xendan ads

مه‌حمود سه‌نگاوی‌: نه‌وشیروان مسته‌فا مامۆستاو سەرکردەی‌ شاخ و شاریشمان بوو

- 5/19/2017 9:10:00 PM 22621 جار خوێندراوەتەوە
هه‌ڵۆ پێنجوێنی‌، مه‌حمود سه‌نگاوی‌، نه‌وشیروان مسته‌فا


خه‌ندان-

مه‌حمود سه‌نگاوی‌، ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌، په‌یامێكی‌ هاوخه‌می‌ بۆ كۆچی‌ دوایی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاندووه‌، گەلی کورد ئەمڕۆ سەرکردەیەکی گەورەی لەدەستدا.

سه‌نگاوی‌ ده‌ڵێت،"بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی لەناکاوی سەرکردە و بیرمەند و سیاسەت مەداری گەورەی کورد و ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان کاک نەوشیروان مسته‌فام پێگەیشت، بەم بۆنە خەمناکەوە سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵە سەربەرز و تێکۆشەر و منداڵ و هاوڕێبازەکانی و سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان و گەلی کورد بە گشتی دەکەم".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو"کاک نەوشیروان، شۆڕە سواری هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێ و سەرکردە و ڕێبەرێکی گەورەی هەڵکەوتوو لە بواری پێشمەرگایەتی و سیاسەت و ڕۆشنبیری بوو،  بۆ زۆربەمان مامۆستا و سەرکردە و فێرکەری هەم سەردەمی شاخ و شاریشمان بوو".

هه‌روه‌ها نوسیویه‌تی‌، "کاکە نەوە برا گەورە و سکرتێر و چاوساخی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی ڕابەری چینی هەژار و کرێکاران بوو لە سەردەمێکی حەساس و پڕ جۆش و خرۆشدا،هەر بۆ خۆشی ئەندازیار و نەخشە کێشی زۆرێک لە وێستگە سەخت و دژوارەکانی شۆڕش و ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕینیش بوو".

"لەدوای ڕاپەڕینیش، ڕێبوارێکی نەفەس درێژ  بوو بۆ چەسپاندنی بنەماکانی ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا،  بۆیە لە دەستدانی ئەم سەرکردە مەزنە، ئەم بیرمەندە گەورەیە، ئەم خەبات گێڕ و شۆڕشگێرە ماندونەناسە، جێگای داخ و پەژارەی هەموو تاکێکی نیشتیمان پەروەری ئەم خاکەیەو لە دەستدانی کاکە نەوە کەلێنێکی گەورەیە بۆ پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا و خەسارەتێکی گەورەیە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد"مه‌حمود سه‌نگاوی‌ واده‌ڵێت.

لەکۆتای په‌یامه‌كه‌یدا، هاتووه‌ "هیواخوازم بیروباوەڕی پیرۆزی کاک نەوشیروان هەر بە زیندوویی بمێنێتەوە و هاوڕێبازانی کاک (نەوشیروان)درێژە بە ڕێبازەکەی بدەن کە ڕێبازی چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و ئاشتیە لە هەرێمی کوردستاندا، وەهەروەها هیوادارم پێکەوە  بەرەو  بەدی هێنانی ئاشتی و تەبای و یەکڕیزی بۆ گەلەکەمان هەنگاو بنێین".

بەیانی ئەمڕۆ نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەشاری سلێمانی لەتەمەنی 73 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

شۆرش حاجی‌، وته‌بێژی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ڕایگه‌یاند، سبه‌ینێ‌ له‌سلێمانی‌ پرسه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و دووسبه‌ی‌ له‌هه‌ولێر له‌ مزگه‌وتی‌ سه‌واف پرسه‌ی‌ بۆ داده‌نرێت.

ته‌رمی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا، ئه‌مشه‌و له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ فاروق ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ سلێمانی‌ و سبه‌ینێ‌ له‌ مه‌راسیمێكدا به‌خاك ده‌سپێردرێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP