زانكۆی سلێمانی؛ هەر خوێندكارێكی بەشە ناوخۆییەكانى كەمپی نوێی زانكۆ 100 هەزار نەدات ئەستۆ پاكی پێنادرێت

- 6/10/2017 9:40:00 PM 6120 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- كۆچەر عەزیز

بەڕێوەبەری بەشەناوخۆییەكانی كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند خوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكان ناتوانن نمرەكانیان وەربگرن ئەگەربڕی ئەو 100 هەزار دینارە نەدەن كە بۆیان دیاریكراوە لەبەرامبەر یەك ساڵی خوێندن. 

لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی خوێندنی 2016-2017  ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیارێكی دەركرد، و ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە هەر خوێندكارێكی  بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆكانی هەرێم،  بڕی 100هەزار دینار بدات، لە بەرامبەر خوێندنی یەك ساڵدا، ئەمەش نارەزایی بەشێك لە خوێندكارانی لێكەوتەوە.
 
نەژاد حسێن  بەڕێوەبەری بەشەناوخۆییەكانی كەمپی نویێ زانكۆی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ خەندان ئاماژەی بەوەكرد لەسەرجەم زانكۆكانی كوردستان ئەوبڕە پارەیە دراوە تەنها زانكۆی سلێمانی نەبێت .

ووتیشی" هەرچەندە  وابڕیار بوو تا پێش 1/6  سەرجەم خوێندكارەكان ئەوبڕە پارەیە بدەن،  بەڵام لە زانكۆی سلێمانی ڕێژەیەكی زۆر لە خوێندكاران تا ئێستاش  ئەو بڕە پارەیان نەداوە"  .
 
بەڕێوەبەری بەشەناوخۆییەكانی كەمپی نویێ زانكۆی سلێمانی  ئەوەی روونكردەوە "كە بۆ هاوكاریكردنی زیاتری  خوێندكاران، ئەوبڕە پارەیان بۆكردوون بە  بە قیستی چوار مانگ بەڵام خوێندكاران هەر ئامادەییان تێدا نەبوو ئەو بڕە پارەیە بدەن ".

 نەژاد حسێن ووتی " هەرخوێندكاریك ئەوبڕە پارەیە  نەدات ئەستۆ پاكی پێنادرێت و بەوهۆیەشەوە ناتوانێت نمرەكانی وەربگرێت  تا ساڵی داهاتوو".

"خوێندكاران تا رێكەوتی  24/ 6 مۆڵەتیان هەیە  بۆ پێدانی ئەوبڕە پارەیە ئەگەر نا ناتوانن نمرەكانیان وەربگرن تا ساڵی داهاتوو". بەڕێوەبەری بەشەناوخۆییەكانی كەمپی نویێ زانكۆی سلێمانی وای ووت.


نیشانەکردن :

#زانکۆ

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP