xendan ads

كۆمپانیای روسنەفت: پابەند دەبین بەرێككەوتنەكانی ئۆپیكەوە

- 5/18/2017 10:36:00 PM 2803 جار خوێندراوەتەوە
لۆگۆی كۆمپانیای روسنەفت

خەندان-
كۆمپانیای روسنەفت كە گەورەترین كۆمپانیای بەرهەمهێنانی نەوتە لە روسیا رایدەگەیەنێت، پابەند دەبێت بە رێككەوتنەكەی لەگەڵ رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت لەبارەی كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانەوە.

ئەیجور سیتچن بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای روسنەفتی سەر بە دەوڵەتی روسیا ئەمڕۆ لە بەرلینەوە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەوان پابەندی رێككەوتنەكەیان دەبن لەگەڵ رێكخراوی ئۆپیك بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەوە.

سیتچن ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوان هەست بە ئارامی دەكەن لەبارەی پێشنیاری درێژكردنەوەی رێككەوتنەكەی ئۆپیك بۆ نۆ مانگی دیكە، بەڵام، "كۆمپانیای روسنەفت ئامادەیە بۆ هەموو سیناریۆكان."

بڕیارە ئەندامانی ئۆپیك لە رۆژی 25ی ئەم مانگە كۆببنەوە بۆ تاوتوێكردنی درێژكردنەوەی رێككەوتنەكە بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و پێشبینی دەكرێت رێككەوتنەكەیان بۆكۆتایی ساڵی 2017 درێژبكرێتەوە.

 كۆتایی‌ مانگی تشرینی دووەمی ساڵی‌ رابردوو، ئەندامانی رێكخراوی ئۆپیك، گەیشتنە رێككەوتن لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەوەش یەكەمین ڕێككەوتنی لەو شێوەیەی ئەو وڵاتانە بوو لەدوای ساڵی 2008ەوە.

دواتر بەرهەمهێنەرانی نەوت لە رێكخراوی ئۆپیك ‌و وڵاتانی دەرەوەی رێكخراوەكە كە 11 وڵاتن، بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2001ەوە رێككەوتن بەهاوبەشی بەرهەمهێنانی نەوت سنوردار بكەن ئەوەش بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی كەڵەكەبوونی نەوتی خاو.

بۆ راوەستاندنی دابەزینی نرخەكانی نەوتی خاو، ئەندامانی رێكخراوی ئۆپیك لەگەڵ ئەوەدان رێككەوتنەكە درێژێژبكرێتەوە،  كە ئامانج لێی هاوسەنگ كردنی بازاڕی نەوتە و لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا وادەكەی بەسەردەچێت.

بەپێی رێككەوتنەكە، 14 وڵاتەكەی ئەندامی رێكخراوی ئۆپیك 1.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە كەم دەكەنەوەو بەوەش كۆی ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی ئەو وڵاتانە كەمدەبێتەوە بۆ 32.5 ملیۆن بەرمیل.

رێككەوتنەكانی وڵاتانی ئۆپیك و دەرەوەی ئۆپیك، رۆژانە ملیۆنێك و 800 هەزار بەرمیل هەناردەی رۆژانە كەمدەكاتەوە، بە جۆرێك  دەرەوەی ئۆپیك 600 هەزار بەرمیل رۆژانە هەناردە كەمدەكەنەوەو وڵاتانی ئۆپیكیش ملیۆنێك و 200 هەزار كەمدەكەنەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP