xendan ads

حەیدەر عەبادی وەڵامی ئەردۆغان دەداتەوە

- 4/20/2017 11:30:00 PM 19360 جار خوێندراوەتەوە
حەیدەر عەبادی

خەندان-

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەڵامی لێدوانێكی سەرۆك كۆماری توركیا لەبارەی حەشدی شەعبییەوە دایەوەو رایگەیاند، ئەوە كاروباری ناوخۆیی عێراقەو "نابێت وڵاتانی دیكە دەستێوەردان بكەن."

چوارشەممەی رابردوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە چاوپێكەوتنێكی كەناڵی جەزیرەدا رایگەیاند، "حەشدی شەعبی رێكخراوێكی تیرۆرستییەو پێویستە سەیری ئەوە بكرێت كێ لە پشتیەوە وەستاوە".  

نوسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وەڵامی لێدوانەكەی ئەردۆغانی دایەوەو رایگەیاندووە، "سەرسامی خۆمان دەردەبڕین لە لێدوانێكی سەرۆكی توركیا رەجەن تەیب ئەردۆغان لەبارەی حەشدی شەعبییەوە ئەوەش كاروباری ناوخۆیی عێراقە و نابێت دەستێوەردانی تێدا بكرێت." 

ئاماژەی بەوەشكردووە، "حەشدی شەعبی رێكخراوێكی نیشیمانی عێراقییەو لە وەڵامی فەتوایەكی ئایینی عەلی سیستانیدا دروستكراوە، كە شانبەشانی هێزە عێراقییەكاندا بەشداری كردوە لە ئازادكردنی خاك وتۆماركردنی سەركەوتن بەسەر داعشدا."

هەروەها راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "عێراق وڵاتێكی خاوەن سەروەریە و یاسای حەشدی شەعبی وای لەو هێزە كردوە كە سەر بە دەوڵەتی عێراق بێت و لەژێر سەرپەرشتیدا بێت، ئەو هێزەش وەلائی بۆ عێڕاق و گەلەی هەیە نەك بۆ هیچ وڵاتێكی تر و فەرمانیش لە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە وەردەگرێت."



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP