ڤیدیۆ.. لافاوو رۆچوونی زەوی لە سەریلانكا گیانلەدەستدانی 91 كەسیان لێدەكەوێتەوە

- 5/26/2017 6:14:00 PM 8436 جار خوێندراوەتەوە
بارانبارینی زۆر لەسریلانكا رۆچوونی زەوی بەدوای خۆیدا هێناوە

خەندان-سۆران ئەمین 

بەرپرسانی سەریلانكا ئەمڕۆ هەینی رایانگەیاند بەهۆی لافاوو رۆچوونی زەوی لە چەند ناوچەیەكی باشورو خۆرئاوای ئەو وڵاتە كە دوێنێ روویداوە، لانیكەم 91 كەس گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە 100 كەسی تر بێسەروشوێن بوون، سەدان كەسیش ناچاربوون ماڵەكانیان بەجێبهێڵن.

هاوكات سوپای سەریلانكا رایگەیاند ئۆپراسیۆنێكی دەستپێكردووە بەمەبەستی رزگاركردن و یارمەتیدانی لێقەوماوان، رۆشان سێنەڤیران ووتەبێژی سوپای سەریلانكا رایگەیاند" نزیكەی 400 سەرباز بە هەلیكۆپتەرو كەشتییەوە رەوانەی ناوچە كارەسات بارەكان كراوون بەمەبەستی یارمەتیدانی هەوڵە فریاگوزارییەكان ورزگاركردنی ژیانی هاوڵاتیان".

 

بریانسا جایاكۆدی وتەبێژی پۆلیسی سەریلانكا بە ئاماژەكردن بۆ ئەو ناوچەی كە زۆرترین زیانیان پێگەیشتووە لە كەناری خۆرئاوای ئەو وڵاتە رایگەیاند" پێنج روداوی رۆچوونی زەوی لەچەندین ناوچەی كالوتارا تۆماركراون"، راشیگەیاند "تا ئێستا هەڵمەتە فریاگوزاریەكان بەردەوامن ".

بەرپرسانی كەشناسی سەریلانكا رایانگەیاند باران بارینەكەی رۆژی پێنجشەممە زۆرترین زیانی هەبووە لەدوای ساڵی 2003 ، و پێشبینیانكردووە لەچەند رۆژی ئایندەدا بارانبارینی زیاتر ئەو وڵاتە بگرێتەوە.


نیشانەکردن :

#سەریلانكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP