xendan ads

ڕه‌نگین؛ به‌فراوانكردنی‌ كاره‌كه‌ی‌ ده‌یه‌وێت رێگرییه‌كان بشكێنێت

- 7/13/2017 3:51:00 PM 10633 جار خوێندراوەتەوە
ڕه‌نگین جه‌مال

خه‌ندان- كۆچه‌ر عزیز 

ڕه‌نگین جه‌مال ته‌مه‌ن (٢٣ ساڵ)، بووه‌ یه‌كه‌م كچ كه‌ توانی‌ كتێبخانه‌یه‌ك له‌شاری‌ سلێمانی‌ بكاته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای‌ رێگرییه‌كان ده‌یه‌وێت له‌سه‌رجه‌م شاروشارۆچكه‌كان كتێبخانه‌ بكاته‌وه‌.

ڕه‌نگین كه‌ده‌رچووی زانكۆی سلێمانی به‌شی زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌، كتێبخانه‌كه‌ی‌ به‌ ناوی "ماڵی ڕه‌نگین ماڵیك بۆ هه‌مووان"، كه‌ له‌كاتژمێر نۆی به‌یانییه‌وه‌ تا ١١ ی شه‌و كراوه‌یه‌ به‌ڕووی خوێنه‌راندا.

ڕه‌نگین هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌  خولیای كتێب له‌ مێشكیدا هه‌بووه‌و به‌رده‌وام حه‌زی‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێب بووه‌، ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ش رێگه‌ خۆشكه‌ر بوبێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ یه‌كه‌م كچ كه‌ كتێبخانه‌یه‌ك دابنێت.

"به‌رده‌وام خه‌ونم به‌وه‌وه‌ ده‌بینی كه‌ كتێبخانه‌یه‌كم هه‌بێت،  تا هانی ژنان و كچان بده‌م بێنه‌ ناو دنیای كتێبه‌وه‌، به‌رده‌وام حه‌زم له‌وه‌ بووه‌ كه‌ به‌خۆبه‌خشیش بێت له‌كتێبخانه‌یه‌كدا كاربكه‌م"، ره‌نگین كه‌ له‌كتێبخانه‌كه‌یدا به‌سه‌دان سه‌رچاوه‌ دانرابوون وایوت.

ئه‌و كه‌پێشتر ماوه‌ی یه‌ك ساڵ له‌ كتێبخانه‌یه‌كدا  كاریكردووه‌، بۆ خه‌ندان گێڕایه‌وه‌، ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له‌خولێكدا به‌شداربووه‌و له‌كۆتایدا داوایان لێكراوه‌ هه‌ر كه‌سه‌و ئامانجێكی خۆی هه‌یه‌ بینوسێت،  "به‌ڵام من نه‌م ده‌وێرا بینوسم كه‌  ئامانجی  من كردنه‌وه‌ی كتێبخانه‌یه‌كه‌، چونكه‌ هه‌ستمده‌كرد كه‌زۆر قورسه‌ كردنه‌وه‌ی كتێبخانه‌یه‌ك له‌ ئێستادا بۆ من، به‌ڵام له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا توانیم ئه‌و كاره‌ بكه‌م، خۆشم پێم سه‌یر بوو".

ره‌نگین به‌خه‌مبارییه‌وه‌ وتی  "تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت  باوكم ناڕازییه‌ و به‌رده‌وام پێم ده‌ڵێت تۆ ناتوانی ئه‌و كاره‌ بكه‌ی،  بۆیه‌ نازانم ده‌توانم به‌رده‌وام بم یاخود نا به‌هۆی ئه‌و ڕێگریانه‌وه‌" .

به‌پێچه‌وانه‌ی باوكییه‌وه‌، دایكی‌ هۆكارو پاڵپشتی سه‌ره‌كی ره‌نگینه‌ له‌كاره‌كه‌یدا، كه‌ به‌وته‌ی‌ خۆی‌ به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ توانیویه‌تی‌ ئه‌و كتێبخانه‌یه‌ بكاته‌وه‌.

له‌كتێبخانه‌كه‌ی ڕه‌نگیندا هه‌موو جۆره‌ كتێبێك هه‌یه‌ له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا.

ئه‌و وتی "پێشوازیكردنی هاوڵاتیان زۆر زۆر باشه‌ بۆ كتێبجانه‌كه‌ی من، هاوڵاتیان  بۆ كتێب كڕین بۆ سه‌ردان  ته‌نانه‌ت هه‌ندێك كه‌س بۆ ده‌ستخۆشی دێنه‌ لای من، له‌ ئێستادا ئه‌و كه‌سانه‌ی دێنه‌ كتێبخانه‌كه‌ی من  زۆربه‌یان پیاوانن".

ره‌نگین به‌نیازه‌ له‌هه‌موو شاره‌كانی تر كتێبخانه‌ بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ڕێگیریه‌كان بهێڵن به‌رده‌وامبێت له‌كاره‌كه‌ی‌.

له‌كتێبخانه‌كه‌ی‌ ره‌نگیندا، كافتریایه‌كی بچوكیش هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی  ده‌چنه‌ ئه‌وێ،  چا یان قاوه‌یه‌ك بخۆنه‌وه‌.

گۆران ئه‌نوه‌ر، كه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌و كڕینی كتێب هاتبووه‌ ماڵی ڕه‌نگین  وتی‌ "ئه‌م ماڵه‌ خنجیلانه‌یه‌ پڕاوپڕ گوزارشته‌ له‌ جوانی و له‌بوێری.. هه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌نگاوی یه‌كه‌می چوونه‌ ژوره‌وه‌ت بۆ ناو ماڵی ڕه‌نگین هه‌ست به‌ئاسووده‌یی و سه‌لیقه‌یه‌كی به‌رز و جیاواز ده‌كه‌یت..ماڵێك كه‌ هێنده‌ی تر سیمای جوانی و نازناوی ڕۆشنبیری به‌شاره‌كه‌ به‌خشیووه‌".

ئه‌وه‌ی له‌هه‌موو شت زیاتر گۆرانی‌ دڵخۆشكردوه‌، به‌ڕێوه‌بردنی كتێبخانه‌یه‌كه‌ له‌لایه‌ن خاتوونێكه‌وه‌ كه‌ ئه‌و به‌ كه‌سێكی‌ بوێر و ڕۆشنبیر وه‌سفیده‌كات كه‌ سه‌ره‌ڕای بوونی ئاسته‌نگی زۆر له‌به‌رده‌میدا به‌ڵام دواجار توانی ئه‌و خه‌ونه‌ی‌ بێنێته‌دی.

"ماڵی ڕه‌نگین پێمان ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی گونجاو و له‌بار بۆ خانمان بڕه‌خسێت، ئه‌وا شانبه‌شانی پیاوان و بگره‌ زیاتریش ده‌توانن پڕۆژه‌ و بیرۆكه‌ی جوان و سوودبه‌خش پێشكه‌ش به‌ كۆمه‌ڵگه‌ بكه‌ن"، گۆران وایوت.


نیشانەکردن :

#سلێمانی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP