xendan ads

سیسته‌می‌ هه‌ڵبژاردن له‌ ئێران؛ سه‌رۆك چۆن هه‌ڵده‌بژێردرێت؟

- 5/14/2017 12:20:00 PM 4155 جار خوێندراوەتەوە
هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران لەم مانگەدا بەڕێوەدەچێت

خه‌ندان- دانا ته‌یب مه‌نمی 

له‌ 19ی ئه‌م مانگه‌دا خه‌ڵكی ئێران به‌ره‌و سندوقه‌كانی ده‌نگدان به‌ڕێده‌كه‌ون بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری نوێی وڵاته‌كه‌یان و شه‌ش كاندید كێبڕكێ بۆ بردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە رێگەیان بەشەش كاندیدداوە كێبڕكێی وەرگرتنی كورسی سەرۆكایەتی بكەن،  لەوانەش حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێستای وڵات، بەڵام رێگا بەهیچ ژنێك نەدراوە خۆی كاندیدبكات.

لەهەڵبژاردنەكەدا هەریەكە لە حەسەن رۆحانی و ئیسحاق جیهانگیری و مستەفا هاشمی لە بەرەی چاكسازان و  ئیبراهیم رەئیسی و محەمەد باقر قالیباف و مستەفا میر سەلیم  لە پارێزگارەكان كێبڕكێی بەدەستهێنانی كورسی سەرۆكایەتی ئێران دەكەن.

خه‌ڵكی ئێران به‌ هه‌موو بیرۆكه‌و ئاین و پێكهاته‌و مه‌زهه‌بێكه‌وه‌ مافی به‌شداریكردنیان هه‌یه‌ له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگداندا و هه‌روه‌ها مافی چانسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ خۆیان كاندید بكه‌ن و له‌رێگای بانگه‌شه‌كردن بۆ خۆیان متمانه‌ی خه‌ڵك ببه‌نه‌وه‌.

 له‌ڕووی تیۆرییه‌وه‌، هه‌ر ئێرانییه‌ك كه‌ ته‌مه‌نی لانیكه‌م ته‌مه‌نی له‌ 21 ساڵ كه‌متر نه‌بێت، پێویسته‌ موسوڵمانێكی باش بێت و باوه‌ڕی به‌ خودا هه‌بێت ده‌توانێت ناوی خۆی تۆماربكات بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئێران.

دوای‌ ته‌واوبوونی پرۆسه‌ی تۆماركردنی ناوی كاندیده‌كان، ئه‌نجومه‌نی چاودێریی ده‌ستور، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نه‌ باڵاده‌سته‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران و ئه‌ركه‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتیكردنی كاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی شورای ئیسلامییه‌ (په‌رله‌مانی ئێران) و له‌ 12 ئه‌ندام پێكهاتووه‌و هه‌ریه‌كێكیان خولێكی شه‌ش ساڵی ده‌مێننه‌وه‌، پێداچوونه‌وه‌ ده‌كات به‌ ناوی كاندیده‌كاندا و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های هه‌یه‌ كێ بمێنێته‌وه‌ و كێ له‌ كێبه‌ڕكێكه‌ بكرێته‌ ده‌ره‌وه‌. 

ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ هۆكای ڕه‌تكردنه‌وه‌ یان په‌سه‌ندكردنی ناوی كاندیده‌كان ئاشكراناكات، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر كاندیدێك كه‌ بیروباوه‌ڕی ئاینی ناته‌قلیدی و هه‌ر كه‌سێك وه‌كو هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر فه‌رمانڕه‌وایی ئاینی كۆماری ئیسلامی ئێران و كاندیدی ئافره‌ت ڕێگایان پێنادرێت بچنه‌ كێبه‌ڕكێی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئێرانه‌وه‌. 

ئه‌ندامه‌كانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ شه‌شیان له‌لایه‌ن رابه‌ری گشتییه‌وه‌ دیاریی ده‌كرێن كه‌ شاره‌زان له‌ بواری یاسای ئیسلامیدا، هه‌روه‌ها شه‌ش ئه‌ندامه‌كه‌ی دیكه‌ كه‌ كه‌سانی خاوه‌نی ئه‌زموونی یاسایین، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی شورای ئیسلامییه‌وه‌ دیاریی ده‌كرێن.

سه‌رۆك كۆمار له‌ئێران ده‌سه‌ڵاته‌كانی سنوردارن و زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ده‌ستی ڕابه‌ری گشتی ئه‌و وڵاته‌دایه‌. 

دوای په‌سه‌ندكردنی ناوی كاندیده‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان له‌ میدیای فه‌رمی ئه‌و وڵاته‌وه‌ هه‌لی بانگه‌شه‌كردنیان بۆ ده‌ڕه‌خسێنرێت. هه‌روه‌ها له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، ده‌وڵه‌ت لێبورده‌ ده‌بێت له‌ به‌كارهێنانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌كو تێلیگرام و فه‌یسبووك، چونكه‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ به‌شداری ده‌نگده‌ران له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا زیاتر بێت و كه‌مترین ڕێژه‌ی به‌شداربوون پێویسته‌ %51 بێت و به‌رزترین ئاستی به‌شداریش بریتیه‌ له‌ %85. 

هه‌موو ئێرانییه‌ك كه‌ ته‌مه‌نی‌ 18 ساڵ بێت ده‌توانێت ده‌نگبدات، به‌و پێیه‌ش له‌كۆی‌ 80 ملیۆن دانیشتوان، زیاتر له‌ 55 ملیۆن كه‌س مافی‌ ده‌نگدانیان هه‌یه‌.

جیاكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگه‌كان به‌شێوه‌ی‌ ده‌ستی‌ ده‌بێت و ئه‌نجامه‌ كۆتاییه‌كان دوای‌ دوو رۆژ له‌ كۆتایی هاتنی‌ هه‌ڵبژاردن راده‌گه‌یه‌نرێن، هه‌رچه‌نده‌ به‌خێرایی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان راده‌گه‌یه‌نرێن.

ئه‌گه‌ر له‌خولی‌ یه‌كه‌مدا هیچ كاندیدێك نه‌توانێت لانی‌ كه‌م له‌سه‌دا 50+1 ی‌ هه‌موو ده‌نگده‌ران به‌ده‌ستبێنێت، ئه‌وا خولی‌ دووه‌م له‌نێوان دوو كاندیدی‌ پێشه‌نگی‌ خولی‌ یه‌كه‌م به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌یه‌كه‌مین هه‌ینی‌ دوای‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان.

بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ 21 ی‌ نیسانه‌وه‌ ده‌ستیپێكردو تا كاتژمێر 3:30 خوله‌ك به‌كاتی‌ گرینیج رۆژی‌ 18 ئایار به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌كۆی‌ 1636 كاندید كه‌ خۆیان كاندیدكردووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئێران، شه‌ش كاندید ماوه‌ته‌وه‌، له‌ناو ئه‌و 1636 كه‌سه‌دا ته‌نها 30 كه‌سیان سیاسی دیارو ناسراو بوون.

لە کۆماری ئیسلامی ئێران سەرۆک کۆمار زیاتر رۆڵێکی ئیداریی هەیە جیاواز لە زۆرینەی وڵاتەکانی دیکە کە سەرۆک دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەیە.

 سەرۆک کۆمار لەهەمان کاتدا سەرۆکی حکومەتە و ئەندامانی کابینە وەزارییەکەی دیاریی دەکات، هەروەها ئەو سیاسەتانە جێبەجێ دەکات کە لەلایەن رابەری گشتییەوە دانراون یاخود ئەو یاسایانەی لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند کراون.

 خولی‌ سەرۆکایەتی چوار ساڵە و دەرفەتی خۆ کاندیدکردنەوەی بۆ خولی دووەمیش تێدایە، هەروەها دوای دانیشتنی بۆ ماوەی خولێک، دەتوانێت بۆ خولی سێهەمیش خۆی کاندید بکاتەوە. یەکێک لە کارە گرنگەکانی پێشکەشکردنی بودجەیە بۆ ئەنجومەنی شورای ئیسلامی.

کۆماری ئیسیلامی ئێران ناوی فەرمی وڵاتی ئێرانە لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979ەوە. دوای سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە، لە ریفراندۆمێکدا زیاتر لەسەدا 98ی هاوڵاتیانی ئێران ئەو ناوەیان بۆ وڵاتەکەیان پەسەند کرد.

ئێران سیستمێکی ئیسلامی هەیە و هەریەک لە رابەری گشتیی کۆماری ئیسلامی و سەرۆکی وڵات و ئەنجومەنی شارەزایان و پەرلەمان بەشێوازی جیاواز لەناو سیستمە سیاسیی و جێبەجێکردنەکەدا دەسەڵاتیان هەیە، بەڵام دواجار زۆرینەی بڕیارە گرنگ و چارەنوسسازەکان دەبێت بە فلتەری "رابەری گشتیی" تێبپەڕن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP