xendan ads

هۆشیار دڵی‌ خه‌به‌ری‌ دابوو شه‌هید ده‌بێت
له‌خه‌می‌ هاوڕێ شه‌هیده‌كانی‌ به‌هار نه‌چوو بۆسه‌یران

- 5/16/2017 7:38:00 PM 14135 جار خوێندراوەتەوە
شه‌هید هۆشیار عه‌زیز ره‌سوڵ

خه‌ندان-

هۆشیار، بڕیاریدابوو به‌هاری‌ 2015 نه‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ سه‌یران، به‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ وتبوو، "ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی‌ زۆر شه‌هیدبووه‌، خه‌ڵك هه‌مووی‌ غه‌مباره‌، ئه‌م به‌هاره‌ ناچینه‌ ده‌ره‌وه‌،" به‌ڵام خۆشی‌ ئه‌و به‌هاره‌ی‌ ته‌واونه‌كردوو شه‌هیدبوو.

هۆشیار، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ زانیبێتی‌ شه‌هید ده‌بێت، ماوه‌یه‌ك پێش مه‌رگی‌ به‌ته‌واوی‌ غه‌م و بێتاقه‌تی‌ دایگرتبوو، لای‌ هاوڕێكانی‌ باسی‌ له‌وه‌كردبوو هیچ دڵی‌ به‌ژیان خۆش نییه‌، به‌ره‌به‌یانی‌ 18-4-2015 كاتێك پێشمه‌رگه‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی‌ گوندێك هێرش ده‌كات له‌ داقوق، بۆ ئێواره‌كه‌ی‌ بۆمبێك هۆشیار به‌  كۆچی‌ هه‌میشه‌یی‌ ده‌سپێرێت.

شه‌هید هۆشیار عه‌زیز ره‌سوڵ، ناسراو به‌ "عوسمان" ته‌مه‌نی‌ ته‌نها 29به‌هاربوو، كاتێك گیانی‌ به‌خشی‌، له‌شارۆچكه‌ی‌ ته‌كیه‌ی‌ كاكه‌مه‌ند له‌دایكبووه‌، له‌ چه‌مچه‌ماڵ، له‌ساڵی‌ 2004 بووه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌، دوا شوێنی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ فه‌وجی‌ 3ی‌ لیوای‌ 116 بووه‌، له‌نزیك گووندی‌ بان شاخ-ی‌ سه‌ر به‌قه‌زای‌ داقوق شه‌هیدبوو.

 هۆشیار ساڵی‌ 2006 هاوسه‌رگیری‌ له‌گه‌ڵ چنار عه‌بدوڵا، ته‌مه‌نی‌ 32ساڵ كردووه‌، دوو كوڕیان هه‌یه‌ به‌ناوه‌كانی‌، محه‌ممه‌د 10ساڵ ، هه‌ستیار 7ساڵ.

شه‌هید هۆشیار عه‌زیز ره‌سوڵ

شه‌هید رۆژێك به‌ر له‌شه‌هیدبوونی‌، به‌ره‌و سه‌نگه‌ره‌كان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌پشوودا بوو به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌، پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌كاری‌ كردبوو بۆ  هێرش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕ.

چنار، بۆ خه‌ندان باسی‌ له‌وه‌كرد، رۆژی‌ شه‌هیدبوونی‌ تا كاتژمێر ده‌وروبه‌ری‌ 01:00ی‌  پاشنیوه‌ڕۆ هه‌ر قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵی‌ كردووه‌، "پێی‌ ده‌وتم كه‌ وه‌زعیان باشه‌‌و هیچ له‌ئارادانییه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نزیكه‌ی‌ سه‌عات 03:00ی‌ پاشنیوه‌ڕۆ بۆمكرده‌وه‌ مۆبایله‌كه‌ی‌ داخرابوو".

ئێواره‌ی‌ ئه‌و رۆژه‌ی‌ هۆشیار، شه‌هید ده‌بێت هه‌واڵ ده‌درێت به‌ چنار كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ برینداربوو،"عه‌سر بوو ماڵی‌ دایكم هه‌واڵی‌ برینداربوونی‌ هۆشیاریان دامێ‌، ئیتر من دنیام له‌به‌رچاو ره‌ش بوو، ترسی‌ ئه‌وه‌م هه‌بوو شه‌هیدبووبێت، به‌ڵام دڵنیایان كردمه‌وه‌ كه‌ ته‌نها برینداره‌".

چنار وتی‌ "ئه‌و كات ماڵمان له‌ حاجیاوا بوو، زۆر دوور نه‌بووین له‌ماڵی‌ خه‌زورم پاش گه‌یشتنی‌ ماڵی‌ دایكم ژماره‌یه‌كی‌ تر له‌خزمان هاتن بۆ ماڵمان كه‌س راستی‌ پێنه‌ده‌گوتم، زۆر ته‌له‌فۆنم كرد بۆ كه‌سوكارو خزمان هه‌مویان ده‌یانگوت برینداره‌، دوای‌ نانی‌ ئێواره‌بوو كاتێك وتیان هۆشیاریان به‌برینداری‌ هێناوه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵی‌ باوكی‌ ئێمه‌ش چووین بۆ ئه‌وێ‌، ئیتر به‌داخه‌وه‌ بۆم ده‌ركه‌وت شه‌هیدبووه‌".

"نه‌ورۆزی‌ ساڵی‌ 2015 بوو، شه‌هید وتی‌ ده‌رناچینه‌ده‌ره‌وه‌ خه‌ڵكی‌ هه‌مووی‌ خه‌مباره‌‌و پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ زۆر شه‌هیدبووه‌، ئه‌و ده‌ورووبه‌ری‌ چل رۆژ به‌ر له‌شه‌هیدبوونی‌ دڵی‌ خه‌به‌ری‌ دابوو كه‌ شه‌هید ده‌بێت، زۆر خه‌مباربوو ده‌یوت هه‌ست به‌وه‌ده‌كه‌م ژیانم به‌ره‌رو كۆتایی‌ ده‌چێت، منیش پێم ناخۆش بوو و دڵم ده‌دایه‌وه‌"، چنار وای‌ وت.

باسیله‌وه‌كرد، "ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ چه‌ند براده‌رێكی‌ چووبوون بۆ بازاڕ كولێره‌ به‌قیمه‌یان خواردبوو، ئه‌گه‌رچی‌ ئه‌و كه‌سێك بوو حه‌زی‌ له‌خواردن بوو، به‌ڵام به‌براده‌ره‌كانی‌ وتبوو هیچم پێناخۆرێ و هه‌ستێكی‌ سه‌یرم هه‌یه‌‌و هیچ دڵم به‌ژیانه‌وه‌ نه‌ماوه‌".

چه‌ند رۆژێكی‌ كه‌مه‌، نه‌شته‌رگه‌ری‌ له‌بزه‌تێن بۆ كوڕه‌ بچوكه‌كه‌ی‌ شه‌هید كراوه‌، چنار ده‌ڵێت،"پاش نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ هه‌ستیار ده‌یوت خۆزگه‌ باوكم بمابایه‌و وه‌كو چۆن له‌كاتی‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ی‌ محه‌ممه‌دی‌ برام ئاگای‌ لێبوو، ئێستا ئاگای‌ له‌منیش بایه‌، چونكه‌ محه‌ممه‌دیش هه‌مان نه‌شته‌رگه‌ریی‌ بۆكرابوو".

محه‌ممه‌د و هه‌ستیار هه‌ردوو كوڕی شه‌هید هوشیار

 

ئه‌و ژنه‌ شه‌هید، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ پێی‌ وایه‌ له‌ده‌ستدانی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ هه‌رگیز قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه‌، به‌ڵام شانازی‌ ده‌كات به‌ مه‌رگی‌ هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌" شانازی‌ به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ هاوسه‌ری‌ كه‌سێكم له‌پێناو خاك‌و وڵاتی‌ خۆیدا گیانی‌ به‌خشیووه‌".

رائید حه‌سه‌ن عه‌لی‌،44 ساڵ، فه‌رمانده‌ی‌ سریه‌یه‌ له‌فه‌وجی‌3ی‌ لیوای‌ 116بۆ خه‌ندان ڕووداوه‌كانی‌ شه‌ڕه‌كه‌ و ساتی‌ شه‌هیدبوونی‌، هۆشیاری‌ گێرایه‌وه‌، به‌وته‌ی‌ ئه‌و، ده‌ورووبه‌ری‌ كاتژمێر07:00ی‌ به‌یانی‌ هێرشیان بۆسه‌ر گووندی‌ بان شاخ‌و گووندێكی‌ تر كه‌ له‌ته‌نیشتیه‌وه‌بوو ده‌ستپێكردووه‌.

وتی‌"نزیك گوونده‌كه‌ بووینه‌وه‌ چه‌مێك له‌نێوان ئێمه‌و تیرۆریستاندا هه‌بوو پردێكی‌ له‌سه‌ر بوو چه‌كدارانی‌ داعش ته‌قاندبوویانه‌وه‌، كه‌ گه‌یشتینه‌ سه‌ر چه‌مه‌كه‌ به‌رگری‌ دوژمن زیادیكردو ئاگریان له‌ده‌غڵ‌و دانی‌ ناوچه‌كه‌ به‌ردابوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ دووكه‌ڵ درووست بكات‌و ئێمه‌ بكه‌وینه‌سه‌ر ئه‌و بۆمبانه‌ی‌ له‌قه‌راخی‌ چه‌مه‌كه‌ نابوویانه‌وه‌، له‌ناكاو چه‌ند بۆمبێك ته‌قییه‌وه‌، ده‌وروبه‌ری‌ عه‌سر بوو. پاش ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م وتیان هۆشیار دیار نییه‌".

"ئیتر كه‌وتینه‌ سۆراخكردنی‌، من لای‌ هه‌مه‌ره‌كان چوومه‌پێشه‌وه‌ سه‌نگه‌رێكی‌ خۆڵی‌ لێبوو سه‌یرمكرد هۆشیار شه‌هیدبووه‌، دیاربوو به‌و بۆمبانه‌ شه‌هیدبوو كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌وه‌وبه‌ر ته‌قیبوونه‌وه‌، ته‌رمه‌كه‌ی‌ له‌نێو ژماره‌یه‌كی‌ زۆر بۆمب دا بوو. ئیتر هه‌رچۆنێك بوو ته‌رمه‌كه‌یم ده‌ربازكرد. هه‌ر له‌و ته‌قینه‌وه‌دا فه‌رمانده‌ی‌ فه‌وجێكی‌ لیوای‌ 16 به‌ناوی‌ رائید نائیب به‌سه‌ختی‌ برینداربوو"،حه‌سه‌ن عه‌لی‌ وای‌ وت.

حه‌سه‌ن وتیشی‌"شه‌هید هۆشیار، هه‌تا بڵێی‌ كوڕێكی‌ رێكوپێك بوو، زۆر ئازاو دڵسۆز بوو، واهه‌ستم ده‌كرد برایه‌كی‌ خۆم شه‌هیدبووه‌. زۆر به‌داخم بۆ شه‌هید هۆشیار، به‌ڵام ئێمه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌موومان ئه‌و رێگه‌یه‌ی‌ شه‌هید هۆشیارمان له‌پێشه‌".

شه‌هید هۆشیار 

عزیز ره‌سوڵ، 49 ساڵ، باوكی‌ شه‌هید هۆشیار خۆیشی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی‌ نێوانیان زۆر خۆش بووه‌"وه‌كو هاوڕێ‌ وابووین، زۆر خۆشه‌ویستم بوو، خه‌می‌ له‌ده‌ستدانی‌ ئه‌و هه‌رگیز كۆتایی‌ نایه‌ت. زۆر دڵم لای‌ بوو كه‌ ده‌چووه‌وه‌ بۆ ده‌وام به‌رده‌وام ته‌له‌فۆنم بۆده‌كردو ده‌مگووت كوڕم ئاگات له‌خۆبێت".

عه‌زیز وه‌ك پێش ئه‌وه‌شی‌ كوڕه‌كه‌ی‌ به‌ بۆمبه‌كانی‌ داعش له‌ ده‌ست بدات، به‌ردەوام رینمایی‌ كردووه‌ خۆی‌ بپارێزێت له‌ بۆمبی‌ چێندراو و ئاگاداری‌ خۆی‌ بێت، "ئه‌و رۆژه‌ی‌ شه‌هید بوو تا سه‌عات 01:00ی‌ پاشنیوه‌ڕۆ به‌ته‌له‌فۆن قسه‌م له‌گه‌ڵی‌ ده‌كرد، هه‌ر ته‌ئكیدم ده‌كرده‌وه‌ كه‌ ئاگات له‌خۆت بێت بۆمب پیێدا نه‌ته‌قێته‌وه‌، من ده‌مزانی‌ ئه‌وان هێرشیان ده‌ستپێكردووه‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر ده‌یووت باوه‌ دڵت لام نه‌بێت هیچ نییه‌، خوا گه‌وره‌یه‌".

 رۆژی‌ شه‌هید بوونی‌، باوكی‌ تا كاتژمێر، 01:30ی‌ پاشنیوه‌ڕۆوه‌ له‌گه‌ڵ هۆشیار له‌ په‌یوه‌ندیدا ده‌بێت، "به‌ڵام له‌دوای‌ ئه‌و كاته‌وه‌ ئیتر، مۆبایله‌كه‌ی‌ داخرا، ئیتر له‌دوای‌ سه‌عات 03:00ه‌وه‌ هه‌واڵی‌ شه‌هیدبوونیان پێدام، وتم خودایە زۆر شوكرو سابیرم. له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌ڕێی‌ به‌رگریكردن له‌خاكی‌ كوردستان‌و له‌ژێر ئاڵای‌ كوردستاندا شه‌هیدبووه‌ شانازی‌ پێوه‌ده‌كه‌ین".

شه‌هید كوڕه‌ گه‌وره‌ی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ بووه‌، سێ‌ براو دوو خوشكی‌ هه‌یه‌‌و ماڵی‌ باوكی‌ شه‌هید له‌شارۆچكه‌ی‌ حاجیاوای‌ سه‌ر به‌قه‌زای‌ ڕانیه‌یه‌، ماڵی‌ شه‌هید له‌گه‌ڕه‌كی‌ سه‌یداوای‌ شاری‌ رانیه‌ یه‌‌و گۆڕه‌كه‌شی‌ له‌گۆڕستانی‌ حاجیاوایه‌.


نیشانەکردن :

#پێشمەرگە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP