xendan ads

رۆیتەرز: هەناردەی نەوتی عێراق‌ و هەرێم دابەزیوە

- 4/20/2017 8:55:00 PM 7730 جار خوێندراوەتەوە
رێكەوتنەكانی وڵاتانی ئۆپیك و دەرەوەی ئۆپیك، رۆژانە ملیۆنێك و 800 هەزار بەرمیل هەناردەی رۆژانە كەمدەكاتەوە

خەندان-

لەسەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا هەناردەی كەشتییە نەوتییەكان لە وێستگەكانی باشوری عێراقەوە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش بەهۆی دابەزینی كاتی توانای هەناردەی نەوت و پابەندبوونی بەغدا بە رێكەوتنامەكەی ئۆپیك، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش بەهەمان شێوە كەمیكردوە.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردووەتەوە، هەناردەی نەوتی عێراق لە باشورەوە كە زۆرترین نەوتی خاوی ئەو وڵاتەی لێوە هەناردە دەكرێت، لە 19 رۆژی یەكەمی مانگی نیساندا بەتێكڕا رۆژانە 3.10 ملیۆن بەرمیل بووە.

ئەوەش بەبەراورد بە مانگی رابردوو هەناردەی نەوت كەمیكردووە، بەشێوەیەك تێكڕای رۆژانەی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاردا 3.24 ملیۆن بەرمیل بووە.

رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشكردووە، كە نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان لەرێی بۆری جەیهانەوە بە تێكڕا 420 هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە لە مانگی نیساندا، لە كاتێكدا لە مانگی پێشووتردا ئەو بڕە 515 هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە، ئەوەش بەپێی زانیارییەكانی كۆمپانیای سۆمۆ. 

سەرەڕای پابەندبوونی عێراق بە رێكکەوتنامەكەی ئۆپیكەوە بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، هاوكات هۆكارێكی دیكەی كەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی عێراق بەهۆی كەمبوونەوە توانای ئەو وڵاتەوەیە بۆ هەناردەكردنی نەوت دوای ئەوەی تانكەرێك بەهۆی بەهێزی با خۆی كێشا بەپردێكدا و لە ئێستادا لەچاككردنەوەدایە.

كۆتایی‌ مانگی كانونی یەكەمی ساڵی‌ رابردوو، ئەندامانی رێكخراوی ئۆپیك، گەیشتنە رێكکەوتن لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەوەش یەكەمین رێكکەوتنی لەو شێوەیەی ئەو وڵاتانەیە لەدوای ساڵی 2008ەوە.

دواتر بەرهەمهێنەرانی نەوت لە رێكخراوی ئۆپیك ‌و وڵاتانی دەرەوەی رێكخراوەكە كە 11 وڵاتن، بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2001ەوە رێكەوتن بەهاوبەشی بەرهەمهێنانی نەوت سنوردار بكەن ئەوەش بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی كەڵەكەبوونی نەوتی خاو. 

بۆ راوەستاندنی دابەزینی نرخەكانی نەوتی خاو، ئەندامانی رێكخراوی ئۆپیك لەگەڵ ئەوەدان رێكکەوتنەكە درێژێژبكرێتەوە، كە ئامانج لێی هاوسەنگ كردنی بازاڕی نەوتە و لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا وادەكەی بەسەردەچێت. 

بەپێی رێكکەوتنەكە 14 وڵاتەكەی ئەندامی رێكخراوی ئۆپیك 1.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە كەم دەكەنەوەو بەوەش كۆی ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی ئەو وڵاتانە كەمدەبێتەوە بۆ 32.5 ملیۆن بەرمیل.

رێكکەوتنەكانی وڵاتانی ئۆپیك و دەرەوەی ئۆپیك، رۆژانە ملیۆنێك و 800 هەزار بەرمیل هەناردەی رۆژانە كەمدەكاتەوە، بە جۆرێك  دەرەوەی ئۆپیك 600 هەزار بەرمیل رۆژانە هەناردە كەمدەكەنەوەو وڵاتانی ئۆپیكیش ملیۆنێك و 200 هەزار كەمدەكەنەوە. 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP