xendan ads

ئایا ئه‌مه‌ریكا قه‌یرانی‌ قه‌ته‌ر چاره‌سه‌ر ده‌كات؟

- 7/12/2017 9:43:00 PM 3100 جار خوێندراوەتەوە


خه‌ندان- ئاسۆ شه‌یدا

وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ گفتوگۆكانی‌ له‌گه‌ڵ چوار وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ ده‌ستپێكرد، له‌چوارچێوه‌ی‌ هه‌وڵه‌كان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ بارگژییه‌كانیان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ڕ، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ رایانگه‌یاند كه‌ واژۆكردنی‌ رێككه‌وتن له‌نێوان واشنتن و ده‌وحه‌ بۆ بنه‌بڕكردنی‌ كۆمه‌كی‌ دارایی‌ "تیرۆر" هه‌نگاوێكه‌ مه‌ترسییه‌كانیان ناڕه‌وێنێته‌وه‌.

به‌ر له‌ده‌ستپێكردنی‌ گفتوگۆكانیش، به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ ئیمارات رایگه‌یاند، هه‌ر رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌كان پێویسته‌ چاره‌سه‌ری‌ ته‌واوی‌ ئه‌و مه‌ترسیانه‌ بكات كه‌ سعودیه‌، میسر، ئیمارات و به‌حره‌ین ئاماژه‌یان پێكردووه‌، له‌وانه‌ش تێكدانی‌ سه‌قامگیری‌ ناوچه‌كه‌ له‌لایه‌ن قه‌ته‌ڕه‌وه‌.

مانگی‌ رابردوو، كێشه‌و ئاڵۆزی‌ دیبلۆماسی كه‌وته‌ نێوان قه‌ته‌ر له‌لایه‌ك و وڵاتانی‌ سعودیه‌، میسر، به‌حره‌ین و ئیمارات كاتێك ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌وحه‌یان تۆمه‌تباركرد به‌ "پشتیوانیكردن له‌تیرۆرو هاوپه‌یمانێتی‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا"، ته‌واوی‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ش له‌لایه‌ن به‌رپرسانی‌ قه‌ته‌ڕییه‌وه‌ ره‌تكرانه‌وه‌. هه‌ر چوار وڵاته‌كه‌و قه‌ته‌ڕیش هاوپه‌یمانی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكان.

ریكس تیله‌رسۆن‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا گه‌یشته‌ شاری‌ جه‌دده" له‌سعودیه‌ (كه‌ به‌سه‌ر ده‌ریای‌ سووردا ده‌ڕوانێت) و له‌گه‌ڵ وه‌زیرانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌ر چوار وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ كۆبوه‌وه‌، به‌ئامانجی‌ به‌ره‌وپێشبردنی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌كۆتایی‌ هێنان به‌ دژوارترین ناكۆكی‌ له‌نێوان وڵاتانی‌ كه‌نداو له‌سه‌ره‌تای‌ دروستكردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ هاریكاری‌ وڵاتانی‌ كه‌نداوی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ 1981 دا، له‌و میانه‌شدا " كوه‌یت" كه‌ رۆڵی‌ نێوه‌ندگیری‌ ده‌گێڕێت، نوێنه‌رێكی‌ ره‌وانه‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ كرد.

به‌گوێره‌ی‌ ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ سعودیه‌، تیله‌رسۆن له‌گه‌ڵ شا سه‌لمان-ی‌ پادشای‌ سعودیه‌دا كۆبووه‌ته‌وه‌و هه‌ردوولا تاوتوێی‌ گۆڕانكرییه‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كانیان كردووه‌ به‌تایبه‌ت هه‌وڵه‌كان بۆ بنه‌ڕبردنی‌ "تیرۆر" و كۆمه‌ككردنی‌ دارایی‌.

رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ و دوای‌ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م له‌ واژۆكردنی‌ یاداشتنامه‌یه‌كی‌ له‌یه‌كگه‌یشتن له‌نێوان وه‌زیرانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا و قه‌ته‌ڕ له‌ " ده‌وحه‌" كه‌ ئامانج لێی‌ بنه‌بڕكردنی‌ كۆمه‌ككردنی‌ دارایی‌ " تیرۆر"ه‌، هه‌ر چوار وڵاته‌كه‌ به‌یاننامه‌یه‌كیان ده‌ركرد و تیایدا ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌س نییه‌.

ئه‌و چوار وڵاته‌ كه‌ به‌وته‌ی خۆیان "داوای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر" ده‌كه‌ن، ئاماژه‌یان داوه‌ به‌به‌رده‌وامی رێوشوێنه‌كانی ئێستایان له‌دژی قه‌ته‌ر، تا ئه‌و كاته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ ته‌واوی داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كات، ئه‌وه‌شیان روونكردووه‌ته‌وه‌، به‌وردی چاودێری ده‌سه‌ڵاتدارانی قه‌ته‌ر ده‌كه‌ن تا بزانن تاچه‌ند پابه‌نده‌ به ‌"بنه‌بڕكردنی سه‌رجه‌م جۆره‌كانی پشتیوانیكردن و له‌ خۆگرتنی تیرۆر".

جارێكی‌ تریش چوارلا وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ داوایان له‌قه‌ته‌ڕ كرد  كه‌ داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ بكات كه‌ خۆی‌ له‌ 13 خاڵدا ده‌بینێته‌وه‌ له‌پێناو ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوانیان كه‌ هه‌ندێكیان بریتین له‌ داخستنی‌ كه‌ناڵی‌ ئه‌لجه‌زیره‌و دابه‌زاندنی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌وحه‌ به‌ تاران-ه‌وه‌و داخستنی‌ بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ توركیا له‌و وڵاته‌ ده‌بینێته‌وه‌.

نه‌بوونی‌ متمانه‌

چوار وڵاته‌كه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ڕ هه‌ڵپه‌ساردووه‌، له‌درێژه‌ی‌ به‌یاننامه‌كه‌یاندا ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌ كه‌ "هه‌وڵه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌رزده‌نرخێنین له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌و بنه‌بڕكڕدنی پشتیوانی دارایی تیرۆر، ئه‌و هاوبه‌شییه‌ پته‌وه‌ی له‌ دواهه‌مین لوتكه‌ی عه‌ره‌بی ئیسلامی و ئه‌مه‌ریكا هاته‌ ئاراوه‌، هه‌ڵوێستێكی نێوده‌وڵه‌تی توندی خوڵقاند بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ بێت".

سعودیه‌ و میسر و ئیمارات و به‌حره‌ین ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه‌، ناكرێت متمانه‌ به‌ هیچ پابه‌ندبوونێكی قه‌ته‌ر بكرێت به‌ له‌به‌رچاوگرتنی سیاسه‌ته‌كانی ئێستای ئه‌و وڵاته‌.

ئه‌نوه‌ر قرقاش-ی‌ وه‌زیری‌ ئیمارات بۆ كاروباری‌ ده‌ره‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ره‌گی‌ ئه‌و ناكۆكیانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ " نه‌بوونی‌ متمانه‌" و هه‌ر هه‌وڵێكیش بدرێت ده‌بێت مه‌ترسییه‌كانی‌ ئه‌و چوار وڵاته‌ بڕه‌وێنێته‌وه‌.

قرقاش له‌ تویتێكدا به‌زمانی‌ ئینگلیزی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردووه ‌"پێویسته‌ بە دیبلۆماسییەت چاره‌سه‌ری‌ پشتیوانیكردنی‌ قه‌ته‌ڕ له‌ تیرۆرو توندڕه‌وی‌ و تێكدانی‌ سه‌قامگیری‌ ناوچه‌كه‌ بكات، چاره‌سه‌ری‌ كاتی‌، هه‌وڵێكی‌ ژیرانه‌ نابێت". 

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا هه‌ست به‌نیگه‌رانی‌ ده‌كات و ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ كاریگه‌ری‌ هه‌بێت له‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ و ئۆپراسیۆنه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر كه‌ ئه‌نجامیان ده‌دات، له‌هه‌مان كاتدا قه‌یرانه‌كه‌ ببێته‌ هۆی‌ زیادبوونی‌ هه‌ژموونی‌ هه‌رێمایه‌تی‌ ئێران كه‌ پشتیوانی‌ له‌قه‌ته‌ڕ ده‌كات له‌ڕێی‌ مۆڵه‌ت پێدانی‌ به‌به‌كارهێنانی‌ ئاسمان و ئاوی‌ ئه‌و وڵاته‌.

له‌ئێستادا گه‌وره‌ترین بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌خۆرهه‌لاتی‌ ناوه‌ڕاست له ‌"ده‌وحه‌"یه‌ كه‌ له‌وێوه‌ هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دژ به‌داعش كه‌له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرێت، ده‌رچوونه‌ ئاسمانییه‌كانی‌ خۆی‌ له‌دژی‌ داعش له‌عیراق و سوریا ئه‌نجامده‌دات.

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ هه‌ندێك له‌میدیاكانی‌ وڵاتانی‌ كه‌نداو ره‌خنه‌یان له‌ ریكس تیله‌رسۆن گرتبوو پێش ئه‌نجامدانی‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ بۆ سعودیه‌.

له‌ وتارێكیشدا له‌به‌شی‌ بیروڕای‌ رۆژنامه‌ی‌ شه‌رقولئه‌سه‌تدا هاتووه‌ "ئه‌وه‌ی‌ واده‌كات كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ جه‌دده قورس بێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌و قه‌یرانه‌وه‌، تیله‌رسۆن لایه‌نگری‌ قه‌ته‌ڕی‌ كردووه‌. گومانه‌كانیش زیاتر بوون كاتێك رایگه‌یاند كه‌ داواكارییه‌كانی‌ قه‌ته‌ڕ "ڕه‌وان"، ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی‌ گوێ له‌لایه‌نه‌كه‌ی‌ تر بگرێت، ئه‌وه‌ش بووه‌ جێی‌ سه‌رسوڕمان!"

وه‌زیری‌ ده‌ره‌وەی ئەمەریکا‌ "ده‌توانێـت لایه‌نگری‌ هه‌ڵوێستی‌ قه‌ته‌ر بكات ئه‌گه‌ر بیه‌وێت، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانێت كه‌ به‌و هه‌نگاوه‌ی‌ كێشه‌كه‌ ئاڵۆز ده‌كات كه‌هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ خۆی‌ ئاڵۆزه‌، له‌هه‌مان كاتدا ماوه‌ی‌ قه‌یرانه‌كه‌ درێژ ده‌كاته‌وه‌".


نیشانەکردن :

#قەتەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP