xendan ads

گۆڕان لە دووڕیانی ڕای جیاوازدا؛ یەك بزوتنەوەو چوار بەیاننامەی جیاواز !

- 7/13/2017 10:03:00 PM 24104 جار خوێندراوەتەوە
لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان

خەندان-

بزوتنەوەی گۆڕان لە دووڕیانێكی سەختتدا ڕۆژانی دوای نەوشیروان مستەفا تێدەپەڕێنێت، و ڕاوبۆچوونی جیاواز دەردەكەون لەمەڕ پرسە گرنگ و هەنووكەییەكانی هەرێمی كوردستان، بەجۆرێك كە هەندێك جار بەیاننامەكان لەكاتێك بۆ كاتێك و ڕووداوێك بۆ ڕووداوێكی تر دەگۆڕێن. 

هەشتی ئەم مانگە، بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆبوونەوەو رایانگەیاند، رێككەوتوون لەسەر دروستكردنی یەكریزی نیشتمانی لەسەر پرسە نیشتمانییە چارەنوسازەكانی خەڵكی كوردستان. هەروەها دوای ئاسایی كردنەوەی پەرلەمان، ریفراندۆم ئەنجام بدرێت بۆ سەربەخۆیی لەسنوری كارگێڕی هەرێمی كوردستان‌و ناوچە دابرێندراوەكان.

لە ڕێكەوتی ١١ی تەمموز، بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبوونەوەیكیان ئەنجامدا و بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە، داوایانكرد ڕێفراندۆم بۆ دوای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان دوابخرێت.

گۆڕان و كۆمەڵ دەڵێن كە ڕێفراندۆم ڕەوایە، بەڵام سەرنج و تێبینی جددیان هەیە لەسەر میكانیزم و ئاكارەكانی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرسەكە، داواشدەكەن گوزەران و بژێوی هاوڵاتیان باش بكرێت و سیستمی پاشەكەوت بە تەواوی هەڵبوەشێنرێتەوە.

دواترو لە ١٢ی هەمان مانگدا، بزوتنەوەی گۆڕان بە هاوبەشی لەڕاگەیاندراوێكدا لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستاندا دەڵێن، كە بەڵێ ڕیفراندۆم پرسێكی نیشتیمانییە، بەڵام ئەم پرسە پێویستی بە كۆدەنگی‌ سیاسی‌ و بنەمای‌ یاسایی‌ هەیە. 

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، باشكردنی بژێوی و گوزەرانی هاوڵاتیان لەڕێی كۆتایی هێنان بەسیستمی پاشەكەوتی موچە، هەروەها ریفراندۆم وەك هەنگاوێك بۆ سەربەخۆیی بە ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكانەوە مافێكی سروشتی خەڵكی كوردستانە، "بەڵام ئەو پرسە پێویستی بەكۆدەنگی سیاسی و بنەمای یاساییە لەڕێی ئاساییكردنەوەی بێ مەرجی پەرلەمان."

دواترو لە ١٢ی تەمووز، واتا لە هەمان مانگدا، بزوتنەوەی گۆڕان وەكو كاردانەوەیەك بۆ قسەكانی مەسعود بارزانی، كە سەرپەرشتی شاندێكی كرد بۆ پەرلەمانی ئەوروپا بۆ قسەكردن لەسەر پرسی ڕێفراندەم، بەیاننامەیەكی تری بڵاوكردەوە، و لە بەیاننامەكەدا قسەكانی بارزانی بە "تۆمەتی ناڕاست و نەڕەوا" وەسفكردووە و دەڵین دەلێن، "قسەكانی (بارزانی) نەك تەنیا درزێكی تری خستە ناو ریزەكانی گەلی كوردستانەوە بەڵكو وێنەیەكی ناشیرینی كوردستانی نیشانی دۆستەكانماندا لە ئەوروپا".

گۆڕان دەڵێت "بارزانی كاری رۆژانەی پەرلەمانی لای پەرلەمانتارانی ئەوروپا بە كودەتا شوبهاند. پەرلەمانتارانی ئەوروپا چاك دەزانن كە پێشكەشكردنی پرۆژە یاسا لە پەرلەمان كودەتا نیە، بەڵكو كارێكی یاسایی‌و ئاساییە". 

ئەوەشی‌ خستووەتەڕوو، كە دامودەزگاكانی پۆلیس‌و ئاسایشی هەرێم لێكۆڵینەوەیان لە روداوەكانی مانگی سێپتەمبەرو ئۆكتۆبەری ٢٠١٥ كردو لە رۆژی ٣/٢/٢٠١٦، "بە شایەدی شاندی یەكگرتوی ئیسلامی‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرۆكی شاندی یەكێتی بە شاندەكەی پارتی وت لێكۆڵینەوەكان دەریانخستوە كە گۆڕان بە هیچ شێوەیەك دەستی نەبووە لەو روداوانە".

بزوتنەوەی گۆڕان لەماوەی كەمتر لە هەفتەیەك بە تەنها لە چەند ڕۆژێكدا چەند بەیاننامەیەكی دەركردووە؛ چاودێرانیش پێیانوایە كە بەیاننامە و ڕاگەیەندراوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان چوار شێوازی جیاواز لە دەربڕینی تێدابووە بە جۆرێك كە لە بەیاننامە هەوبەشەكەیاندا لەگەڵ یەكگرتوو نەرمی یەكگرتوو زاڵبووە بە سەریاندا، و لەگەڵ كۆمەڵ دەنگی "توندی" كۆمەڵی ئیسلامی زاڵبووە بەسەریاندا؛ لەگەڵ یەكێتی هاوئاوازی لەگەڵ ئەو حزبە پێوە دیارە، بەڵام دەنگی بەیاننامەی چوارەم، دەنگی كاردانەوەی شەقام و سەركردایەتی گۆڕان خۆیەتی لە مەڕ قسەكانی بارزانی لە پەرلەمانی ئەوروپا.

سەرچاوەیەكی‌ بەرپرس لە گۆڕان كە بەمەرجی‌ ناونەهێنانی‌ قسەی‌ بۆ خەندان كرد رایگەیاند، "لەناو گۆڕاندا ناكۆكی‌ هەیە، چۆن بەنەخۆشكەوتنی‌ تاڵەبانی‌ رای‌ جیاواز لەناو یەكێتی‌ دروستبوو، لەناو گۆڕانیشدا دوای‌ كۆچی‌ دوایی نەوشیروان مستەفا رای‌ جیاواز دروستبووە، بەڵام نایانەوێت بەفەرمی‌ رابگەیەنرێت".

هەردی‌ مەهدی‌ چاودێری‌ سیاسی‌ پێیوایە، گۆڕان لەدوای‌ 12ی‌ 10ی‌ 2016ەوە كۆمەڵێك هەڵوێستی‌ رونی‌ هەبووە، بەڵام لەكاتی‌ وردكردنەوەو تەكنیكی‌ جۆری‌ سیاسەتكردنەكەیەوە هەڵوێستەكانیان گۆڕانكاری‌ بەسەردا هاتووە.

وتیشی،‌ "دووساڵ بەر لەمردنی‌ كاك نەوشیروان، بزوتنەوەی‌ گۆڕان بۆ بریاردان هەر چاوەروانی‌ بەرامبەرەكانی‌ كردووە، مەبدەئی‌ داناوە بۆخۆی‌، كە بریتیبووە لە كاراكردنەوەی‌ پەرلەمان هەر تۆپێكی‌ بۆ هەڵداوە هەڵیان داوەتەوە بۆ ساحەی‌ بەرامبەرەكەی‌".

بەوتەی‌ هەردی‌ مەهدی‌، هەرچەندە لە بەیاننامەكانی‌ ئەم دواییەیان جیاوازیان هەبووە لە قسەكانیان، هەم تەكنیكی‌ كاراكردنەوەی‌ پەرلەمانی‌ بەدڵ نییە هەم كاتی‌ ریفراندۆم، بەڵام بڕیای‌ نەگۆڕیشیان هەبووە وەك و ئەوەی‌ لەگەڵ سەربەخۆیی‌ وریفراندۆمن.

هەروەها مەهدی‌ پێیوایە، تا رێكخەری‌ گشتی‌ دیارینەكرێت هەموو بریارێك قورسە بۆ هەر كەسایەتییەكی‌ كاریگەری‌ كەلە گۆڕاندا بیدات، "ناتوانێت بریاری‌ یەكلاكەرەوە بدات، چونكە لەوەدەترسێَ لاكەی‌ تر موزایەدەی‌ بەسەردا بكات، یان هەڵەبكات، تادیاریكردنی‌ رێكخەر بریاردان قورسە. ئەوەی‌ جیاوازییەكانی‌ گۆرانی‌ دروست كردووە، ئەوەیە جیاوازییەكە لەتەكنیكدایە، ئەگەرنا لەسەر خاڵە مەبدەئییەكان كێشەیان نییه".

دەركردنی‌ ئەو بەیاننامانە لەلایەن گۆڕانەوە لەكاتێكدایە، ئەو بزوتنەوەیە لەدوای‌ كۆچی‌ دوایی نەوشیروان مستەفاوە، جەخت لە پابەندبوون بە "رێبازی‌ نەوشیروان مستەفا" دەكاتەوە.

شۆڕش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت "دەركردنی چوار بەیاننامە لەماوەی هەفتەیەكدا، هیچ پەیوەندییەكی بە مان و نەمانی نەوشیروان مستەفاوە نییە، ئەگەر نەوشیروان مستەفا لێرەش بوایە بەهەمان شێوە ئەو بەیاننامانە دەردەكرا، چونكە پەیوەندی بەڕووداوەكانەوە هەبووە".

وتەبێژی‌ گۆڕان ئەمڕۆ لەلێدوانێكیدا بۆ رادیۆی خەندان رونیكردەوە، بەیاننامەكان یەكێكیان پەیوەندییان بە كۆبونەوەی گۆڕان و كۆمەڵەوە هەبووە كەكۆبوونەوەیەكی "گرنگ" بووە و لەسەر چەندین خاڵ كە ڕێككەوتون، جگە لەوەی كۆبونەوەیەكی تریان لەگەڵ یەكگرتوو كردووە كە باسیان لەكاراكردنەوەی پەرلەمان و ریفراندۆم و بابەتی "زۆر گرنگ" كردووە.

هەروەها دەڵێت، بەیاننامەیەكی تر تایبەت بووە بە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی، بەیاننامەیەك لەسەر وتەكانی‌ مەسعود بارزانی لەسەردانەكەی بۆ پایتەختی بەلجیكا كە "تۆمەتی ناڕەوای" خستۆتە پاڵ بزوتنەوەی گۆران، كە پێویست بووە بەیاننامەیەك دەربكەن و راستیەكان بخەنەڕوو.

دەركردنی‌ ئەو بەیاننامانە كە تاڕادەیەك جیاوازی‌ پێوەدیارە، هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكانی‌ ئەو بزوتنەوەیە بۆ دیاریكردنی‌ كەسێك بۆ رێكخەری‌ گشتی‌، كە باس لە بوونی‌ چەند كاندیدێك دەكرێت بۆ وەرگرتنی‌ پۆستەكە.

ئەمین فەرەج، مامۆستای‌ زانستەسیاسییەكان پێیوایە، ئەو جیاوازییەی‌ كە هەیە، دەتوانرێت واخوێندنەوەی‌ بۆ بكرێت یارییەكە كە لایەنەكان لەگەڵ یەك دەیكەن، چونكە تائێستا بەرەكان یەكلانەبوونەتەوە، بۆیە هەردوولا پارتی‌ و گۆران محاوەلە دەكەن بەهەمووشێوازێك، لایەنەكان رابكێشن بەلای‌ خۆیاندا.

هەروەها بۆ خەندان ئەوەشی‌ خستەڕوو "ئەمە تەكتیكیە گەمەی‌ سیاسی‌ بكات، بۆیە مامەڵەی‌ جیاواز دەكات لەگەڵ لایەنەكان بۆ ئەوەی‌ رایان بكێشێت بۆ ئەو مەبدەئانەی‌ كە خۆی‌ باوەری‌ پێیەتی‌، بەتایبەتی‌ یەكێتی‌ و یەكگرتوو كەئێستا لەگەڵ پارتی-ن".

ئەمین فەرەج هەرچەندە پێیوانییە ئەو بەیاننامانە، پەیوەندی‌ هەبێت بە ناكۆكییەكانی‌ ناو گۆڕانەوە، بەڵام دەڵێت فەراغی‌ پۆستی‌ رێكخەری‌ گشتی‌ كاریگەری‌ هەیە لەسەر بڕیاری‌ گۆران.

"ئەم جیاوازییە هەردوو ئەگەری‌ هەیە، ئەگەر پەیوەندی‌ بە ناكۆكی‌ ناو گۆرانەوە هەبێت درێژەدەكێشێت، ئەگەریش تاكتیكی‌ سیاسی خۆیان بێت ئەمە ئاساییە، بەڵام ئەگەر جیاوازیش نەبێت ئەو حزبە توشی‌ چەقبەستووی‌ سیاسی‌ دەبێت، بەمەرجێك جیاوازی‌ نەگاتە ناكۆكی‌"، ئەمین فەرەج وایوت.


نیشانەکردن :

#گۆڕان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP