xendan ads

وته‌بێژی نوێی هاوپه‌یمانان بۆ خه‌ندان: له‌ نیگه‌رانییه‌كانی سه‌ركرده‌كانی كورد و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌نزیك شه‌نگال تێده‌گه‌ین

- 5/18/2017 6:25:00 PM 8905 جار خوێندراوەتەوە
كۆلۆنێل رایان دیلۆن وتەبێژی نوێی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەشەڕی دژ بە داعش

خه‌ندان- دانا ته‌یب مه‌نمی 

كۆلۆنێل رایان دیلۆن وتەبێژی نوێی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەشەڕی دژ بە داعش رایگەیەنێت، ئەوان له‌ نیگه‌رانییه‌كانی سه‌ركرده‌كانی كورد و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌نزیك شه‌نگال تێده‌گه‌ن و دەیانەوێت تەركیی هەموو هێزەكان لەسەر شەڕی دژی داعش بێت.

كۆلۆنێل رایان دیلۆن لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ خەندان ئاماژە بەوەدەكات، مه‌شقیان به‌ 12 هه‌زار پێَشمه‌رگه‌ كردووه‌و به‌ده‌وامده‌بن له‌ ئه‌نجامدانی مه‌شق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە.

خه‌ندان: ئایا هاوپه‌یمان جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌كخستنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ژێر یه‌ك فه‌رمانده‌ییی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا.

كۆلۆنێل رایان دیلۆن: من  قسه‌ له‌وباره‌وه‌ ناكه‌م. من ده‌زانم به‌شێوه‌یه‌كی رۆتینی مه‌شق و ڕاهێنان به‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ین، ئێمه‌ مه‌شقمان به‌ 12 هه‌زار پێَشمه‌رگه‌ كردووه‌،  من ده‌زانم ئێمه‌ به‌ده‌وامده‌بین له‌ ئه‌نجامدانی مه‌شق و ڕاهێنان، پێشمه‌رگه‌ هێزی شه‌ڕكه‌ری زۆر به‌هێزن.

خه‌ندان: له‌باره‌ی گۆڕانكارییه‌كانی شه‌نگاله‌وه‌ چی ده‌ڵێن؟

كۆلۆنێل رایان دیلۆن: ئێمه‌ ئاگادارین له‌وه‌ی له‌وێ چی  ڕووده‌دات و ئێمه‌ پێشوازی ده‌كه‌ین له‌هه‌ر ئۆپه‌راسیۆنێك دژی داعش و شكستپێهێنانی داعش.ئێمه‌ له‌ نیگه‌رانییه‌كانی هه‌ردوو سه‌ركرده‌كانی كورد له‌شه‌نگال و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌نزیك شه‌نگال تێده‌گه‌ین، ئێمه‌ له‌ڕێگای حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ كار له‌گه‌ڵ  هه‌ردولا ده‌كه‌ین. هاوپه‌یمانان ڕاسته‌خۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌كیاندا ناكات و ئه‌گه‌ر شتێك ڕووبدات ئَێمه‌ به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی حكومه‌تی عیراق هیچ شتێك ناكه‌ین. ده‌مه‌وێ بڵێم  ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت هه‌موو هێزه‌كان هه‌وڵه‌كانی خۆیان چڕبكه‌نه‌وه‌ له‌سه‌ر شه‌ڕی دژی داعش.

خه‌ندان: تۆ ووتت ئێمه‌ به‌رده‌وامده‌بن له‌  مه‌شقپێكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، كه‌ به‌به‌شێك له‌  هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق ئه‌ژمارده‌كرێن، پرسیاره‌كه‌ی  من ئه‌وه‌یه‌ ئایا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ پشكی خۆیان ده‌بێت له‌و چه‌كانه‌ی هاوپه‌یمانان ده‌یبه‌خشن به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق له‌نێوانیشیاندا  چه‌كی قورس؟

كۆلۆنێل رایان دیلۆن: من ته‌نها ده‌توانم له‌باره‌ی مه‌شقپێكردنه‌وه‌ قسه‌بكه‌م، من ئه‌زانم هه‌ر هێزێك كه‌ ئێمه‌  چه‌ك وپێداویستی پێده‌ده‌ین واتا مه‌شقیان پێده‌كه‌ین یان چه‌كیان پێده‌ده‌ین، پێویسته‌ له‌چه‌ند پرۆسه‌یه‌كی دیاریكراو تێپه‌ڕببن و هه‌ركاتێك فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌كان له‌و پرۆسانه‌ ده‌رچوون، ئه‌و كاته‌ ئێمه‌ ده‌توانین مه‌شقیان پێبكه‌ین یان پێداویستیان بۆ دابینبكه‌ین و چه‌كیان پێبده‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی چی چه‌كێكیان پێده‌درێت من ئه‌و وه‌ڵامه‌م لانییه‌.

خه‌ندان: له‌باره‌ی ڕه‌وشی ڕه‌ققه‌وه‌ به‌پێشبینی تۆ كه‌ی شاری ڕه‌ققه‌ رزگارده‌كرێت؟

كۆلۆنێل رایان دیلۆن:  له‌ڕاستیدا ئێمه‌ هه‌رگیز نازانین خشته‌ی كاتی رزگاركردنه‌كه‌ كه‌ی ده‌بێت، به‌ڵام ڕه‌وشه‌كه‌ به‌وجۆره‌یه‌ هێزه‌كانی  سوریای دیموكرات پێشڕه‌وی به‌رچاویان كردووه‌ له‌ماوه‌ی مانگی ڕابردوو و هه‌فته‌ی ڕابردوودا  و توانیویانه‌ زیاتر له‌ سێ سه‌د كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌ خاك له‌ژێر ده‌ستی داعش ڕزگاربكه‌ن له‌به‌شی باكوروی شاری  ڕه‌ققه‌، ئه‌وان به‌رده‌وامن له‌ توندتركردنی گه‌مارۆ له‌سه‌ر چه‌كدارانی داعش له‌ناو شاره‌كه‌ و بازنه‌ی گه‌مارۆكه‌ نزیكترده‌بێته‌وه‌. من ده‌توانم ئه‌وه‌ پشتڕاستبكه‌مه‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانی سوریای دیمۆكرات له‌ دووری چوار  كیلۆمه‌تره‌وه‌ن له‌شاری ره‌ققه‌وه‌، ئێمه‌ش وه‌كو هاوپه‌یمانان به‌ پێشكه‌شكردنی ڕاوێژكاری و گورزی ئاسمانی وورد پشتیوانی له‌و هێزانه‌ ده‌كه‌ین.

خه‌ندان: چه‌ند قسه‌یه‌ك هه‌بوو به‌وه‌ی كه‌ دوای رزگاركردنی ڕه‌ققه‌ له‌و شاره‌ ده‌كشێنه‌وه‌، ئایا ئه‌وه‌ ڕاسته‌؟

 
كۆلۆنێل رایان دیلۆن: پێویسته‌ ئه‌وه‌ بریاری لێبدرێت، به‌ڵام هه‌موو شتێك كه‌ ئێمه‌ ئه‌نجاممانداوه‌ و  یان هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانمان له‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات دیمۆگرافیای ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان ناگۆڕن، بۆیه‌ وه‌كو له‌ شاری ته‌بقه‌ بینیمان ئێمه‌ پێمان وایه‌  هێزه‌كانی سوریای دیمۆكرات كاتی ڕه‌ققه‌ رزگارده‌وكه‌ن  به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌كه‌ به‌جێده‌هێڵن بۆ ئه‌ندامانی خێڵ و سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی  ئه‌وانه‌  خۆیان نوێنه‌ری خۆیان بن.

خه‌ندان: وه‌فدێكی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بۆ واشنتۆن، سه‌ردانی هێزه‌كانی سوریای دیمۆكراتیان كرد، ئایا ئه‌ركی وه‌فده‌كه‌ چییه‌؟

 كۆلۆنێل رایان دیلۆن: من ده‌زانم برێت مه‌كگۆرك، نوێنه‌ری  تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ شه‌ڕی دژی داعش سه‌ردانی ناوچه‌كه‌ی كردووه‌ و ئه‌وه‌ شتێكی نائاساییه‌ نییه‌ و ئه‌و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام سه‌ردانی ناوچه‌كه‌ و چونكه‌ ئه‌و كار بۆ هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام سه‌ردانی باكووری سوریا و عێراق و وڵاتانی هاوپه‌یمان كه‌هێز و چه‌ك دابین ده‌كه‌ن ده‌كات  بۆ شكستپێهێنانی داعش و من وورده‌كاریم لانییه‌ به‌ڵام ده‌زانم ئه‌و له‌سه‌ره‌تای ئه‌و هه‌فته‌یه‌شدا سه‌ردانی عێراقی كرد.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP