xendan ads

35 ساڵه‌ هاوڕێی ده‌رزیی و كانۆلایه‌ و نه‌خۆشخانه‌ ماڵی یه‌كه‌میه‌تی

- 5/15/2017 2:21:00 PM 38805 جار خوێندراوەتەوە
هێمن عارف

خه‌ندان-

كانۆلاو ده‌رزی بۆ ماوه‌ی 35 ساڵ هاوڕێی ئه‌ون و نه‌خۆشخانه‌ش مه‌نزڵی سه‌ردانه‌كانی بووه‌ به‌ درێژای ئه‌و ماوه‌یه‌، هێمن عارف ته‌نها ئه‌ندامی خێزانه‌كه‌ى نییه‌ كه‌ به‌ده‌ست ئه‌و نه‌خۆشییه‌وه‌ بناڵێنێت، به‌ڵكو 7 كه‌سی دیكه‌ش له‌ هه‌مان خانه‌واده‌ به‌ ده‌ست هه‌مان نه‌خۆشییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.
 
هێمن نه‌خۆشی تالاسیمیای هه‌یه‌ و بۆ 35 ساڵ زیاتره‌  كه‌ هه‌ر 15 ڕۆژ جارێك ده‌بێت خوێنی تێبكرێت، به‌ڵام هێمن ده‌بێت چاودێری دایك و باوكیشی بكات هه‌رچه‌نده‌ خۆشی تووشبووی هه‌مان نه‌خۆشییه‌! 

"به‌ر له‌وه‌ی دایك و باوكم توشی نه‌خۆشی ببن، باشتر ده‌یان توانی چاودێریم بكه‌ن، به‌ڵام له‌ ئێستادا، ده‌بێت من چاودێری ئه‌وانیش بكه‌م"، هێمن به‌ چاوێكی پڕ ئه‌سه‌فه‌وه‌ ئه‌مه‌ی وت. 

هه‌رچه‌نده‌ هێمن خۆی و 7 ئه‌ندامی تری خێزانه‌كه‌ی توشبووی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ن، به‌ڵام ئه‌و ده‌ڵێت، كه‌ پێش قه‌یرانی دارایی حكومه‌ت بڕی ١٥٠ هه‌زار دیناری پێده‌دا، و دوای قه‌یرانی دارای ئه‌وه‌ش كراوه‌ به‌ ٩٠ هه‌زار دینار و به‌ سێ مانگ جارێك حكومه‌ت موچه‌كه‌یان ده‌داتێ، و ده‌ڵێت "ئه‌و پاره‌یه‌ ته‌نانه‌ت به‌شی سێ ڕۆژی خه‌رجی نه‌خۆشییه‌كه‌م ناكات."

هێمن هه‌ر به‌ته‌نها دووچاری كێشه‌ی دارایی نه‌بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو قه‌یرانی كۆمه‌ڵایه‌تیش كێشه‌ی بۆ دروست ده‌كات، و ده‌ڵێت، "ته‌نانه‌ت له‌ زۆر شوێن كه‌ ده‌ڵێین خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تین، پێمان ده‌ڵێن ئێمه‌ ناتوانین له‌سه‌ر ئه‌و مووچه‌ كه‌مه‌ هیچ شتێك ڕابكێشین!"

به‌ ئه‌سه‌فێكی زۆره‌وه‌ گله‌یی ده‌كات و ده‌ڵێت، "نازانم وه‌زاره‌تی كار چ كاره‌یه‌ و بۆ وه‌زاره‌ته‌كه‌یان داناخه‌ن كه‌ هیچییان بۆ ناكرێت و بێده‌نگن له‌ ئاست ئه‌و هه‌موو معاناته‌ی ئێمه‌."

هێمن به‌ ته‌نها نییه‌ كه‌ ئه‌و گێژاوه‌ قه‌یراناوییه‌ كاری تێكردبێت، به‌ڵكو لێپرسراوی ڕاگه‌یاندنی كۆمه‌ڵه‌ی تاسیمیای سلێمانیش به‌ركه‌توویه‌كی تره‌ و به‌ ئه‌ندازه‌ی هێمن گله‌ی و گازانده‌ی هه‌یه‌.

زیاد عه‌بدوره‌حمان ده‌ڵێت "حكومه‌ت ئاڵای سپی بۆ هه‌ڵكردوین به‌وه‌ی ناتوانێت هاوكاریمان بكات."

ئه‌و ده‌ڵێت كه‌ پێشتر به‌ كاری شۆفێری ته‌كسی بژێوی ژیانی دابین ده‌كرد، به‌ڵام له‌ ئێستادا ناتوانێت ئه‌وه‌ش بكات، چونكه‌ حكومه‌ت ڕێگه‌ی پێنادات و مۆڵه‌تی گشتی شۆفێرییان لێسه‌ندووه‌ته‌وه‌ به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌وان ناتوانن ئه‌و كاره‌ بكه‌ن!

خراپی‌ دۆخی‌ توشبووانی‌ تالاسیمیاو خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان له‌كاتێكدایه‌، به‌یاسا مافه‌كانیان چه‌سپێنراوه‌، كه‌ پێشتر ته‌نها به‌رێنمایی مافه‌كانیان رێكخرابوو.

هیوا ره‌حمان ڕاوێژكاری یاسایی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ سلێمانی‌ وتی "تا ڕێنمایی  هه‌بوو بارودۆخی تووشبوانی‌ تالاسیمیا باشتر بوو، به‌ڵام كه‌ بوو به‌ یاسا  جێبه‌جێنه‌كرا كه‌شتی باشی تێدایه‌ بۆ خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان".

وتیشی‌ "تا وه‌زاره‌تی‌ كار نه‌بوو  حاڵی تووشبوانی‌  تالاسیمیا  باشتر بوو  كه‌ له‌ ژێر چاودێری وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستیدا بوون.  ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ كه‌ به‌ تووشبوانی‌  تالاسیمیا ده‌درێت جێبه‌جێ ناكرێت  و ته‌نها به‌ڵێنه‌".

هه‌رێمی كوردستان بێبه‌ش نییه‌ له‌ فراوانی نه‌خۆشی تالاسیمیا له‌ جیهاندا، به‌ پێی ئاماره‌كانی سه‌رۆكی سەنتەری تالاسیمیای كوردستان-لقی سلێمانی، د. لوقمان خالید، له‌ هه‌رێمی كوردستان 3800 تووشبووی نه‌خۆشی تالاسیمییا هه‌ن و ١٣٤٥ كه‌سییان له‌ پارێزگای سلێمانین و ١١٢٦ كه‌سییان له‌ پارێزگای هه‌ولێرن و له‌ دهۆكیش ١٣٤٨ تووشبوو به‌ نه‌خۆشی تالسیمییا هه‌ن. 

د. لوقمان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات كه‌ سه‌دا 53 تووشبووان ئافره‌تن و سه‌دا 46یان پیاون، و ده‌شڵێت كه‌ ئه‌و ڕێژه‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌ربڵاوه‌، به‌ڵام تادێت به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌ ده‌چێت به‌ جۆرێك كه‌ له‌ ساڵی 2006-2007 دا 65-70 منداڵ له‌دایك ده‌بوون كه‌ هه‌ڵگری ئه‌و نه‌خۆشییه‌ بوون، به‌ڵام له‌ ساڵی 2016،  ته‌نها پێنج منداڵ له‌ دایكبوون كه‌ هه‌ڵگری ئه‌و نه‌خۆشییه‌ن.

به‌ پێی ئاماره‌كان بێت، هێمن ته‌نها تووشبوو نییه‌، و چه‌ندان هێمنی تر و ده‌یان چیرۆكی ترمان هه‌یه‌ كه‌ تووشبوون به‌ نه‌خۆشی تالاسیمیا. لێره‌دا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا تاكه‌ی حكومه‌ت چاوی ده‌به‌ستێت له‌ ئاست نه‌خۆشانی تالاسیمیا و نه‌خۆشه‌كانی تردا، و تاكه‌ی بیر له‌وه‌ ناكاته‌وه‌ كه‌ هێمن به‌ سێ مانگ جارێك مووچه‌كه‌ی ناتوانیت چاره‌سه‌ری پێویست وه‌ربگرێت؟



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP