xendan ads

وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ ئێران: هه‌ڵبژاردن ژماره‌ی‌ پێوانه‌یی‌ به‌شداریكردن تۆمارده‌كات

- 5/19/2017 7:38:00 PM 3627 جار خوێندراوەتەوە


خه‌ندان-سۆران ئه‌مین

وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ ئێران ڕایگه‌یاند، پێشبینی‌ ده‌كات ئاستی‌ به‌شداریكردنی‌ هاوڵاتیان له‌هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ بگاته‌ سه‌رووی‌ سه‌دا 70و ڕێژه‌ی‌ به‌شداری‌ ژماره‌یه‌كی‌ پێوانه‌یی‌ تۆمارده‌كات.

سه‌لمان سامانی‌، له‌لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامه‌نوسان، وتی‌، پێشبیی‌ ده‌كه‌ن، ئاستی‌ به‌شداری‌ هاوڵاتییانی‌ ئێران له‌ 12یه‌مین هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئێران بگاته‌ سه‌رووی‌ سه‌دا 70.

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، هه‌ڵبژادنی‌ ئه‌مساڵ، ژماره‌یه‌كی‌ پێوانه‌یی‌ به‌شداربوونی‌ جه‌ماوه‌ری‌ تۆمارده‌كات، به‌ به‌راوردكردن به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ڕابردووی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئێران.

به‌وته‌ی‌ سامانی‌، زۆری‌ به‌شداری‌ هاوڵاتیان له‌ ده‌نگدانه‌كه‌ لیژنه‌ی‌ چاودێری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ناچاركردووه‌ كارمه‌ندی‌ زیاتر بۆ بنكه‌كانی‌ ده‌نگدان ڕه‌وانه‌ بكه‌ن بۆ خێراكردنی‌ پرۆسه‌كه‌.

وتیشی‌"سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان كراوه‌ ده‌بن تا ئه‌وكاته‌ ده‌نگده‌ر مابێت له‌ به‌رده‌م بنكه‌كانی‌ ده‌نگدان". 

بەیانی ئەمڕۆ هاوڵاتیانی ئێران روویان لەسندوقەكانی دەنگدان كرد بەمەبەستی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەو وڵاتە،و ئەنجومەنی شاروگوندەكانی ئەو وڵاتە.

عەبدولرەزا رەحمانی‌ وەزیری‌ ناوخۆی‌ ئێران  18ی ئەم مانگە ڕایگەیاند، زیاتر لە 56ملیۆن كەس مافی‌ دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنی‌ ئەو وڵاتە، و چاوەڕواندەكرێت ئەنجامی‌ هەڵبژاردن لەخولی‌ یەكەم یەكلاببێتەوەو یەكێك لەكاندیدەكان 50+1ی‌ دەنگەكان بەدەست بهێنن.

رەحمانی‌ ووتیشی،  200 ملیۆن كارتی‌ دەنگدان چاپ كراوەو ناردوویانە بۆهەموو شارەكانی‌ ئێران و كارتەكان لە بانكی‌ ناوەندی‌ ئێران چاپكراون كە 14نیشیانەی‌ سیمبولی‌ تێدایە بۆئەوەی‌ نەتوانرێت كۆپی بكرێت.

ئاماژەی‌ بەوەشكرد، كوالێتی‌ كارتەكە لە پارە دەچێت و  كۆپی‌ ناكرێت و لەهەڵبژاردنەكە 56 ملیۆن و 410 هەزار234 هاوڵاتی‌ ئێرانی‌ مافی‌ دەنگدانیان هەیەو وەزارەتی‌ ناوخۆ 63هەزار و 429 بنكەی‌ دەنگدانی‌ كردووەتەوە  16هەزار سندوقی‌ جوڵاوی‌ داناوە.

بەوتەی‌ رەحمانی ، وەزارەتی‌ ناوخۆ ڕاستەوخۆ ئەنجامی‌ بەرایی‌ هەڵبژاردنەكان ڕادەگەیەنێت، ئەوەشی‌ خستەڕوو" بەپێی‌ راپرسیەكان رێژەی‌ بەشداری‌ لە هەڵبژاردنەكە سەدا 72 دەبێت".

لەهەڵبژاردنی‌ سەرۆكایەتی‌ ئێران، ملیۆنێك كەس چاودێری‌ پرۆسەكە دەكەن350 هەزار ئەندامی‌ هێزی‌ ئەمنی‌ بۆ پاراستنی‌ ئاسایشی‌ هەڵبژاردن لە ئەركدا دەبن و 70 هەزار پشكنەر لە ناوەندەكانی‌ دەنگدان دەبن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP