xendan ads

كونسوڵی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌هه‌رێم: به‌شدارییه‌كانی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ خه‌ڵكی‌ كورد له‌بیرناكرێن

- 5/19/2017 6:20:00 PM 4051 جار خوێندراوەتەوە


خه‌ندان-

كونسوڵی‌ گشتی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، په‌یامێكی‌ هاوخه‌می‌ به‌بۆنی‌ كۆچی‌ دوایی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا بڵاو كرده‌وه‌و ده‌ڵێت، به‌شداریه‌كانی‌ ئه‌و له‌ كوردستانی‌ عێراق و بۆ خه‌ڵكی‌ كورد له‌بیرناكرێن. 

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌"كونسوڵی‌ گشتی‌ (گرۆس) پرسه‌ی‌ گه‌رمی‌ خۆی‌ به‌ كوڕ و كچ و خانه‌واده‌ و هاوڕێیانی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا، كه‌سایه‌تی‌ مێژووناس و بیرمه‌ند و پێشمه‌رگه‌ی‌ كۆن و سه‌ركرده‌ی‌ سیاسی‌ راده‌گه‌یه‌نێت، به‌شداریه‌كانی‌ ئه‌و له‌ كوردستانی‌ عێراق و بۆ خه‌ڵكی‌ كورد له‌بیرناكرێن". 

بەیانی ئەمڕۆ نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەشاری سلێمانی لەتەمەنی 73 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

شۆرش حاجی‌، وته‌بێژی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ڕایگه‌یاند، سبه‌ینێ‌ له‌سلێمانی‌ پرسه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و دووسبه‌ی‌ له‌هه‌ولێر.

له‌وته‌یه‌كیدا بۆ رۆژنامه‌نوسان شۆرش حاجی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، سبه‌ینێ‌ كاتژمێر 10:00 له‌سلێمانی‌ تەرمی نەوشیروان مستەفا بەخاكدەسپێردرێت و پرسه‌كه‌ی‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و دووسبه‌ی‌ له‌ هه‌ولێر له‌ مزگه‌وتی‌ سه‌واف پرسه‌ی‌ بۆ داده‌نرێت.

پێش نیوەرۆی ئەمڕۆش تەرمی نەوشیروان مستەفا بەمەبەستی پشكنین رەوانەی نەخۆشخانەی فاروق كرا له‌سلێمانی‌.

نەوشیروان مستەفا ساڵی 1944 لەگەڕەكی سەرشەقام-ی سلێمانی لەدایكبووە، قۆناغەكانی خوێندنی هەر لەسلێمانی تەواوكردووە، و ساڵی 1967 كۆلێژی زانستە سیاسییەكانی لە زانكۆی بەغدا تەواو كردووە، سەرەتای سەرەتای حەفتاكان چووەتە نەمسا و ماستەری لەیاسای نێودەوڵەتی لە نەمسا خوێندووە.

لەشەستەكانی سەدەی رابردوو، چووەتە ناو سیاسەتەوەو ساڵانی 1963 و 1964 بووەتە ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی قوتابیان، وساڵی 1967 بووەتە ئەندامی لقی سلێمانی- پارتی دیموكراتی كوردستان باڵی مەكتەبی سیاسی.

نەوشیروان مستەفا لەساڵی 1981 ژیانی هاوژینی پێكهێناوە، و خاوەنی دوو كوڕ كچێكە.

نەوشیروان مستەفا یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان،و ماوەیەكسكرتێری كۆمەڵەی رەنجدەران بووە، تا ساڵی 2006 جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە.

نەوشیروان مستەفا  لە ساڵی 2006 وازی لە كاری حیزبی لە نێو یەكێتی هێنا،ودواتر كۆمپانیای وشەی دامەزراند، ساڵی 2009  بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لیستی گۆڕانی دروستكرد. 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP