وته‌بێژی‌ كه‌جه‌كه‌ بۆ خه‌ندان: كێشه‌ی‌ شه‌نگال به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌رده‌كرێت

- 5/5/2017 3:13:00 PM 22134 جار خوێندراوەتەوە
سه‌رحه‌ت وارتۆ، وته‌بیژی‌ كه‌جه‌كه‌،


خه‌ندان-

وته‌بیژی‌ كۆما جڤاكێن كوردستان، كه‌جه‌كه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌وان ده‌یانه‌وێت كێشه‌ی‌ شه‌نگال به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێت و خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ بریاربده‌ن له‌ كێشه‌كه‌دا.

سه‌رحه‌ت وارتۆ، وته‌بیژی‌ كه‌جه‌كه‌، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ خه‌ندان، كه‌ سبه‌ینێ‌ ده‌قه‌كه‌ی‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌، رایده‌گه‌یه‌نێت، كێشه‌ی‌ شه‌نگال به‌گفتوگۆ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و ئه‌وان ناوچه‌كه‌ چۆڵ ناكه‌ن به‌ڵكو ده‌بێـت خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ بریاربدات.

هه‌روه‌ها باس له‌دۆخی‌ باكوری‌ كوردستان ده‌كات دوای‌ گۆرینی‌ ده‌ستور، ده‌ڵێت ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر سیاسه‌تی‌ خۆیان و ستراتیژیان بۆ داواكردنی‌ خۆسه‌ری‌ دیموكراتی‌ نه‌گۆراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ زیادبوونی‌ ده‌نگی‌ ئاكپارتی‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ باكوری‌ كوردستان، وارۆتۆ ئه‌و ئه‌نجامانه‌ به‌ "ساخته‌" وه‌سف ده‌كات و ده‌ڵێت، "سه‌دای‌ 70 بۆ 80ی‌ ساخته‌كاری‌ ریفراندۆمی‌ ده‌ستوریی‌ له‌توركیا له‌ناوچه‌كانی‌ باكوری‌ كوردستان كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاكه‌په‌ بڵێت ناوچه‌ كوردییه‌كان پشتگری‌ په‌كه‌كه‌ ناكه‌ن".

دوای دوو ساڵ له‌ ئاگربه‌ستی نێوان تورکیا و PKK ، هاوینی 2015 شه‌ڕ ده‌ستیپێکرده‌وه‌و فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ توركیا ده‌ستیانكرده‌وه‌ به‌ بۆردومانی‌ ئاسمانی‌ بنكه‌و باره‌گاكانی‌ په‌كه‌كه.

ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ شه‌ڕ دوای‌ كوژرانی‌ دوو پۆلیسی‌ توركیا هات له‌پارێزگای‌ ئورفه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ به‌رپرسیارێتی‌ خۆی‌ له‌كوژرانیان راگه‌یاند له‌ تۆڵه‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ ناوچه‌ی‌ سروچی‌ سه‌ر سنوور كه‌ گردبوونه‌وه‌یه‌كی‌ كورده‌كانی‌ كردبووه‌ ئامانج و به‌هۆیه‌وه‌ 32 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا.

دوای‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ شه‌ڕ، توركیا ئۆپه‌راسیۆنی‌ سه‌ربازی‌ له‌ زۆربه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ باكووری‌ كوردستان ده‌ستپێكردو تائێستاش ئۆپه‌راسیۆنه‌كان به‌رده‌وامن.

له‌وه‌ته‌ی شه‌ڕی PKK له‌گه‌ڵ تورکیا، له‌ ساڵی 1984ه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌، تائێستا زیاتر له‌ 40 هه‌زار که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.  

نیشانەکردن :

#كه‌جه‌كه‌ #تورکیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP