xendan ads

چیرۆكی شەهید ژیلوان؛ منداڵەكانی خۆیان بۆ گەشت ئامادەكردبوو، بەڵام تەرمەكەی هاتەوە

- 4/20/2017 8:03:00 PM 64027 جار خوێندراوەتەوە
شەهید ژیلوان و شەنگەی كچی

خەندان-

چەند رۆژێكی كەم پێش شەهیدبوونی، ژیلوان فایەق بەڵێنی بەمنداڵەكانیدا لەدوای گەڕانەوەی لەبەرەی شەڕ بیانبات بۆ گەشت و ئەوانیش خۆیان ئامادەكردبوو، بەڵام رۆژێك پێش گەڕانەوەی مینێكی چێنراوی داعش كۆتایی بەژیانی هێناو لەبەڵێنەكەی كرد.

ژیلوان بەرەبەیانێكی زووی مانگی نۆی 2015 بەرەو بارەگای لیوا لەوێشەوە بەرەو خوارووی كەركوك بەڕێكەوت، بەڵام دڵی هەر لەلای منداڵەكانی بوو، بەو پێیەی شەوی پێش رۆیشتنی بەڵێنی پێدابوون كە هاتەوە دەیانبات بۆ گەشت و پێی وتبوون كە خۆیان ئامادەبكەن.

سەرەڕای ئەوە، ئەو رۆژەی ژیلوان رۆیشتەوە بۆ دەوام، یەكەم رۆژی چوونە قوتابخانەی شاتووی كچی بوو، بۆیە هەر دوو كاتژمێر دوای رۆیشتنی پەیوەندی بە هاوسەرەكەیەوە كرد كە ئاگاداری شاتوو بێت.

بیشوان (37 ساڵ) هاوسەری شەهید بەخەندانی وت  "كاتژمێر 8ی ئەو بەیانییە تەلەفۆنی بۆكردم‌و وتی شاتوو غافڵ مەكە، چونكە یەكەم رۆژی بوو بچێتە بەر خوێندن، دڵی لای بوو، تا سەعات 2ی پاشنیوەڕۆ چەند جارێك تەلەفۆنی كردەوەو هەواڵی شاتووی پرسی".

شەهید ژیلوان و منداڵەكانی

 

دوایین جار كە بیشوان قسەی لەگەڵ ژیلوان كرد، دەوروبەری سەعات 3ی پاشنیوەڕۆ بوو پێیوت زۆر ماندووە دوایی قسەدەكەنەوە، "ئیتر ئەوە دوا جاری بوو كەقسەی لەگەڵ كردم، چونكە دوای من باوكی تەلەفۆنی بۆ كرد، دوای شەهیدبوونی رێبینی هاوڕێ‌‌و هاوسەنگەری وتی هەر چەند خولەكێك پاش تەلەفۆنەكەی باوكی شەهیدبووە".

شەهید ژیلوان لەبەرەكانی جەنگ

 

ژیلوان شەوی پێش رۆیشتنەوەی بۆ دەوام، تا درەنگانێكی شەو لەگەڵ منداڵەكانی یاریكرد "پێم وت بۆ ناخەوی وتی خۆ دنیا هەر خەو نییە با پڕ بەدڵی خۆم یاری بكەم لەگەڵ مناڵەكان"، بیشوان بەگریانەوە وایوت.

شەهید ژیلوان فایەق قادر لەساڵی 1977 لەشاری كەركوك لەدایكبووە، تا پۆلی سێهەمی ناوەندی خوێندووە، لەتەمەنی 17 ساڵیەوە تێكەڵ بە كاری سیاسی بووە، لەساڵی 2014 دا لە لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی بووەتە پێشمەرگە- بەشی ئالیاتی لیواكە، لە 30/9/ 2015 لە ناو گوندی سەید خەڵەفی خوارووی كەركوك لەگەڵ هاوڕێیەكی تری بەناوی تەیب كامل بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێك شەهیدبوون.

شەهید دوو خوشك‌و سێ‌ برای هەیە‌و دایك‌و باوكیشی لەژیاندا ماون. لەساڵی 2004 لەگەڵ بیشوان حەمەد ئەمین هاوسەرگیری كردووە.

ژیلوان دەوروبەری كاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ شەهید دەبێت، بەڵام نزیكەی سێ‌ كاتژمێر دوای شەهیدبوونی هەواڵە جەرگبڕەكە دەگاتە هاوسەرەكەی، كاتێك خوشكێكی خۆی و خوشكێكی شەهید ژیلوان پێی دەڵێن لەگەڵیان بچێت بۆ نەخۆشخانە چونكە ژیلوان بریندارە.

لەگەڵ بیستنی ئەو هەواڵە، بیشوان دڵی خەبەریدا كە هاوسەرەكەی شەهیدبووە، بەتایبەتی كاتێك شوێنەواری گریانی بەدەموچاوی خوشكەكەی خۆی و خوشەكەكەی ژیلوانەوە بینی "پێموتن بەڕاست هەر بریندار بووە، وتیان با بچین بۆ نەخۆشخانەی جامیعەكە، كە وایان وت تۆزێك هۆشم هاتەوە".

لەكاتێكدا بیشوان بەنیاز بوو بچێتە نەخۆشخانە، تەرمی ژیلوان گەیەنرابووە مزگەوتی ئیحسانی بەكرەجۆ، هەر ئەوكات ئەوانیش بەرەو بەكرەجۆ گەڕانەوە.

بەر لەدەستپێكردنی شەڕی داعش بیشوان‌و شەهید ژیلوان بەهیوایەكی زۆرەوە بەرەو رووی ژیان هەنگاویان دەهاویشت‌و بەنیازی دەستپێكی ژیانێكی خۆش بوون، بیشوان دەڵێت ساڵ و نیوێك بوو لەماڵی خەزووری جیاببونەوە، خانوویەكیان بەكرێ‌ گرتبوو.

هەروەها وتی "هیوامان بەداهاتوویەكی پرشنگداربوو بۆ خۆمان‌و مناڵەكانمان، بەڵام هاتنی تیرۆریستانی داعش هەموو شتێكی لێتێكداین".

بەرهەمی هاوسەرگیریی شەهید ژیلوان و بیشوان سێ‌ كچە بەناوەكانی شەنگە 12 ساڵ، شاتوو هەشت ساڵ، گوڵی دوو ساڵ.

بیشوان باسی لەوەكرد، چەند رۆژێك بەر لەشەهیدبوونی مناڵەكان بەژیلوانیان وت حەزیان لێیە بچین بۆ تەوێڵەو بیارەو لەوێ‌ بچنە ئەو چێشتخانەی ژنێك سەرپەرشتی ئەكات، ئەویش وتی رۆژی پێنجشەممە لەدەوام دێتەوە رۆژی هەینی دەیانبات و خۆتان ئامادە بكەن، "ئێمەش خۆمان ئامادەكردبوو، بەڵام چوارشەممە تەرمەكەی هاتەوە، ئەوەم هەرگیز لەبیر ناچێت".

گوڵی لەبەرئەوەی تەمەنی كەمتر بوو لەشەش مانگ كاتێك باوكی شەهید بوو، جارێ‌ هەست بەوەناكات باوكی نەماوەو وادەزانێت باپیرەی باوكیەتی، بەڵام شەنگەو شاتوو زۆر كاریگەرن بەشەهیدبوونی باوكیان، بەتایبەتی شەنگە كە زۆر پەیوەست بووە بە باوكییەوە.

گوڵی ماچی وێنەی شەهید ژیلوان دەكات

 

بیشوان گێرایەوە "مانگێك بەر لەوەی باوكی شەهیدبێت لەمانگی ئابدا كە زۆر گەرم بوو، دێكانی برازام كە هاوتەمەنیەتی، بەشەنگەی وتبوو بۆ نایەیتە ژوورەوە، ئەویش وتبووی نایەم چونكە باوكیشم ئێستا لەبەرەكانی شەڕ لەبەر ئەو گەرمایەدایە، ئاوی ساردیش ناخۆمەوە چونكە باوكم ئێستا لەوێ‌ ئاوی ساردی دەستناكەوێت، بەو رادەیە باوكی خۆشدەویست، زۆرجار نانی نەدەخوارد ئەیوت ئەبێ‌ بزانم باوكم چی ئەخوات".

 لەپاش شەهیدبوونی باوكییەوە شەنگە ناتوانێت ناوی باوكی بهێنێت، بەباسكردنی یەكسەر دەستدەكات بەگریان.

ژیلوان رۆژی 30/9/2015 لەگەڵ تەیبی هاوسەنگەری لەگوندی سەید خەڵەفی خواروی كەركوك رۆیشتن بۆ چاككردنەوەی ئۆتۆمبیلێك بەو پێیەی بەشەكەی ئەوان تایبەت بوو بە چاككردنەوەی ئۆتۆمبیلەكان، لەپڕ بۆمبێك پێیاندا تەقیەوەو هەردووكیان شەهید بوون.

رێبین ئەحمەد هاوڕێ‌‌و هاوسەنگەری شەهید بەخەندانی وت "دەوروبەری سەعات سێی پاشنیوەڕۆ بوو، چووبووم ئۆتۆمبێلێك چاك بكەم و دوور نەبووین لەیەكەوە، هەردوو شەهید ژیلوان‌و تەیب پێكەوە چووبوون ئۆتۆمبێلێكی تر چاك بكەنەوە، لەناكاو لەلایەن وەستا هاوڕێ‌ كە هاوسەنگەرمان بوو تەلەفۆنم بۆكرا، وتی بۆمبێك بە ژیلوان‌و تەیب دا تەقیوەتەوە".

هەر خێرا رێبین خۆی گەیاندە لایان "بینیم هەردووكیان شەهیدبوون‌و بەر لەمنیش دەستبەجێ‌ موقەدەم بەرزان كە فەرماندەمان بوو گەیشتبووە لایان".

رێبین كە هاوڕێیەكی نزیكی شەهید ژیلوانە دەڵێت "ئێمە هاوڕێ‌‌و برای یەك بووین، بەردەوام پێكەوبووین، شەهید ژیلوان كەسێكی زۆر باش‌و بەكەڵك و بەدیسپلین بوو، كارەكەی خۆی زۆر خۆشدەویست".

لەو كاتەوەی ژیلوان شەهید بووە، رێبین و هاوڕێكانی بەیانیان لەو شوێنە ئاگر ناكەنەوەو نان ناخۆن، كە پێش شەهیدبوونی ژیلوان پێكەوە تێیدا نانیان ئامادە دەكرد.

 شەهید ژیلوان

 

لەوتەی ژیلوان شەهیدبووە هاوسەرەكەی و منداڵەكانی ناتوانن بچنەوە ئەو خانوەی تێیدا دەژیان، چونكە وەك خۆیان دەڵێن پڕیەتی لەیادەوەری شەهید، بۆیە تەنها مەگەر بۆ هێنانی هەندێك پێداویستی بۆ ماوەی چەند خولەكێك بچنەوە بۆ ماڵەكەی خۆیان، بۆیە لەئێستادا لەگەڵ ماڵی باوكی شەهید دەژین لەهەمان گەڕەك لە بەكرەجۆی تازە.

دابان (31 ساڵ) برای شەهید، پێشتر پۆلیس بووە لەلیوای نەوت‌و گازو هەمیشە لەگەڵ شەهید پێكەوە بوون دەڵێت "شەهید ژیلوان براو باوك‌و هاوڕێم بوو، بەر لەوەی بمگوێزێتەوە بۆ لای خۆی لەكاتی شەڕدا هەمیشە دڵی لام بوو و تەلەفۆنی بۆ دەكردم، هەمیشە پێكەوەبووین".

دابان كە چەند مانگێك بەر لەشەهیدبوونی ژیلوانی برای گواستراوەتەوە بۆ لیواكەی ئەو، لەدوای شەهیدبوونی براكەی بەنیاز بوو واز لە دەوام بهێنێت "دواتر بەهەوڵی هاوڕێكانمان‌و بەبیركردنەوەی خۆم بەوەی شوێنەكەی چۆل ناكەم درێژەمدا بەخزمەتكردن لەلیوای یەكی پاراستنی سلێمانی".

 شەهید ژیلوان لەگەڵ دابانی برای

"جگە لەخۆشویستن‌و خزمەتكردنی نیشتمان، ئامانجی سەرەكی شەهید ژیلوان گرنگیدان بوو بەخێزان‌و مناڵەكەی، زۆری خۆشدەویستن، ئاواتی ئەوە بوو مناڵەكانی بەباشی گەورە بكات‌و خوێندنیان پێ تەواو بكات،زۆر حەزی لەگەشت‌و گەڕانیش بوو، بەر لەوەی شەهیدبێ بەمنی وت خۆتان ئامادە بكەن رۆژی هەینی ئەچین بۆ ناوچەی هەورامان دوو شەو لەوێ‌ دەبین"، دابان وایوت

ماڵی شەهید لەگەڕەكی بەكرەجۆی تازەیە، گۆڕەكەشی لە گۆڕستانی هەمان گەڕەكە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP