xendan ads

سیستمی سیاسی ئێران...کێ وڵات بەڕێوەدەبات؟

- 5/12/2017 1:28:00 PM 3764 جار خوێندراوەتەوە
"رابەری گشتی" باڵاترین پۆستی سیاسیی کۆماری ئیسلامی ئێرانە

خەندان- رێنوار نەجم

کۆماری ئیسیلامی ئێران ناوی فەرمی وڵاتی ئێرانە لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979ەوە. دوای سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە، لە ریفراندۆمێکدا زیاتر لەسەدا 98ی هاوڵاتیانی ئێران ئەو ناوەیان بۆ وڵاتەکەیان پەسەند کرد.

ئێران سیستمێکی ئیسلامی هەیە و هەریەک لە رابەری گشتیی کۆماری ئیسلامی و سەرۆکی وڵات و ئەنجومەنی شارەزایان و پەرلەمان بەشێوازی جیاواز لەناو سیستمە سیاسیی و جێبەجێکردنەکەدا دەسەڵاتیان هەیە، بەڵام دواجار زۆرینەی بڕیارە گرنگ و چارەنوسسازەکان دەبێت بە فلتەری "رابەری گشتیی" تێبپەڕن.


رابەری گشتی
"رابەری گشتی" باڵاترین پۆستی سیاسیی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و خاوەنی دوایین قسەیە لە بابەتە چارەنوسسازەکاندا، سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی وڵات دادەڕێژیت لەنێویاندا بەرنامەی ئەتۆمی. لەلایەن ئەنجومەنی شارەزایانەوە هەڵدەبژێردرێت، ئەو کەسەی کە هەڵبژێردرا تا لە ژیاندا مابێت لەو پۆستەدا دەبێت و بە گیان لەدەستدانی کەسێکی دیکە دەخرێتە شوێنەکەی.

پۆستی "رابەری گشتی" دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و لە مانگی کانونی یەکەمی 1979 دروستکراو ئایه‌توڵڵا خومەینی یەکەمین کەس بوو ئەو پۆستەی وەرگرت و تا ئەو کاتەی کۆچی دوایی کرد لە ساڵی 1989 لە پۆستەکەدا مایەوە، لەو کاتەشەوە تا ئێستا عەلی خامنەیی رابەری گشتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

لە هەمانکاتدا، "رابەری گشتی" فەرماندەی هێزە چەکدارەکانەو فەرماندە باڵاکانی سوپا دیاریی دەکات، هەر ئەویشە جەنگ و ئاشتی لەو وڵاتدا رادەگەیەنێت. هەروەها دوایین بڕیار دەدات لەبارەی شیاوی کاندیدەکانی سەرۆک کۆمار و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و پۆستەکانی وەزارەتی بەرگریی، دەرەوە، زانیاریی هەروەها کلتورو ئاراستەی ئیسلامی. بەهەمان شێوە لەدەسەڵاتیدا هەیە بەڕێوەبەرانی دەسەڵاتی دادگا و کەناڵە فەرمییەکانی حکومەت دیاریی بکات یاخود دەربکات.



ئەنجومەنی چاودێریی دەستور
یەکێکە لە ئەنجومەنە باڵادەستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەرکەکەی سەرپەرشتیکردنی کارەکانی ئەنجومەنی شورای ئیسلامییە (پەرلەمانی ئێران). هەر یاسایەک کە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە دەربچێت دەبێت رەزامەندی ئەم ئەنجومەنە وەربگرێت پێش دانپێدانانی وەک یاسایەکی فەرمی.

 هەروەها دەسەڵاتی قبوڵکردن و رەتکردنەوەی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی، پەرلەمان و هەڵبژاردنەکانی دیکەشی هەیە. ئەنجومەنەکە لە 12 ئەندام پێکهاتووە کە هەریەکێکیان خولێکی شەش ساڵی دەمێننەوە. ئەندامەکانی ئەو ئەنجومەنە شەشیان لەلایەن رابەری گشتییەوە دیاریی دەکرێن کە ئەمانە شارەزان لە بواری یاسای ئیسلامیدا، هەروەها شەش ئەندامەکەی دیکە کە کەسانی خاوەنی ئەزموونی یاسایین، لەلایەن ئەنجومەنی شورای ئیسلامییەوە دیاریی دەکرێن. 

ئەنجومەنی شورای ئیسلامی
پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ئەرکی سەرەکیی ئامادەکردن و تێپەڕاندنی یاسایە بۆ پەسەندکردن لەلایەن ئەنجومەنی چاودێریی دەستوورەوە. لە 290 ئەندام پەرلەمان پێک دێت و زۆرینەی ئەندامەکانی لەبەرەی کۆنزەرڤاتیڤ و ریفۆرمخوازەکانن. 

پەرلەمان دەسەڵاتی لەسەرکارلادانی سەرۆکی وڵاتی هەیە، هەروەها دەتوانێت متمانە بسەنێتەوە یاخود متمانە ببەخشێتەوە بە وەزیرەکانی کابینەی حکومەت. لە 12 ئەندامەکەی ئەنجومەنی چاودێریی دەستوور شەشیان پەسەند دەکات کە لەلایەن رابەری گشتییەوە پێشنیار دەکرێن. پەسەندکردنی بودجەی پێشنیارکراو لەلایەن سەرۆکی وڵاتەوە یەکێکی ترە لە کارەکانی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی ئێران.



ئەنجومەنی شارەزایان
ئەم ئەنجومەنە لەلایەن 68 توێژەرو شارەزای ئیسلامییەوە بەڕێوەدەبرێن کە بە دەنگدانی هاوڵاتیان هەڵدەبژێردرێن و ئەنجومەنی چاودێریی دەستوور پشکنینیان بۆ دەکات. گرنگترین کاری ئەم ئەنجومەنە هەڵبژاردنی هەڵبژاردنی رابەری گشتییە دوای گیانلەدەستدانی رابەرە گشتییەکە.

 ئەندامانی ئەنجومەنەکە خولێکی هەشت ساڵی خزمەت دەکەن و هەر شەش مانگ جارێک کۆبوونەوە دەکەن بۆ پێداچونەوە بە چالاکییەکانی رابەری گشتی. بەپێی یاسا نووسراوەکان، ئەم ئەنجومەنە دەتوانیت رابەری گشتیی لەسەر کار لابدات لە حاڵەتی "نەشیاوی یاخود گەندەڵیدا"، بەڵام بەبڕوای چاودێران ئەم حاڵەتە ئەگەری روودانی زۆر کەمە.

ئەنجومەنی دیارییکردنی بەرژەوەندی سیستەم
ئەنجومەنێکی راوێژکاریی باڵایە لە کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەرکە سەرەکییەکەی گەڕانە بەدوای چارەسەری ئەو کێشانەی لە نێوان پەرلەمان و ئەنجومەنی چاودێریی دەستوور دروست دەبن و دەتوانێت کێشەکان بەلای یەکێکیاندا یەکلا بکاتەوە دوای رەزامەندی رابەری گشتیی.

 ئەنجومەنەکە لە 35 ئەندام پێکدێت؛ 9 ئەندامی هەمیشەیی و ئەوانی دیکە کاتیین و لەلایەن رابەری گشتییەوە دیاریی دەکرێن. ئەندامە هەمیشەییەکان بریتین لە؛ سەرۆک کۆمار، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، سەرۆکی پەرلەمان هەروەها شەش ئەندامی ئایینیی ئەنجومەنی چاودێریی دەستوور.

 سەرۆک کۆمار
لە کۆماری ئیسلامی ئێران سەرۆک کۆمار زیاتر رۆڵێکی ئیداریی هەیە جیاواز لە زۆرینەی وڵاتەکانی دیکە کە سەرۆک دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەیە. سەرۆک کۆمار لەهەمان کاتدا سەرۆکی حکومەتە و ئەندامانی کابینە وەزارییەکەی دیاریی دەکات، هەروەها ئەو سیاسەتانە جێبەجێ دەکات کە لەلایەن رابەری گشتییەوە دانراون یاخود ئەو یاسایانەی لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند کراون.

 خولی‌ سەرۆکایەتی چوار ساڵە و دەرفەتی خۆ کاندیدکردنەوەی بۆ خولی دووەمیش تێدایە، هەروەها دوای دانیشتنی بۆ ماوەی خولێک، دەتوانێت بۆ خولی سێهەمیش خۆی کاندید بکاتەوە. یەکێک لە کارە گرنگەکانی پێشکەشکردنی بودجەیە بۆ ئەنجومەنی شورای ئیسلامی.

کابینەی حکومەت
کابینەی وزاری حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران راستەوخۆ لەلایەن سەرۆکی وڵاتەوە سەرپەرشتیی دەکرێت. ئەرکی سەرەکیی کابینەکە هاوکارییکردنی سەرۆکی بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکان کە لەلایەن رابەری گشتییەوە دادەنرێن، هەروەها جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی لەلایەن پەرلەمانەوە دەردەکرێن. وەزیرەکانی کابینەی حکومەت دوای وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمان دەستبەکاردەبن. کابینەی ئێستای حکومەتی ئێران لە 18 وەزیر پێکدێت و لەگەڵ ئەوەی سەرۆک نزیکەی 12 یاریدەدەری بۆ کاروبارە جیاوازەکان هەیە.

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی 
ئەم ئەنجومەنە پاراستنی و پاڵپشتی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵات و شۆڕشی ئیسلامی و سەروەری خاکی ئێرانە و لە پێداچوونەوەی دەستوور لە ساڵی 1989 دامەزراوە. ئەنجومەنەکە لەلایەن سەرۆکی وڵاتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بڕیارەکانی لەلایەن رابەری گشتییەوە پەسەند دەکرێن. 

ئەنجومەنی کلتوریی شۆڕش
ئەنجومەنێکە بنکەی سەرەکیی لە شاری قوم-ەو کاتی خۆی لەلایەن ئایه‌توڵڵا خومەینییەوە دامەزرێنراوە لە ئێستاشدا زۆرینەی ئەندامەکانی رابەری گشتیی دیاریی دەکەن. بڕیارەکانی ئەم ئەنجومەنە تەنها دەکرێت رابەری گشتیی رەتیان بکاتەوە. ئەرکی سەرەکیی ئەنجومەنی کلتوریی شۆڕشی ئێران دانانی بەها ئیسلامییەکانە بۆ سەرجەم دامەزراوە پەروەردەییەکان. هەروەها بەپێی یاسا ئیسلامییەکان دیاریی دەکات کام وێبسایت و کتێبانە لە وڵات شیاوی بڵاوبوونەوەیە.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP