xendan ads

سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێم: به‌بێ تۆماری‌ بایۆمه‌تری‌ هه‌ڵبژاردن موجازه‌فه‌یه‌و له‌مه‌ترسیدا ده‌بێت

- 5/17/2017 8:18:00 PM 7140 جار خوێندراوەتەوە
مازن عەبدولقادر

خه‌ندان-دانا ته‌یب مه‌نمی‌

مازن عەبدولقادر سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، به‌ڕێوه‌چوونی‌ هه‌ڵبژاردن به‌بێ پشتبه‌ستن به‌ تۆماری‌ بایۆمه‌تری‌ ده‌نگده‌ران "موجازه‌فه‌یه‌و له‌ مه‌ترسیدا ده‌بێت".

مازن عەبدولقادر له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ خه‌ندان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان 44%ی دەنگدەرانی كوردستان له‌ سیسته‌مه‌كه‌ تۆماركراون، تۆمارکردنی دەنگدانی گشتیش بەردەوامەو تۆماری تایبەتیش وەزارەتی ناوخۆ زیاتر لەسەدا 95 ی تۆماركراون و وەزارەتی پێشمەرگە تائاستێكی باش رۆشتووەو تۆمارەكە بەردەوامە.

ئەو وتانەی مازن عەبدولقادر لەكاتێكدایە پێشتر شیروان زرار وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەكانی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكی خەنداندا رایگەیاندبوو، تائێستا هاوڵاتیانی هەرێم بەڕێژەیەكی كەم بەشدارییان لە بایۆمەتریدا كردووەو ڕێژەكە كەمەو پشتی‌ پێنابەسترێت بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوو.

خه‌ندان: پڕۆسه‌ی تۆماری بایۆمه‌تری له‌چی ئاستێكداو هاوڵاتیان تا چ رێژه‌یه‌ك به‌شداریان كردووه‌؟

مازن عه‌بدولقادر: له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌دا 44 ی ده‌نگده‌رانی كوردستان تۆماركراون وه‌كو ده‌نگدانی گشتی تۆمار به‌رده‌وامه‌ وه‌كو تۆماری تایبه‌تیش وه‌زاره‌تی ناوخۆ زیاتر له‌سه‌دا 95 ی تۆماركراون و له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ تائاستێكی باش تۆماره‌كه‌ به‌رده‌وامه‌، كۆی گشتی هه‌موو ده‌نگده‌رانی تایبه‌ت و گشتی له‌سه‌دا 43  تۆماركراون.

له‌ هه‌رسێ پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك 67 بنكه‌ی تۆماری بایۆمه‌تری هه‌یه‌ كه‌ كراوه‌ن له‌رووی ده‌نگده‌ران بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان تۆماربكه‌ن، كه‌ 23 بنكه‌ له‌دهۆك و 24 بنكه‌ له‌ هه‌ولێر و 20 بنكه‌ له‌ سلێمانی، له‌ هه‌ر بنكه‌یه‌ك رۆژانه‌ تیمی گه‌ڕۆك سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كان ده‌كات و له‌ئێستادا زیاتر له‌ ملیۆنێك و 250 هه‌زار ده‌نگده‌ر له‌كۆی نزیكه‌ی سێ ملیۆن ده‌نگده‌ر خۆیان تۆماركردووه‌.

خه‌ندان: له‌ سلێمانی له‌سه‌دا چه‌ندی هاوڵاتیان خۆیان تۆماركردوه‌؟

 مازن عه‌بدولقادر: له‌ هه‌رسێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێم رێژه‌ی له‌سه‌دا 44 تۆماركراوه‌، له‌ شاری سلێمانی له‌سه‌دا 34 ده‌نگده‌ران خۆیان تۆماركردووه‌.

خه‌ندان: پێشتر وته‌بێژی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنی كوردستان به‌خه‌ندانی راگه‌یاندبوو پشت به‌ تۆماری‌ بایۆمه‌تر نابه‌ستن ئه‌وه‌ گرفت دروستناكات؟

مازن عه‌بدولقادر: ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵبژادن جیاوازه‌و ئه‌وان باس له‌هه‌ڵبژادنه‌ هه‌رێمایه‌تیه‌كان ده‌كه‌ن كه‌له‌هه‌رێم ده‌كرێت، به‌ڵام هه‌ر ده‌بێت كار به‌یه‌كێك له‌و تۆمارانه‌ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت دووباره‌كردنه‌وه‌ی ده‌نگده‌ر نه‌هێڵدرێت و پێویسته‌ ده‌كات تۆكارێكت له‌به‌رده‌ستدا بێت ئه‌لكترۆنی بێت یان كاغه‌ز، بۆیه‌ به‌بێ تۆماری بایۆمه‌تری‌ ده‌نگدان ناكرێت و ده‌نگدان له‌مه‌ترسیدا ده‌بێت و موجازه‌فه‌یه‌، بۆیه‌ بوونی تۆمارێك گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانیت كێ ده‌نگده‌ره‌و كێ ده‌نگده‌ر نییه‌و رێگه‌ به‌ده‌نگی دووباره‌ نه‌درێت.

خه‌ندان: به‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق و په‌رله‌مانی عێراق كه‌ی ئه‌نجامده‌درێت؟

مازن عه‌بدولقادر: هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی به‌نیازن له‌ 16ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵدا ئه‌نجامبدرێت تائێستا ئاماده‌كارییه‌كان به‌وشێوه‌یه‌ كراوه‌، په‌رله‌مانی عێراقیش پێویسته‌ له‌ساڵی 2018 ئه‌نجامبدرێت.

خه‌ندان: ئه‌گه‌ر راپرسی له‌سه‌ر ریفراندۆم ئه‌نجامبدرێت، چاودێری ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ ناكه‌ن؟

مازن عه‌بدولقادر: ئێمه‌ موزه‌كه‌ره‌كه‌یه‌كی لێكتێگه‌یشتنمان له‌گه‌ڵ كۆمیسیۆنی هه‌رێمی كوردستانمان واژۆكردووه‌، به‌پێ ئه‌و رێككه‌وتنامه‌یه‌ هه‌ردوولا هاوكاری یه‌كتر ده‌كه‌ین و لیژنه‌ی هاوبه‌شمان هه‌یه‌و سود له‌كاری یه‌كتر وه‌رده‌گرین، بۆیه‌ تاڕاده‌یه‌ك له‌كۆمه‌ڵێك مه‌هامدا پشتیوانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ بكه‌ین كه‌ له‌كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

خه‌ندان: له‌رووی یاساییه‌وه‌ كۆمیسیۆنی هه‌رێم ده‌توانێت سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات؟

مازن عه‌بدولقادر: كۆمیسیۆنی هه‌رێم له‌رووی یاساییه‌وه‌ موئه‌سه‌سه‌یه‌كی دروسته‌و ئه‌گه‌ر بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی ستاف و ئامێری كامل بێت له‌رووی یاساییه‌وه‌ ده‌توانن سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی خۆیان بكه‌ن و كێشه‌یان نابێت له‌رووی یاساییه‌وه‌، هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌رێمیه‌كان وه‌كو ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و په‌رله‌مانی كوردستان پێویسته‌ ئه‌وان بیكه‌ن و هه‌ڵبژاردنه‌ ئیتیحادیه‌كان كه‌خه‌ڵكی عێراق ده‌نگی بۆ ده‌ده‌ن له‌سه‌ر ئێمه‌یه‌ به‌ڵام بڕیاری هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه‌ له‌و بواره‌دا.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP