xendan ads

عه‌بادی‌ "نامه‌یه‌كی‌ زاره‌كی‌" بۆ ئه‌سه‌د ده‌نێرێت

- 5/18/2017 4:06:00 PM 1914 جار خوێندراوەتەوە
نامه‌كه‌ی‌ عه‌بادی‌ ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن فالح فه‌یاز راوێژكاری‌ ئاسایشی‌ نیشتیمانی‌ عێراق و نوێنه‌ری‌ عه‌بادییه‌وه‌ راده‌ستی‌ ئه‌سه‌د كراوه‌

خه‌ندان-

به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی‌ سوریا ئه‌مڕۆ "نامه‌یه‌كی‌ زاره‌كی‌" له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراقه‌وه‌ به‌ده‌ستگه‌یشت، كه‌ تێیدا جه‌ختی‌ له‌ گرنگی‌ به‌رده‌وامی‌ هاریكاری‌ هه‌ردوو وڵات كردووه‌ته‌وه‌ له‌شه‌ڕی‌ دژ به‌ گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان".

به‌پێی ئاژانسی‌ سانای‌ فه‌رمی‌ سوریا، نامه‌كه‌ی‌ عه‌بادی‌ ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن فالح فه‌یاز راوێژكاری‌ ئاسایشی‌ نیشتیمانی‌ عێراق و نوێنه‌ری‌ عه‌بادییه‌وه‌ راده‌ستی‌ ئه‌سه‌د كراوه‌.

به‌پێی ئاژانسه‌كه‌، له‌نامه‌كه‌دا كه‌ به‌شێوه‌ی‌ زاره‌كی‌ فه‌یاز به‌ئه‌سه‌دی‌ گه‌یاندووه‌، عه‌بادی‌ جه‌ختی‌ له‌ گرنگی‌ به‌رده‌وامی‌ باشكردنی‌ هاریكاری‌ نێوان سوریاو عێراق كردووه‌ته‌وه‌ له‌شه‌ڕی‌ دژ به‌ "گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان" به‌تایبه‌تی‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌هه‌وڵه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ داعش له‌سه‌ر سنوری‌ نێوان هه‌ردوو وڵات.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی هه‌نگاوه‌ كردارییه‌كان كراوه‌ بۆ هه‌ماهه‌نگی‌ سه‌ربازی‌ له‌نێوان سوپای‌ عێراق و سوریا له‌سه‌ر سنور، به‌پێی ئاژانسی‌ سانا.

لای‌ خۆشیه‌وه‌، به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی‌ سوریا رایگه‌یاندووه‌، هه‌ر ده‌سكه‌وتێكی‌ عێراق و سوریا له‌دژی‌ "تیرۆر" هه‌نگاوێكی‌ گرنگه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ئاسایش و سه‌قامگیری بۆ هه‌ردوو وڵات.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌، سوپای‌ سوریاو گروپه‌ چه‌كدارییه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی‌، ماوه‌یه‌كه‌ هێزه‌كانیان بۆ ناوچه‌یه‌كی‌ بیابانی‌ نزیك سنوری‌ عێراق و ئوردن گواستووه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و هێزانه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ پشتیوانی‌ ده‌كرێن كۆنتڕۆڵی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌یان كردووه‌ له‌دوای‌ كشانه‌وه‌ی‌ چه‌كدارانی‌ داعش له‌م دواییه‌دا. 

به‌وته‌ی‌ چه‌كدارانی‌ ئۆپۆزسیۆن، ئامانجی‌ كۆتایی پێشڕه‌وییه‌كانی‌ سوپای‌ سوریا له‌سه‌ر سنور پێكه‌وه‌به‌ستنی‌ هێزه‌كانییه‌تی‌ به‌ گروپه‌ چه‌كدارییه‌ شیعییه‌ عێراقییه‌كان له‌سه‌ر سنور.


نیشانەکردن :

#سوریا #عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP