xendan ads

پارێزگاری سلێمانی ڕونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر پشووی‌ ماته‌مینی‌ ده‌دات

- 5/19/2017 10:54:00 PM 76645 جار خوێندراوەتەوە


خه‌ندان-

عومەر قەڵادزێی، لەبری پارێزگاری سلێمانی، ئاگاداری فەرمانگەو دامودەزگاكانی سنوری پارێزگای سلێمانی‌ ده‌كاته‌وه‌  لە سبه‌ینێوه‌ بۆ ماوەی دوو رۆژ ماتەمینی گشتی رادەگەیەنرێت و ده‌وامی‌ ئاسایش به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا عومه‌ر قه‌ڵادزه‌یی‌ ئه‌وه‌ی‌ خستووه‌ته‌ڕوو"لە سبه‌ینێوه‌، بۆماوەی دوو ڕۆژ ماتەمینی گشتی رادەگەیەنین، بۆ كۆچی دوایی سەركردەو تێكۆشەری دێرینی گەلەكەمان نەوشیروان مستەفا ئەمین، بەڵام هاوكات دەوامی ئاسایی سەرجەم  فەرمانگەكان بەردەوام دەبێت".

ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ به‌بۆنه‌ی‌ كۆچی‌ دوایی‌ نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ 3 رۆژ ماته‌مینی‌ له‌ پارێزگاكه‌ راگه‌یاند.

ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردبوو، سه‌ره‌ڕای‌ هاوخه‌مییان بۆ كۆچی‌ دوایی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ ڕێزگرتن له‌ خه‌بات و ماندووبون و پێویستی‌ بوونی‌ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ 3رۆژ ماته‌مینی‌ له‌ سنوری‌ سلێمانی‌ و ئیداره‌كانی‌ گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین ڕاده‌گه‌یه‌نن.

به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، جگه‌ له‌ فه‌رمانگه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌و خوێندنی‌ باڵا و ته‌ندروستی‌ و ئه‌وفه‌رمانگانه‌ی‌ له‌ حاڵه‌تی‌ تایبه‌تدان ماته‌مینی‌ 3 رۆژ هه‌موو دامه‌زراوه‌كان ده‌گرێته‌وه‌.

بەیانی ئەمڕۆ نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەشاری سلێمانی لەتەمەنی 73 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

شۆرش حاجی‌، وته‌بێژی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ڕایگه‌یاند، سبه‌ینێ‌ له‌سلێمانی‌ پرسه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و دووسبه‌ی‌ له‌هه‌ولێر له‌ مزگه‌وتی‌ سه‌واف پرسه‌ی‌ بۆ داده‌نرێت.

ته‌رمی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا، ئه‌مشه‌و له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ فاروق ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ سلێمانی‌ و سبه‌ینێ‌ له‌ مه‌راسیمێكدا به‌خاك ده‌سپێردرێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP