پرۆژه‌ی‌ ئاماری‌ ونبووان له‌سنوری‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ راگه‌یه‌نرا

- 5/4/2017 4:25:00 PM 3301 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

كۆمه‌ڵه‌ی‌ قوربانیانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ هاوكاری‌ رێكخراوێكی‌ جیهانی‌، ئه‌مڕۆ پڕۆژه‌ی‌ ئامارو روپێوی‌ ونبووانی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ راگه‌یاند، كه‌ له‌سه‌رده‌می‌ شه‌ڕی‌ هه‌شت ساڵه‌ی‌ ئێران و عێراق و له‌كاتی‌ كیمیابارانكردنی‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا ونبوون و تائێستاش زانیاری‌ له‌باره‌ی‌ چاره‌نووسیانه‌وه‌ نازانرێت.

پڕۆژه‌كه‌ ماوه‌ی‌ 45 رۆژ ده‌خایه‌نێت و له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی‌ قوربانیانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و رێكخراوی‌ جیهانی‌ ونبووان له‌سنوری‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

لوقمان عه‌بدولقادر سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ قوربانیانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نوسیدا رایگه‌یاند، بۆ ئه‌نجامدانی‌ پڕۆژه‌كه‌ چه‌ند سه‌ردانێكی‌ مه‌یدانیان كردووه‌ واده‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ 45 رۆژ ده‌خایه‌نێت.

وتیشی‌ كه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بنكه‌یه‌كیان كردووه‌ته‌وه‌ بۆ ناونوسین، هه‌روه‌ها له‌ ناحیه‌ی‌ سیروان و به‌مۆ تیمێكیان پێكهێناوه‌و له‌ خورماڵ و بیاره‌ش تیمێكی‌ دیكه‌ دروستكراوه‌.

لوقمان عه‌بدولقادر وتی‌ "ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ئامار ده‌بێت تایبه‌ت به‌ ونبووان، داوا له‌ كه‌سوكاری‌ ونبووان ده‌كه‌ین سه‌ردانی‌ بنكه‌كان بكه‌ن".

باسی‌ له‌وه‌شكرد، كه‌ رێكخراوه‌كه‌ پڕۆژه‌ی‌ ده‌بێت بۆ كه‌سوكاری‌ ونبووه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی‌ ونبووه‌كان.

رێكخراوی‌ جیهانی‌ ونبووان شه‌ش پڕۆژه‌ی‌ له‌عێراق هه‌یه‌و یه‌كێك له‌ پڕۆژه‌كانی‌ تایبه‌ت كردووه‌ به‌ ئاماری‌ ونبووانی‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌.

نیشانەکردن :

#هەڵەبجە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP