لوئه‌ی خه‌تیب: ڕوسه‌كان هۆكاری زۆر قازانجبه‌خشیان پێدراوه‌ بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ هه‌رێم

- 6/12/2017 8:54:00 PM 4570 جار خوێندراوەتەوە
لوئه‌ی خه‌تیب

خه‌ندان- دانا ته‌یب مه‌نمی 

لوئه‌ی خه‌تیب، مامۆستا له‌ سه‌نته‌ری سیاسه‌تی ووزه‌ی جیهانی سه‌ربه‌ زانكۆی كۆڵۆمبیا، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ خه‌ندان، رایده‌گه‌یه‌نێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ رۆزنه‌فت كه‌مه‌ندكێشی ناوچه‌یه‌كی پڕمه‌ترسی بكات، پێویسته‌ بوو ئۆفه‌ری رێكه‌وتنێكی پڕقازانج پێش كه‌ش بكات. 

هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ده‌كات، له‌ئێستادا به‌غداو وتاران و دیمه‌شق و ئه‌نكه‌ره‌ له‌ پێگه‌یه‌كدا نین بتوانن كێشه‌ بۆ مۆسكۆ دروستبكه‌ن له‌حاڵه‌تی ململانێی بازرگانی كه‌ بتوانن كاریگه‌رییان هه‌بێت له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕوسیا له‌ كوردستان.

خه‌ندان:له‌كاتێكدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌ك كێشه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ كۆمپانیاكاندا، به‌مدواییانه‌ رێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای رۆزنه‌فتی ڕوسی واژۆكردووه‌، پێت وایه‌ حكومه‌تی هه‌رێم  توانای به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی ئه‌وه‌نده‌یه‌ كه‌ بتوانێت به‌ڵێنه‌كانی بۆ رۆزنه‌فت بباته‌سه‌ر، به‌تایبه‌تی هه‌نارده‌كردنی یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی خاو له‌ ڕۆژێكدا  تا كۆتایی ئه‌مساڵ؟

لوئه‌ی خه‌تیب: ئێمه‌ هێشتا له‌نيوه‌ی ساڵی 2017 داین و هه‌ر فراوانكردنێكی ژێرخانی ئابووری پێویستی به‌ كاری مه‌زن هه‌یه‌ كه‌ من پێموانییه‌ هه‌تا كۆتایی ئه‌مساڵ ڕووبدات.  ئاستی هه‌نارده‌كردنی ئێستای نه‌وت نزیكه‌ی 500 هه‌زار به‌رمیله‌ له‌ رۆژێكدا، كه‌ زۆربه‌ی له‌ گروپی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوكی جێناكۆكه‌وه‌ به‌رهه‌مده‌هێنرێت.
 به‌ڕه‌چاوكردنی كه‌مبوونه‌ی كێڵگه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وكه‌مبوونه‌وه‌ی یه‌ده‌گی نه‌وت، به‌ڕای من زۆر سه‌خته‌ ببینین له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا هه‌نارده‌كردن دوو هێنده‌بكرێت به‌بێ پابه‌ندبوون و به‌ڵێنی وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌كی و چه‌ند گره‌نتییه‌ك له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی پابه‌ندبێت به‌ پێدانی شایسته‌ داراییه‌كانی كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی نه‌وت. 

به‌ڵام به‌بێ گومان هاتنی ئه‌م دواییه‌ی كۆمپانیای رۆزنه‌فتی زه‌به‌لاحی روسی بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆئه‌وه‌ی هێشتا زۆرینه‌ متمانه‌ی ماوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش زۆر پێویسته‌ له‌دوای ئه‌وه‌ی قه‌یرانی داعش و كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی ئه‌مه‌ریكا وه‌ك ئیكسۆن مۆبیل و شێڤرۆن قه‌باره‌ی وه‌به‌رهێنانی خۆیان له‌ناوچه‌كانی گرێبه‌سته‌كانی خۆیان بۆ نیوه‌  كه‌مكرده‌وه‌.

به‌ڵام قازانجه‌كان كاتی پێویسته‌  بۆ ده‌ركه‌وتن، قه‌رزی ناوخۆیی و  ده‌ره‌كی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رۆژ له‌دوای رۆژ زیاترده‌بێت و به‌گوێره‌ی هه‌ندێك خه‌مڵاندن ئێستا قه‌رزه‌كانی زیاتره‌ له‌ 25ملیار دۆلار، هاوكات سكاڵا یاساییه‌كان له‌دژی  حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 30 ملیار دۆلار ده‌بێت، كۆی ئه‌مانه‌ش هه‌موو زیاتره‌ له‌ وه‌ی كۆمپانیای ئارامكۆی سعودی خۆزگه‌ ده‌خوازێت ساڵی داهاتوو ئۆفه‌ری گشتی سه‌ره‌تایی خۆی (IPO)  له‌بازاڕه‌كاندا مسۆگه‌ر بكات.

 (IPO) بریتیه‌ له‌ به‌های ئه‌و پشكانه‌ی كۆمپانیایه‌كی تایبه‌ت بۆ یه‌كه‌مجار ده‌یدات به‌ كه‌رتی گشتی یان به‌ كۆمپانیا بچووكه‌كان بۆ بوژاندنه‌وه‌ی بازاڕ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش مووچه‌ی كه‌رتی گشتی هێشتا زۆر دواده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای پابه‌ندبوونه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ پێدانی به‌ سه‌دان ملیۆن دۆلار بۆ مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌.

 بۆیه‌، به‌كورتی سوودی زۆر خێرای هاتنی رۆز نه‌فت بۆ هه‌رێمی كوردستانی عێراق له‌دوای رێكه‌وتنه‌كه‌یان، بریتیه‌ له‌ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی كه‌  كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌جێیان هێشتبوو دوای كشانه‌وه‌یان له‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ بلۆكی نه‌وتی، بۆ پاراستنی موڵك و سامانی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، هه‌روه‌ها بۆ پته‌وتركردنی پێگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ حاڵه‌تی ناكۆكی له‌سه‌ر بازرگانی یان خاك له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌دوای ڕیفراندۆمی چاوه‌ڕوانكراو بۆ سه‌ربه‌خۆیی، هه‌روه‌ها بۆئه‌وه‌ی ببێته‌ پاڵپشتێك بۆ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ حاڵه‌تی هه‌ر ئاسته‌نگێك له‌گه‌ڵ ئه‌نكه‌ره‌ له‌ داهاتوودا سه‌باره‌ت به‌ كۆنتڕۆڵكردنی بۆرییه‌ نه‌وتییه‌كان، دواجاریش، له‌سه‌دا 50ی پشكه‌كانی رۆز نه‌فت هی حكومه‌تی ڕوسیایه‌ و له‌لایه‌ن ئیگۆر سه‌چین،پیاوی ده‌سته‌ڕاستی پوتنه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت. 

خه‌ندان: هه‌ندێك گه‌شبینی هه‌بوو له‌لایه‌ن وه‌زیری نه‌وتی عێراق و وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وته‌وه‌، كه‌ قسه‌ی بۆ خه‌ندان كرد، سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دیالۆگ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌بۆچوونی تۆ كاردانه‌وه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق و وه‌زاره‌تی نه‌وت چی ده‌بێت له‌باره‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ی دوایی نێوان  حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و رۆزنه‌فت ؟چۆن ئه‌م رێككه‌وتنانه‌ ڕێگری دروست ده‌كه‌ن بۆ پابه‌ندبوونی عێراق به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئۆپیكدا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردنی  نه‌وتی خاوی خۆی؟.

لوئه‌ی خه‌تیب: لێكتێگه‌یشتنێكی دۆستانه‌ هه‌یه‌ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا  سه‌باره‌ت به‌ ئاسته‌كانی هه‌نارده‌كردن، و به‌غدا به‌ ته‌واوی ئاگاداری ئه‌و ڕاستییه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم پێویستی به‌زۆرترین داهاتی فرۆشتنی نه‌وت هه‌یه‌ بۆ پێدانه‌وه‌ی قه‌رز و شایسته‌ داراییه‌كان، لێره‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌ده‌ركراوه‌ له‌ پابه‌ندبوونی عێراق به‌ رێككه‌وتنی ئۆپیك بۆ سنورداركردنی به‌رهه‌مهێنان . 


سه‌باره‌ت به‌وه‌ی به‌غدا چۆن له‌هاتنی رۆزنه‌فت بۆهه‌رێمی كوردستانی عێراق ده‌ڕوانێت، هێشتا ده‌بێت چاوه‌ڕوان بكه‌ین، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندین لایه‌ن له‌ناو په‌رله‌ماندا ناڕه‌زایی خۆیان له‌و باره‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌. 

به‌پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌، ڕوسه‌كان پێنج رێككه‌وتنی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا واژۆكردووه‌،  و هانده‌ر و هۆكاری  زۆر قازانجبه‌خشیان پێدراوه‌ له‌چه‌ند رێككه‌وتنێكدا كه‌ هیچ مه‌ترسییه‌كی‌  تێدا نییه‌ بۆ ڕووسه‌كان.
 وادیاره‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئۆفه‌رێكی وایان به‌ ڕووسه‌كان به‌خشیوه‌ كه‌ ئه‌سته‌م بێت ڕه‌تیبكه‌نه‌وه‌ و ئه‌وان ئاماده‌ن به‌رگریی بكه‌ن ئه‌گه‌ر ئاسته‌نگی بۆ دروستكرا.

 خه‌ندان: به‌بۆچوونی تۆ بۆچی كۆمپانیایه‌كی گه‌وره‌ی‌ وه‌كو رۆزنه‌فت له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنان ده‌كات، له‌كاتێدا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان هه‌رێمیان به‌جێهێشتووه‌؟.

لوئه‌ی: ئه‌و كۆمپانیایه‌ نیوه‌ی هی حكومه‌تی ڕوسیایه‌، و وه‌كو زۆربه‌ی كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی نه‌وت، رۆزنه‌فت له‌لایه‌ن روِسیای فیدراڵه‌وه‌ ده‌پارێزرێت و پشتیوانی لێده‌كرێت، و حكومه‌تی ڕوسیا مێژوویه‌كی هه‌یه‌ له‌ پێشێلكردنی عورفه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی.

خه‌ندان: ئه‌م رێككه‌وتنه‌ی  نوێیه‌ی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و رۆز نه‌فت چۆن كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر ڕه‌وشی سیاسی ناوخۆی هه‌رێم، و په‌یوه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا وئێراندا؟.

لوئه‌ی خه‌تیب: به‌تێڕوانینی من، بۆئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ رۆزنه‌فت كه‌مه‌ندكێشی ناوچه‌یه‌كی پڕمه‌ترسی بكات، ئه‌وا پێویست بوو ئۆفه‌ری رێككه‌وتنێكی پڕقازانج كه‌ هیچ مه‌رجێكی مه‌ترسی بۆ  ڕوسیا تێدانه‌بێت پێشكه‌ش بكات، بۆئه‌وه‌ی ڕووسه‌كان والێبكات به‌ توندی بیان به‌ستێته‌وه‌ به‌ ناوچه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ هه‌مووی به‌ وشكانی ده‌وره‌دراوه‌ و كه‌ ته‌نها ده‌توانرێت له‌لایه‌ن زلهێزێكه‌وه‌ كۆنترۆڵبكرێت.

له‌ئێستادا به‌غداو وتاران و دیمه‌شق و ئه‌نكه‌ره‌ له‌پێگه‌یه‌كدا نین بتوانن كێشه‌ بۆ مۆسكۆ دروستبكه‌ن له‌حاڵه‌تی ململانێی بازرگانی  كه‌ بتوانن كاریگه‌رییان هه‌بێت له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕوسیا له‌ كوردستان، به‌ڵام ئه‌مه‌ واده‌كات هه‌ولێر زیاتر له‌ مۆسكۆ سزابدرێت و گله‌یی لێ بكرێت.

خه‌ندان: كاتی واژۆكردنی ئه‌م رێككه‌وتنانه‌ چیمان پێده‌ڵێن؟ ئایا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاتر ده‌یه‌وێت وه‌به‌رهێنان بكات به‌ ده‌ستكه‌وته‌ سیاسییه‌كانی ئه‌م رێككه‌وتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ رۆزنه‌فت-دا له‌كاتێكدا  كاتی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێم دیاریكراوه‌، كه‌وابڕیاره‌ له‌ مانگی ئه‌یلوولدا ئه‌نجامبدرێت،؟ 

لوئه‌ی  خه‌تیب: له‌وكاته‌ی سه‌رۆكایه‌تی مه‌سعود بارزانی له‌ ئابی 2015 دا كۆتایی پێهات، و به‌شێوه‌یه‌كی ناده‌ستووری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ده‌ركرد و چه‌ندین پارت و كه‌سایه‌تی سیاسی گرنگی دوورخسته‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاتر بووه‌ پرۆژه‌یه‌كی كۆنتڕۆڵكراوی پارتی دیموكراتی كوردستان، و ئه‌وله‌وییه‌تی سه‌ره‌كی ئه‌وان بریتیه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی شه‌رعییه‌تێك كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر مشتومڕی ئه‌وه‌ده‌كه‌ن ئه‌و شه‌رعییه‌ته‌ نه‌ماوه‌.

 واژۆكردنی به‌په‌له‌ی چه‌ند رێككه‌وتنێكی گه‌وره‌ بۆ بردنه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌ سیاسییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌پێش ریفراندۆمی چاوه‌ڕوانكراو،  تاكه‌ ڕێگایه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی پارتی دیموكرانی كوردستان بۆ پێشه‌نگی كێبڕكێ ناوخۆی كوردستان له‌پێش هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكه‌وه‌. 

خه‌ندان: به‌ڕای تۆ، دوای واژۆكردنی رێككه‌وتنه‌كان ئیداره‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كاردانه‌وه‌ی چۆن ده‌بێت سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان؟.

لوئه‌ی خه‌تیب: ئیداره‌ی ئێستای ئه‌مه‌ریكا كێشه‌ی ناوخۆی خۆی هه‌یه‌ وه‌كو لێكۆڵینه‌وه‌كان سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵی ڕوسیا له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م  قه‌یرانه‌ ده‌ره‌كییه‌  نوێیه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ-ه‌وه‌ له‌  لوتكه‌ی ریازدا هه‌ڵگیرسێنرا،  كه‌ بووه‌ هۆی دروستبوونی ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستای ئه‌نجومه‌نی ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو.

 ئه‌مه‌ قه‌یرانی نێوان  هاوپه‌یمانێتی به‌سه‌رۆكایه‌تی سعودیه‌یه‌ له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ردا، له‌ داهاتوویه‌كی  پێشبینییكراودا، من پێموانییه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌ستوه‌ربده‌نه‌ هیچ به‌شدارییه‌كی ڕوسیا له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ش به‌ له‌به‌رچاوگرتنی كێشه‌كانی ئێستای سوریا و ئۆپه‌راسیۆنی گشتی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان له‌دژی داعش. 

به‌ڵام پێویسته‌ دووربینانه‌ بڕوانین كاتێ پلان بۆ نه‌وه‌كانی ئاینده‌ داده‌ڕێژین، نابێت كورده‌كان سیاسه‌ت و ئابووری خۆیان  له‌سه‌ر گۆڕانكارییه‌ دینامیكییه‌ كورتخایه‌نه‌كان و رێككه‌وتنی لاواز بنیاتبنێن، چونكه‌ ئه‌مه‌ به‌سه‌ر هه‌موو كورده‌كاندا ده‌شكێته‌وه‌ و له‌ ماوه‌ی درێژخایه‌ندا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان لاوازده‌كات. 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP