xendan ads

عەممار حەكیم: ئیئتیلافی دەسەڵاتدار لەعیراق دژی پلانی "سەربەخۆیی" كوردە

- 4/21/2017 9:35:00 AM 11809 جار خوێندراوەتەوە
عەممار حەكیم لەكاتی پێشكەشكردنی وتارێك لە كڵێسایەكی بەغدا 2016/ فۆتۆ- رۆیتەرز

خەندان- رێنوار نەجم

سەرۆکی هاوپەیمانی شیعەی عێراق رایدەگەیەنێت ئەوان دژی پلانی کوردن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دوای تێکشکاندنی داعش، هەروەها دەڵێت پاراستنی یەکپارچەیی عێڕاق کاری لەپێشینەیە.

عەممار حەکیم سەرۆکی هاوپەیمانی شیعەی عێراق لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز،  ئامۆژگاری کوردی کرد "هەنگاوی تاک لایەنە نەنێت لەبارەی سەربەخۆیی، یاخود لەخۆگرتنی ناوچەی کەرکوکی دەوڵەمەند بە نەوت کە لە میانەی شەڕەکانیان دژی داعش کۆنترۆڵیان کردووە."

عەممار حەکیم سەرۆکایەتی هاوپەیمانی نیشتمانی دەکات، کە گروپە سیاسییە سەرەکییەکانی شیعە لەخۆ دەگرێت لەنێویاندا حزبی دەعوە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادیش سەر بەو حیزبەیە.

حەکیم دەڵێت "ئەگەر ئەو راپرسییە ئەنجام بدرێت، ئەوا راپرسییەکی یەک لایەنە دەبێت بەبێ بڕیاری حکومەتی فیدراڵی لەبەغدا."

ئەو سەرکردە شیعەیە پێی وایە ریفراندۆمەکەی کورد "هێماو پەیامێکی سیاسییە لە هاوبەش و برا کوردەکانمانەوە بۆ حکومەتی فیدراڵی تا زیاتر جددی بن لە بەهەند وەرگرتنی ڕوانگە و داواکارییەکانیان."

وتیشی "پێمان وایە بەکارهێنانی کارتی فشاری سیاسیی لەم دۆخەی سەختەی ئێستادا کە عێراقی پێدا تێدەپەڕێت لەبەرژەوەندی کەس نییە."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا کە ئایا هاوپەیمانی نیشتمانی چی دەکات گەر کورد سوربوو لەسەر ریفراندۆم و سەربەخۆیی، حەکیم دەڵێت "پێمان وایە گفتوگۆ دەروازە ڕاستەکەیە کە یەکپارچەیی عێراق لە خۆدەگرێت و هاونیشتمانیانی عێڕاق بەهەموو پێکهاتە و نەتەوە و ئایین و مەزهەبەکانەوە شایستەی ئەوەن مافەکانی خۆیان وەربگرن."

"سوور دەبین لەسەر گفتوگۆ دواتر گفتوگۆ و دواتر گفتوگۆ، لەبەرئەوەی پێمان وایە سیاسەتی رەتکردنەوەی ئەمری واقع و نەخشاندنی سنوورەکان بە خوێن لەهیچ وڵاتێکی جیهان سەرکەوتوو نەبووە و بەهەمان شێوە لە عێراقیشدا سەرکەوتوو نابێت" عەممار حەکیم وادەڵێت.

پرسی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی پرسێکی گەرمە و لەنێو ناوەندە سیاسییەکان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا.

پارتی‌ دیموکراتی کوردستان و یه‌كێتی‌ نیشتمانی کوردستان له‌م مانگه‌دا شاندێكی‌ هاوبه‌شیان پێكهێنا بۆ سه‌ردانیكردنی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ تاوتوێكردنی‌ پرسی ریفراندۆم، هه‌روه‌ها شاندێكی‌ دیكه‌یان بۆ هه‌مان مه‌به‌ست ره‌وانه‌ی‌ به‌غدا كرد، دواتریش له‌گه‌ڵ كونسوڵ و نوێنه‌رایه‌تی‌ وڵاتان له‌هه‌رێم ئه‌و پرسه‌یان تاوتوێكرد.

لە نوێترین لێدوانیشدا مەسعود بارزانی دوێنی لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌ڵمانیا لەبارەی ریفراندۆمەوە وتی "بریار له‌ ریفراندۆم دراوه‌و مه‌به‌ست له‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئیراده‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان پیشانی‌ جیهان بده‌ین كه‌ چییان ده‌وێت".

 "بریاری‌ ریفراندۆم دراوه‌و هه‌موو لایه‌نه‌كان سه‌رقاڵی‌ پێكهێنانی‌ كۆمیته‌یه‌كن بۆئه‌وه‌یه‌ جیهان تێبگه‌یه‌نین كه‌ گه‌لی‌ كوردستان بۆچوونی‌ چییه‌" بارزانی‌ وای‌ وت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP