xendan ads

کێ براوەی هەڵبژاردنەکانی ئێران دەبێت؟

- 5/17/2017 2:53:00 PM 2016 جار خوێندراوەتەوە
دوانزەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران ڕۆژی هه‌ینی‌ ئەنجام دەدرێت

خه‌ندان-محەمەد بەختیار

دوانزەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران ڕۆژی هه‌ینی‌ لە سەرانسەری وڵاتی ئێران و دەرەوەی وڵات ئەنجام دەدرێت.

حەسەنی ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران کە چوار ساڵ سەرۆک کۆمار بووە و ئیستا وەکو نوێنەری بەرەی ریفۆرمخوازی ئیران دووباره خۆی کاندید کردووە ، دەبێت شکست بە کەسێک بێنێت کە بە ئاشکرا لە لایەن سوپای پاسداران و دەزگا ئەمنیەکانی ئەو وڵاتە و باڵی موحافیزەکارەوە پشتگیری دەکرێت.

ئیبراهیمی رەئیسی لە تەمەنی ١٩ ساڵیەوە لە بەرزترین پلەی دەسەڵاتی دادوەری ئێران کاری کردووە و دواین پلەشی خزمەتکاری حەرەمی ئیمام رەزا بووە کە بە گەورەترین ناوەندی ئاینی و ئابوری ئێران دەناسرێت.

زۆرێک لە چاودێران و ڕۆژنامەنووسان پێیان وایە عەلی خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرپرسی یەکەمی ئەو وڵاتە پشتگیری رەئیسی دەکات و پێی باشە ناوبراو ببێتە سەرۆک کۆمار ، بەڵام ئەم بۆچوونە بەتەواوی هەڵەیە، چونکە ئەوەی خامنەیی پێویستی پێیەتی بەشداری زۆرینەی خەڵکی ئێرانە لە هەڵبژاردنەکاندا تا لەم ڕێگەیەوە شەرعیەتی نیزامی ئیسلامی ئێران بە نەیارانی ناوخۆیی و وڵاتانی دەرەوە بسەلمێنێت.

خامنەیی باش دەزانێت سەرۆک کۆمار لە ئێراندا کەمترین دەسەڵاتی هەیە و هەر کەس سەرۆک کۆمار بێت ناتوانێ بۆ ساتێکیش پێچەوانەی هێڵە گشتیەکانی نیزامی ئێران بێت  بۆیە لە هەموو وتارەکانی پێش هەڵبژاردندا تەنها جه‌خت لەسەر بەشداری خەڵک دەکاتەوە و خۆی لە لایەنگری هیچ کام لە کاندیدەکان دەپارێزێت.

ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە وتارەکانیدا بەردەوام جه‌خت لە سەر ئابوری ئێران و باشترکردنی بژێوی خەڵک دەکاتەوە، چونکە دەزانێت باش بوونی ئاستی بژێوی گەلەکەی زامنی بەردەوامی نیزامی ئیسلامی ئێرانە هەر بۆیە هاتنی رەئیسی و شکستی ڕۆحانی نەک یارمەتی بەهێز بوون و بوژانەوەی ئابوری ئێران نادات بەڵکو ئەگەری گەڕانەوەی سزا ئابورییەکان و پچڕانی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان بەهێزتر دەکات.

هەر بۆیە ئابورییەکی بەهێز و گەشە کردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشەی کەرتی نەوت و غازی ئەو وڵاتە پێویستی بە حەسەنی ڕۆحانیە کە تا ئەندازەیەک لە لایەن وڵاتانی ئەوروپی و جیهانەوە بە کەسێکی کراوە ناسراوە.

هەرچەندە بەپێی ڕاپرسیەکان تا ئیستا حەسەنی ڕۆحانی بە ڕێژەیەکی بەرچاوو لە پێش ئیبراهیمی رەئیسی  ڕکابەریەتی بەڵام بەو پێیەی زیاتر لە سەدا ٣٠ دانیشتوانی ئێران گوند نشینن و لە ڕاپرسیەکاندا بەشداریان پێ نەکراوە ناکرێت پشت بە داتای ناوەندە ئەکادمیەکان ببه‌سترێت.

نەتوانین بە پشت بەستن بە ئامار و ڕاپرسیەکان لە ئێران کاتێک زیاتر دەبێت کە بزانین زۆرینەی گوند نشینەکانی ئێران بە پێی نەریت لایەنگری باڵی موحافیزەکاری ئێرانن.

ئەنجامی هەڵبژاردنی رۆژی هه‌ینی‌ ئێران هەرچی بێت، براوەی یەکەمی عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەبێت چونکە وەکو هەموو خولەکانی تری هەڵبژاردن ، خامنەیی رێژەی بەرزی بەشداری کردنی خەڵک لە لای نەیارە ناوخۆیی و وڵاتانی دەرەوە وەکو بەڵگەی شەرعیەتی نیزامی ئێران بەکار دەهێنێت.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP