سەندیکای پارێزەرانی کوردستان تیمێکی پارێزەرانی خۆبەخش بۆ رێبوار تاڵەبانی دابین دەکەن

- 7/2/2017 11:33:00 PM 7196 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك

خەندان-

سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ئامادەیی خۆیان رادەگەیەنن بۆ دابینکردنی تیمێکی پارێزەرانی خۆبەخش بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەوەش دوای ئەوە دێت بڕیارە لەسەر سكاڵایەكی بەرەی توركمانی سبەینێ بچێتە بەردەم دادگای فیدڕاڵی عێراق.

بەرەی توركمانی لەكەركوك سكاڵای لەدژی رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تۆماركردووە، لەسەر بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە شاری کەرکوک كە لەئەنجومەنی پارێزگاوە بڕیاری لەبارەوە درا.

ئەمشەو سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لەو بارەیەوە راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو ئاماژەیان بەوە کردوە "ئێمە لە سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ئامادەییی خۆمان ڕادەگەیەنین و تیمێکی پارێزەرانی خۆبەخش بۆ بەڕێز ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دیاری دەکەین کە بەوپەڕی دڵسۆزییی و لێهاتووییەوە پشتگیری یاسایی لە بەڕێزییان بکەن لەو داوا یاساییەی لە دژیان کراوەتەوە و دەکرێتەوە. چونکە ناوبراو لەسەر بابەتێکی پیرۆز و پەیامێکی گەورە کە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستانە و بە نوێنەرایەتی زۆربەی پێکهاتەکانی کەرکوک و کوردستان ئەو بڕیارە مەزنەی داوە".

رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستان یاسایی و دەستورییەو لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەوە دراوەو هیچ گرفتێكی یاسایی تێدانییە.

هەروەها سەندیکای پارێزەرانی کوردستان دەڵێن "هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، بڕیارێکی یاساییی دروست و پیرۆز بوو، داخوازی لەمێژینەی هەموومان بوو. بۆیە بەرگریکردن لە بەڕێزییان و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە ئەرکی سەرشانی خۆمان دەزانین و دیاریکردنی تیمێکی پارێزەرانی بەتوانا بۆ بەرگریکردن لێی لە دادگای فیدڕاڵی عێراق و هەر دادگا و دامەزراوەیەک، کاری بنچینەییی و پیشەییی سەندیکاکەمانە".

ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك، 28 ئازاری‌ ئه‌مساڵ بڕیاری‌ هه‌ڵكردنی‌ ئاڵای‌ كوردستانی‌ په‌سه‌ند كرد. ناوەڕاستی حوزەیرانی ئەمساڵیش بەرەی توركمانی سكاڵای لەسەر رێبوار تاڵەبانی تۆماركرد بەپاساوی دەركردنی بڕیارەكە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP