xendan ads

نەتەوەیەكگرتووەكان: پێدەچێت نزیكەی 200 هەزار كەسی تر موسڵ جێبهێڵن

- 5/18/2017 4:27:00 PM 2602 جار خوێندراوەتەوە
لیز گراندی رێكخەری نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی لەعێراق

خەندان- ئاسۆ شەیدا

نەتەوەیەكگرتووەكان ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، پێدەچێت نزیكەی 200 هەزار لەدانیشتووانی موسڵ، ئەو شارە جێبهێڵن لەگەڵ نزیكبوونەوەی هێزە عێراقییەكان لەدوا مۆڵگەی چەكدارانی داعش.

ئەوەش لەكاتێكدا دێت كە پێشتر دەسەڵاتدارانی عیراق رایانگەیاندبوو، دوای كردنەوەی بەرەیەكی نوێی لەخۆرئاوای موسڵ لەدژی چەكدارانی داعش، ئاژانسەكانی هاوكاریكردن فشارێكی زۆریان لەسەر دروستبووە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی ئاوارەكانی ئەو شارە.

هێزە عێراقییەكان بەهاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش، سەركەوتووبوون لە وەدەرنانی چەكدارانی داعش لەزۆربەی گەڕەكەكانی شاری موسڵ، بەوتەی وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی سوپای عێراق، لەئێستادا ئەو چەكدارانە تەنها 12 كیلۆمەتر چوارگۆشەی لەناو شاری موسڵدا بەدەستەوە ماوە كە خۆی لەگەڕەكی " شاری كۆن"دا دەبینێتەوە.

لیز گراندی رێكخەری نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی لەعێراق لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕوپێكدادانەكان و نزیكبوونەوەی هێزە عیراقییەكان لەناوچەی  موسڵی كۆن، پێشبینی دەكەن نزیكەی 200 هەزار كەسی تر ئەو شارە جێبهێڵن، ئەو ژمارەیەشی بە "جێگەی نیگەرانی" وەسفكرد.

پێشتر وتەبێژی‌ ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی‌ سەر بە سوپای‌ عێراق رایگەیاندبوو، لەسەرەتای‌ دەستپێكردنی‌ ئۆپەراسیۆنی‌ كۆنترۆڵكردنەوەی‌ موسڵ تائێستا 650 هەزار كەس ئاوارە بوون، ئاماژەی بەوەشكرد هەر لەسەرەتای ئەو ئۆپەراسیۆنەوە  16467 چەكداری داعش كوژراون.

موسڵ لە ساڵی 2014 دا لەلایەن چەكدارانی داعش-ەوە كۆنتڕۆڵكراو، لەئێستادا ئەو شارە دواهەمین پێگەی ستراتیژی ئەو چەكدارانەیە لەعێراقدا.

رۆژی‌ 17ی‌ تشرینی دووەمی‌ 2016 هێزەكانی‌ پێشمەرگە و سوپای‌ عێراق و بەپشتیوانی هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش بەڕابەرایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا قۆناغی‌ یەكەمی‌ ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ-یان دەستپێكرد.

دوای تێپەڕبوونی 100 رۆژ بەسەر دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەدا، تەواوی خۆرهەڵاتی موسڵ لەچەكدارانی داعش پاككرایەوە.

19ی شوباتی ئەمساڵیش، قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ دەستیپێكرد، هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی و یەكەكانی بژاردەی وەزارەتی ناوخۆ بەرەوپێشچوونی بەرچاویان لەبەشی‌ راستی‌ موسڵ بەدەستهێناوە.

بەگوێرەی ئامارەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان، لەئۆپەراسیۆنی موسڵدا هەشت هەزار، هاوڵاتی مەدەنی كوژراون و برینداربوون، ئەو ژمارەیەش تەنها ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە رەوانەی نەخۆشخانەكان كراون.

هەرچەندە عێراق تائێستا هیچ ئامارێكی شەڕی موسڵ-ی بڵاونەكردووەتەوە، بەڵام مانگی ئاداری ئەمساڵ، ژەنەڕاڵێكی ئەمەریكی رایگەیاند تا ئەوكات 774 سەربازی عیراقی كوژراون وچوار هەزار و 600ی تریش برینداربوون.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP