هۆزه‌كانی‌ كه‌ركوك داوای‌ هه‌ماهه‌نگی‌ به‌غداو هه‌رێم ده‌كه‌ن بۆ شه‌ڕی‌ حه‌ویجه‌

- 7/2/2017 11:13:00 AM 5342 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ژماره‌یه‌ك له‌سه‌رۆك هۆزه‌كانی‌ كه‌ركوك ئه‌مڕۆ داوای ده‌ستپێكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی‌ حه‌ویجه‌و هه‌مانگی‌ نێوان هه‌رێم و عێراقیان كرد له‌و باره‌یه‌وه‌.

سه‌رۆك هۆزه‌كان له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد، كه‌ركوك شارێكی‌ پارێزراوه‌و كه‌س ناتوانێت هێرشی‌ بكاته‌ سه‌ر.

هه‌روه‌ها داوایان له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق كرد ئۆپه‌راسیۆنی‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی‌ حه‌ویجه‌ ده‌ستپێبكات، به‌جۆرێك هاوشێوه‌ی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ موسڵ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدادا هه‌بێت، ته‌نانه‌ت بۆ دوای‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی‌ قه‌زاكه‌ش.

سه‌رۆك هۆزه‌كان جه‌ختیانكرده‌وه‌، حه‌ویجه‌ ته‌نها مه‌ترسی نییه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك، به‌ڵكو مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر هه‌موو عێراق.

ئه‌وه‌شیان خسته‌ڕوو كه‌ شه‌ش مانگ له‌مه‌وبه‌ر په‌یمانێكیان ئیمزاكردووه‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ داعشدان 
ئه‌وان له‌گه‌ڵیاندا نین.

قه‌زای حه‌ویجه‌‌و چه‌ند ناحیه‌یه‌كی‌ ده‌وروبه‌ری كه‌ له‌سه‌دا 32 ی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك پێكده‌هێنن، له‌مانگی حه‌وتی‌ ساڵی 2014 وه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر ده‌ستی داعش.

تائێستا هیچ واده‌یه‌ك دیارینه‌كراوه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی‌ پڕۆسه‌ی‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی‌ حه‌ویجه‌، له‌كاتێكدا چاوه‌ڕوانده‌كرا پێش ئۆپه‌راسیۆنی‌ موسڵ ده‌ستپێبكات.

له‌چه‌ند مانگی‌ رابردوودا نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری‌ كه‌ركوك رایگه‌یاندبوو، پلانێكی‌ ڕوون له‌ ئارادا نییه‌ بۆ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ حه‌ویجه‌ و نیگه‌رانی‌ ئیداره‌ی‌ شاره‌كه‌شی‌ راگه‌یاند له‌ دواكه‌وتنی‌ پڕۆسه‌ی‌ رزگاركردنی‌ ئه‌و شاره‌ له‌ده‌ست داعش كه‌ به‌ "مه‌ترسی" بۆ سه‌ر كه‌ركوك داده‌نرێت.

نیشانەکردن :

#حه‌ویجه‌ #کەرکوک

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP