xendan ads

شەھیدبوون لەروخساریدا دەرکەوتبوو
ئیبراھیم فریانەکەوت قسەکانی تەواوبکات

- 7/11/2017 8:54:00 PM 16860 جار خوێندراوەتەوە
شەھید ئیبراھیم


خەندان-

بەره‌بەیانی ٣٠-١-٢٠١٥ داعش ھێرشێکی فراوانی بۆ کەرکوک  دەستپێکرد، ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ پێشگرتن لەو رێکخراوە کەوتنە شەڕێکی سەختەوە، ئیبراھیم لەگەرمەی شەڕدا لەگەڵ دوو ھاوڕێی دیکەی بە ئۆتۆمبێلەکەیانەوە دەکەونە بۆسەیەکی داعش و شەھید دەبن.

شەھید ئیبراھیم رەسوڵ، لەساڵی ١٩٦٦ لەناوچەی مەرگە لەدایکبووە، تا قۆناغی سەرەتایی خوێندووە، لەساڵانی ھەشتادا بووەتە پێشمەرگە، دوا شوێنی پێشمەرگایەتی فەوجی دووی لیوای ١١ی پیادەی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە بووە، لەگووندی مەلا عەبدوڵای خوارووی کەرکوک لەگەڵ دوو ھاوسەنگەری تری شەھیدبوو.

شەھید، باوکی چوار کوڕ بوو کاتێک شەھید بوو،  یەکێک لەکوڕەکانی بەناوی سۆران بەڕووداوی ئۆتۆمبێل پێشتر گیانی لەدەستداوە، ئێستا سێ کوڕی ھەیە بەناوەکانی گۆران و ژیلوان و شڤان. 

نەقیب نەسرەدین ئیسماعیل، ناسراو بە( مەلا شاوری) ماوەی ١٥ساڵ ھاوڕێ و ھاوسەنگەری شەھید ئیبراھیم بووە، ئەو باس لەوەدەکات، بەرەبەیانی ٣٠-١- ٢٠١٥داعش لەخوارووی کەرکوک-ەوە ھێرشێکی فراوانیان بۆسەر ھێزی پێشمەرگە دەستپێکردووە، بەئامانجی داگیرکردنی کەرکوک.

بۆ خەندان باسی ئەو شەڕکەی کرد، کە ئیبراھیم تێیدا شەھید بوو، "شەڕێکی زۆر سەخت بوو، من لەماڵ بووم بەپەلە بەرەو بەرەکانی شەڕ بەڕێکەوتم، ئەوەی روویدابوو لەنێو ئاڵۆزیی شەڕەکەدا شەھید ئیبراھیم و دوو پێشمەرگەی تر بەناوەکانی حەسەن رەسوڵ، و رێباز حەمە رسوڵ، لەنێو ئۆتۆمبێلێکی جۆری بی ئێم دەبلیو دابوون و کەوتبوونە بۆسەی تیرۆریستانەوە، بەداخەوە ھەرسێکیان لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا شەھیدبوون".

" شەھید ئیبراھیم، پێشمەرگەیەکی تا بڵێی ئازابوو، چوست و چالاک بوو، بەدیسپلین بوو، ئەو لەھەشتاکانەوە چەکی پێشمەرگایەتی کردبووە شان، بەداخەوە کە شەھیدبوو و جێیھێشتین، زۆر ھاوڕێی من بوو، شەھیدبوونی ئەو زۆر کاریتێکردم"مەلا شاوری وادەڵێت.

ئیبراھیم، ساڵی ١٩٨٩ ھاوسەرگیری لەگەڵ، پەرژین حاجی حەسەن٤٤ ساڵ، کردبوو، پەرژین، دوایین ساتەکانی بینینی ئیبراھیمی بۆ خەندان، باسکرد، دوایین جار رۆژێک بەر لەشەھیدبوونی شەھید ئیبراھیمی بینیووە" زۆر سەیربوو، لەدەموچاویدا شتێکی نائاسایم دەخوێندەوە، بەکوڕەکانم وت، لەو باوەڕەدام باوکتان شەھید بێت، لەدەموچاویدا شەھیدبوون بەدیدەکەم، منداڵەکان پێیان ناخۆش بوو وتیان چۆن لەخۆتەوە وادەڵێی".

چەند کاتژمێرێک بەر لەشەھیدبوونیشی پەرژین بۆ دواجار بەتەلەفۆن گوێی لەدەنگی ئیبراھیم دەبێت، کاتژمێر ٠٤:٠٠ی ئێوارە قسە لەگەڵ یەک دەکەن، "دیاربوو سەرقاڵ بوو، وتم دەنگوباستان چۆنە، وتی بەخوا شوێنەکەمان مەترسیدارە، بەنیازی ئەوەبووین دواتر قسەی تر بکەینەوە، بەڵام ئەوە دوا گفتوگۆمان بوو".

"بۆئەو شەوە کاتژمێر دوای یەک بوو تەلەفۆنم بۆ کرد کەسێکی تر وەڵامی دایەوە، تەلەفۆنم داخستەوە، دواتر بۆمکردەوە داخرابوو، ئیتر تووشی نیگەرانیی بووم، دڵم ترسا، چونکە ئەو ھەرگیز مۆبایلی دانەدەخست، بەمنداڵەکانم وت کوڕم بەخوا باوکتان شەھیدبووە، چونکە قەت ئەو نەبووە مۆبایل دابخات، ئیتر تا بەیانی ھەر دڵمان لای بوو، ئەوە بوو کە رۆژ بووەوە باوکم تەلەفۆنی بۆکردم و ھەواڵی شەھیدبوونی ئیبراھیمی پێڕاگەیاندم"پەرژین وای وت.

" شەھید کەسێکی نیشتمان پەروەر بوو، لەبواری کۆمەڵایەتیشدا میوان دۆست بوو، سەخی بوو.. بەڵام ھەرگیز حەزی لەوێنەگرتن نەبوو، چەندین جار دەچووین بۆ سەیران بەڵام وێنەی نەدەگرت، بۆیە وێنەی کەمە"، پەرژین وادەڵێت.

ژیلوان-ی ٢٣ ساڵ، کوڕی شەھید ئیبراھیم، دوو مانگ دوای شەھیدبوونی باوکی دەبێتە پێشمەرگە، بۆ خەندان، دەڵێت، دەیەوێت ھەمان ڕێگەی باوکی بگرێتە بەر"وەکو خۆشەویستی و وەفایەک بۆ رێبازەکەی باوکم بڕیارمداوە ببمە پێشمەرگە".

بەوتەی پەرژین، کاتێک ژیلوان ویستوویەتی خۆی ناونوس بکات بە پێشمەرگە، پێیان وتووە، "کوڕەکەت منداڵەو باشتر وایە نەبێتە پێشمەرگە"، بەڵام ئەو ھەر سوور بووە لەسەر ئەوەی ببێتە پێشمەرگە.

" من خۆشم حەزم دەکرد ببمە پێشمەرگە، بەڵام دیارە بۆم نەگونجا"، پەرژین وادەڵێت.

"شەھیدبوونی باوکم خەمێکی قووڵی داینێ، کەلێنکی گەورەی لەژیانماندا درووستکرد بەڵام جێی شانازی ئێمەیە، چونکە لەکاتی بەرگریکردن لەخاکی پیرۆزی کوردستان شەھیدبووە، ئێمەش بەردەوام ئەبین لەسەر رێبازەکەی"، ژیلوان وای وت.  

خێزانی شەھید لەگەڕەکی سەرچناری سلێمانی دەژین، گۆڕی شەھیدیش لەگۆڕستانێکی سنووری قەزای رانیەیە، شەھید چوار براو دوو خوشکی ھەیەو باوک و دایکی لەژیاندا نەماون.


نیشانەکردن :

#پێشمەرگە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP