xendan ads

ئه‌پڵ به‌نیازه‌ تایبه‌تمه‌ندی نوێ بۆ سه‌لامه‌تی گیانی شۆفێران زیادبكات

- 6/14/2017 6:56:00 PM 3667 جار خوێندراوەتەوە
كاتێ شۆفێره‌كه‌ بیه‌وێت شاشه‌كه‌ كارابكات، بیرخستنه‌وه‌یه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت كه‌پێی ده‌ڵێت نۆتیفیكه‌یشنه‌كان كارناكات

خه‌ندان- دانا ته‌یب مه‌نمی 

كۆمپانیای ئه‌پڵ به‌نیازه‌ له‌ سیستمی كارپێكردنی داهاتووی خۆیدا تایبه‌تمه‌ندییه‌كی‌ نوێ بۆ سه‌لامه‌تی گیانی شۆفێران زیاد بكات به‌وه‌ی چیتر له‌كاتی شۆفێریدا نۆتیفیكه‌یشن نایه‌ت بۆ شۆفێران.

رۆژی دووشه‌ممه‌، 7ی ئه‌م مانگه‌ له‌میانی كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی په‌ره‌پێده‌ران له‌شاری سان جۆنز له‌ ویلایه‌تی كالیفۆڕنیای ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، كۆمپانیای ئه‌پڵی ئه‌مه‌ریكی ڕایگه‌یاند له‌ سیستمی كارپێكردنی داهاتووی خۆیدا ، iOS 11،  تایبه‌تمه‌ندێتییه‌كی نوێ كه‌ پێی ده‌وترێت "بێزارمان مه‌كه‌ له‌كاتی شۆفێریدا" زیادده‌كرێت به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی سه‌رقاڵبوونی شۆفێران به‌ نۆتیفیكه‌یشنه‌كانی‌ ئامێره‌كانی ئایفۆنه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی پۆپیولار ساینس، سه‌رقاڵبوونی شۆفێران به‌ به‌كارهێنانی مۆبایل له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا هۆكارێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ، و به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نیشتیمانی سه‌لامه‌تی رێگا خێراكانی  ئه‌مه‌ریكا، له‌ساڵی 2015  نزیكه‌ی 3500 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 391 هه‌زار كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون له‌ئه‌نجامی سه‌رقاڵبوونی شۆفێران كه‌ به‌كارهێنانی مۆبایلیش ده‌گرێته‌وه‌. 

بژارده‌ی بێزارنه‌كردن واده‌كات شاشه‌ی ئایفۆنه‌كه‌ له‌جیاتی پێشاندانی نۆتیفیكه‌یشنی‌ سه‌رقاڵكه‌ر، ڕه‌ش ده‌بێت و كاتێ شۆفێره‌كه‌ بیه‌وێت شاشه‌كه‌ كارابكات، بیرخستنه‌وه‌یه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت كه‌پێی ده‌ڵێت نۆتیفیكه‌یشنه‌كان كارناكات و ئه‌وانه‌شی تێكست ده‌نێرن، وه‌ڵامێكی ئۆتۆماتیكییان به‌ده‌ست ده‌گات كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ له‌كاتی شۆفێریدایه‌.  



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP