xendan ads

نه‌وتی خاو بەرزترین نرخی لەماوەی مانگێكدا تۆماركرد

- 5/19/2017 10:26:00 AM 4892 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- دانا ته‌یب مه‌نمی 

نرخی نه‌وتی خاو ئەمڕۆ هەینی بۆ بەرزترین ئاستی لەماوەی نزیكەی مانگێكدا بەرزبووەوە بەهۆی گەشبینی سەبارەت بە هه‌وڵه‌كانی بەرهەمهێنەرە زەبەلاحەكان بۆ درێژكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنامه‌ی سنورداركردنی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت. 

به‌پێی ئاژانسی رۆیته‌رز، تا كاتژمێر06:58 سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ به‌ كاتی هه‌رێمی كوردستان نه‌وتی خاوی برنت 34 سه‌نت بەرزبووەوە و به‌رمیلێكی به‌ 52.85 دۆلار فرۆشراوه‌ كەبەرزترین نرخە لە 21ی نیسانی ڕابردووەوە و بەوەش ئەم هەفتەیە نەوتی برنت بەرێژەی لەسەدا چوار بەرزبووەوە.

هه‌روه‌ها نه‌وتی خاوی مام ناوه‌ندی رۆژئاوای ته‌كساس 38 سه‌نت به‌راورد به‌ دوا نرخی پێشووتری‌ بەرزبووەوە و به‌رمیلێكی به‌ 49.73 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراوه‌، كە بەرزترین نرخە لە 26ی نیسانی ڕابردووە و بەوەش ئەم هەفتەیە نەوتی رۆژئاوای تەكساس بەرێژەی لەسەدا چوار بەرزبووەوە.

بەپێی وتەی چاودێرانی بازاڕ هۆكاری سەرەكی بەرزبونەوەی نرخەكانی نەوتی خاو بریتیە لەوەی ئەوان هەتادێت باوەڕو گەشبینیان زیاتردەبێت كە وڵاتانی رێكخراوی ئۆپیك و ڕوسیا و بەرهەمهێنەرە زەبەلاحەكانی دیكە رێكەوتنی سنورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت بە زیاتر لە 1.8 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا درێژدەكەنەوە هەتا ئازاری 2018. 

رۆژی چوارشەممە ئیداره‌ی زانیاری  ووزه‌ی سه‌ر به‌حكومه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، داتاكانی خۆی بڵاوكرده‌وه‌و  ڕایگه‌یاند له‌و هه‌فته‌یه‌ی له‌ 12ی ئه‌م مانگه‌دا كۆتایی هاتووه‌، ئاستی نه‌وتی عه‌مباركراوی ئه‌مه‌ریكی به‌ بڕی 1.8 ملیۆن به‌رمیل دابه‌زیوه‌ و گه‌یشتووه‌ته‌ 520.8 ملیۆن به‌رمیل. 

رۆژی 15ی ئه‌م مانگه‌  خالید فالح، وه‌زیری وزه‌ی سعودیه‌ له‌گه‌ڵ هاوتا ڕوسییه‌كه‌ی  ئه‌لكسانده‌ر نۆڤاك له‌  به‌یجینی پایته‌ختی چین كۆبونه‌وه‌ و  له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا ڕایانگه‌یاند "هه‌ردوو وه‌زیر رێككه‌وتن هه‌موو شتێكی پێویست ئه‌نجامبدرێت بۆ به‌دیهێنانی ئامانجی خوازراو له‌ سه‌قامگیركردنی بازاڕ و كه‌مكردنه‌وه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوونی نه‌وتی خاو له‌بازاڕه‌كاندا بۆ ئاستی  تێكڕای پێنج ساڵ."

بڕیاره‌ ئه‌ندامانی ئۆپیك له‌ رۆژی 25ی ئه‌م مانگه‌ كۆببنه‌وه‌ بۆ تاوتوێكردنی درێژكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنان و پێشبینی ده‌كرێت رێككه‌وتنه‌كه‌یان بۆكۆتایی ساڵی 2017 درێژبكرێته‌وه‌.

 كۆتایی‌ مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی‌ رابردوو، ئه‌ندامانی رێكخراوی ئۆپیك، گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌مین ڕێككه‌وتنی له‌و شێوه‌یه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ بوو له‌دوای ساڵی 2008ه‌وه‌.

دواتر به‌رهه‌مهێنه‌رانی نه‌وت له‌ رێكخراوی ئۆپیك ‌و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی رێكخراوه‌كه‌ كه‌ 11 وڵاتن، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی 2001ه‌وه‌ رێككه‌وتن به‌هاوبه‌شی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت سنوردار بكه‌ن ئه‌وه‌ش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ و نه‌هێشتنی كه‌ڵه‌كه‌بوونی نه‌وتی خاو.

بۆ راوه‌ستاندنی دابه‌زینی نرخه‌كانی نه‌وتی خاو، ئه‌ندامانی رێكخراوی ئۆپیك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان رێككه‌وتنه‌كه‌ درێژێژبكرێته‌وه‌،  كه‌ ئامانج لێی هاوسه‌نگ كردنی بازاڕی نه‌وته‌ و له‌مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵدا واده‌كه‌ی به‌سه‌رده‌چێت.

به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌، 14 وڵاته‌كه‌ی ئه‌ندامی رێكخراوی ئۆپیك 1.2 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌و به‌وه‌ش كۆی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی رۆژانه‌ی نه‌وتی ئه‌و وڵاتانه‌ كه‌مده‌بێته‌وه‌ بۆ 32.5 ملیۆن به‌رمیل.

رێككه‌وتنه‌كانی وڵاتانی ئۆپیك و ده‌ره‌وه‌ی ئۆپیك، رۆژانه‌ ملیۆنێك و 800 هه‌زار به‌رمیل هه‌نارده‌ی رۆژانه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌، به‌ جۆرێك  ده‌ره‌وه‌ی ئۆپیك 600 هه‌زار به‌رمیل رۆژانه‌ هه‌نارده‌ كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌و وڵاتانی ئۆپیكیش ملیۆنێك و 200 هه‌زار كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP