشاداشت و سزا هەبێت، هەوڵ بدەین ئۆرگانەكان بكەینەوە بەئۆرگان و ژیانی حزبایەتی ببوژێنیینەوە.

خەندان: ئێوە كارتان بۆ ئەو بابەتانە كردووە كە باسی دەكەین؟

بەرزان ئەحمەد كوردە: من خۆم یەكێكم لەو كەسانەی كارم بۆ كردووەو گلەیی و گازندەم هەیە لە ئسلوب و شێوازی كاركردنی یەكێتی.

خەندان: كەواتە ئەنجامی كارەكانتان گەیشتووە بەچی لەناو یەكێتیدا؟

 بەرزان ئەحمەد كوردە: لە هەوڵداین و ئێمە ماوەیەكی زۆر نەچوینە كۆبوونەوەكانەوە، ئێستا ژمارەیەك زۆر لەو هەڤاڵانەی كە پێشتر رازی بوون بەو وەزعەی ناو یەكێتی ئەوانیش لەگەڵ ئێمەدا ناڕازین و هەوڵ دەدەین كە وەزعی یەكێتی چاكبكەین، ئەگەر پێمان چاكبكرێت، ئەگەر پێشمان چاكنەكرێت ئەوا ناڕەزایەتیەكەمان زیاتر دەكەین و خەباتی بۆ دەكەین.

خەندان: ئەم جۆرە سیاسەتكردنەی یەكێتی شتێكی سروشتییە؟ 

بەرزان ئەحمەد كوردە: بەراستی ئەوە شتێكی سروشتی نیەو ناسروشتیەو زۆر نا حزبیانەیە، یەكێتی، رابردووەكەی و پێشمەرگە قارەمانەكان و كەسوكاری شەهیدان هێشتویەتییەوە، ئەگینا ئەم مامەڵەكردنە و ئەم وەزعە بۆ هیچ حزبێك ناچێتە سەر لە دونیادا.

خەندان: پێشبینی چی دەكەیت بۆ ئایندە و هەڵوێستەكانی یەكێتی؟ 

بەرزان ئەحمەد كوردە: نیەتێكی خێر هەیە لەسەر بابەتەكان، بەهیوای ئەوەین ئەو قسانەی دەكرێت هەوڵی بۆ بدرێت و ببێتە كردار و یەكێتی لەو تەنگەژانەی كەتیایەتی رزگاری ببێت.

خەندان: یەكێتی لە دواجاردا بەلای پارتیدا خۆی یەكلای دەكاتەوە یان بەلای گۆڕاندا بڕیاردەدات؟ 

بەرزان ئەحمەد كوردە: یەكێتی بەلای هیچ كام لە گۆڕان و پارتیدا ناڕوات، سەردامانێك یەكێتی لە شاخ شەڕی چەند دەوڵەتێكی كردووە، نابینە پاشكۆی هیچ حزبێك بەڵام رێككەوتنمان لەگەڵ هەر لایەنێكدا هەبێت پێشێلی ناكەین و بۆ مەسڵەتی میللەتەكەمان جێبەجێی دەكەین.
لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنێكمان هەیەو من بۆخۆم كار بۆئەوە دەكەم ئەو رێككەوتنە جێبەجێ ببێت، چونكە بەقازانجی میللەتەكەو دەڤەرەكەیە لە بەرانبەر ئەوەدا هەردوولامان دەتوانین لەگەڵ پارتی دابنیشین و بابەتی ریفراندۆم و بابەتە ناوخۆییەكانی كوردستان تاوتوێی بكەین و بگەینەرێككەوتن.

خەندان: زۆرینە دەنگەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، بەچی ئاڕاستەیەكدایە، ئایا رێككەوتنی گۆڕان جێبەجێ بكرێت یان لەگەڵ پارتیدا كاربكرێت؟

بەرزان ئەحمەد كوردە: زۆرینە ئەندامانی سەركردایەتی لەگەڵ ئەوەدایە رێككەوتنامەی گۆڕان وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، بەڵام لە بەرانبەر ئەوەدا پێكیش بێین لەسەر بابەتی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان و كاراكردنەوەی پەرلەمان.

خەندا: كەواتا بۆچی تا ئێستا ئەوەتان نەكردووە كە زۆرینەتان ئەو بۆچونەتان هەیە، چی رێگریەك هەیە؟

بەرزان ئەحمەد كوردە: خۆت دەزانیت پاشاگەردانیەك هەیە لەناو یەكێتیداو بڕیار دەدرێت وەكو پێویست هەنگاوی بۆ نانرێت و جێبەجێ ناكرێت، بڕیاری دەستە جەمعی وەكو پێویست جێبەجێ ناكرێت و جاری وا هەیە تاك لایەنانە بڕیار دەدرێت ئەوەش زادەی كێشەكانی ناوخۆیە، كە بەرۆكی یەكێتیەو ناگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی سەركرایەتی و مەكتەبی سیاسی.

خەندان: ئەم جۆرە مامەڵەكردنەی یەكێتی كاركردنە بۆ بەدەستهێنانی دەنگ لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، یان ئەمە ستراتیژی ئەو حزبەیە؟

بەرزان ئەحمەد كوردە: بەتەئكید یەكێتی هەوڵ بۆ كۆكردنەوەی دەنگ دەدات، هەموو حزبەكانیش ئەو هەوڵە دەدەن لە بەرانبەر پارتیشدا ئێمە پێویستە هەڵوێستمان زۆر روون و ئاشكرا بێت، باوەڕوامان وایە پێویستە پەرلەمان بەبێ مەرج كارابكرێتەوە، دواتر پرسی ریفراندۆم و دەركردنی یاسایەك بۆ میكانزم و چۆنیەتی ئەنجامدانی ریفراندۆم دواتر سەربەخۆیی كوردستان، بەڵام ئێستا لاریمان لە میكانزمەكەی ریفراندۆم هەیە.

خەندان: كە واتا ئەگەر بەم دۆخەی ئێستاوە بگەینە ریفراندۆم، یەكێتی پشتگیری ریفراندۆم دەكات؟َ

بەرزان ئەحمەد كوردە: ئێمە پشتگیری ریفراندۆم دەكەین بەڵام بەومیكانزمەی كە بڕیارمان لێیداوە.

خەندان: مەبەستم ئەوەیە ئەگەر تا ئەوكاتە پەرلەمان كارا نەكرایەوە، یەكێتی چی بڕیارێك دەدات؟

بەرزان ئەحمەد كوردە: پێم وایە دەبێت ئەو كاتە بڕیارێكی دیكە بدرێت، نازانم وەكیلی برادەرانی ئەنجومەنی سەركردایەتی نیم، بەڵام من پێم وانیە وەكو پێویست سەركەوتوو بێت و شێوەیەكی یاسایی وەربگرێت.

خەندان: لەناو خۆتاندا باسی ئەو ئەگەرەتان نەكردووە؟

بەرزان ئەحمەد كوردە: مەكتەبی سیاسیان لەگەڵ پارتی دانیشتووەو پارتیش گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی دەبێت پەرلەمان كارابكرێتەوە، ئێمە پێشنیاری خۆمان هەیەو لە دانوستانەكاندا بەراشكاوی بەپارتی و گۆڕان دراوە، كە پێمان وایە دەبێت بەبێ مەرج پەرلەمان كارابكرێتەوەو بەراشكاوی بۆچونی خۆمان بە گۆڕان وتووەو پێشم وایە ئەو داواكاریانەی ئەوان هەیانە لەوچوار چێوەیەدایە، زۆرینە مەكتەبی سیاسی وسەركردایەتی لەگەڵ ئەم بۆچونەدایە.

خەندان: دەوترێت لەدواین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا باس لە دیاریكردنی وادەی كۆنگرەی یەكێتی كراوە، بڕیاری چیتاندا؟

بەرزان ئەحمەد كوردە: باسلەوەكرا، بەڵام تا دۆخی یەكێتی هێور نەبێتەوەو كێشەكانی چارەسەرنەكات، هەركۆنگرەیەك ببەستێت سەركەوتوو نابێت، بەكێشەوە نابێت بچینە ناو كۆنگرەوەو چونكە كێشەكان زیاتر دەكات كەمتری ناكات.
یەكێتی نیشتیمانی كێشەی هەیە ئەگەر ئەو كێشانە چارەسەرنەبن نەدەتوانێت خۆی یەكلای بكاتەوە نەدەشتوانێت بەو كێشانەوە بچێتە كۆنگرەوە، نەدەشبێتە حزبێكی سەركەوتوو.


نیشانەکردن :

#یەکێتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP