xendan ads

بەشیر خەلیل بۆ خەندان: خولی راهێنان بۆ مامۆستایانی ئاینی دەكرێتەوە

- 4/19/2017 9:42:00 PM 4876 جار خوێندراوەتەوە
د.بەشیر خەلیل حەداد

خەندان- هەڤاڵ محەمەد

بەشیر خەلیل حەداد ئەندامی بۆردی دیاریكردنی وتاری هەینی لەوەزارەتی ئەوقاف رایگەیاند، لەئایندەیەكی نزیكدا پەیمانگایەكی راهێنان تایبەت بەمامۆستایان دەكرێتەوەو هەموو مامۆستایەكی ئاینی دەبێت بۆ ماوەی دوو مانگ و هەفتانە چوار رۆژ راهێنان و چۆنیەتی هونەری وتاربێژی ببینێت.

دوێنێ وەزارەتی ئەوقاف بۆ یەكەمجار سێ تەوەری بۆ وتاری هەینی داهاتووی مامۆستایان دیاریكرد، تا وتابێژانی مزگەوتەكان یەكێكیان هەڵبژێرن و وتارەكانیان تەرخان بكەن پێی.

بەشیر خەلیل كە لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی بوو ئاماژە بەوەشدەكات، رەنگیشە لەچەند هەفتەی داهاتوودا وتاری نوسراو دابنرێت بۆ مامۆستایان، بەڵام ئەوە ناسەپێنرێت لەسەریان و رەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ وتاربێژە نوێیەكان.

خەندان: بۆچی بیر لەدەركردنی بڕیاری دیاریكردنی وتاری هەینی كرایەوە؟

د.بەشیر خەلیل: مانگی نۆی ساڵی 2016 وەزارەتی ئەوقافی كاروباری ئاینی كۆنفراسێكی سازكردو زیاتر لە 200 مامۆستاو بیرمەندی ئاینی تێیدا بەشداربوون، باس لەچاكسازیكردن كرا لەگوتاری ئاینی و وتاری هەینی، لەكۆنفراسەكەدا كۆمەڵێك راسپاردە دەركرا، یەكێك لەراسپاردەكان رێكخستنی گوتاری ئاینی بوو لەهەرێمی كوردستاندا، وتاری هەینی كاریگەری زۆری هەیە بەسەر بیری هاوڵاتیاندا بە پێویست زانرا ئەو رێكخستنەی تێدا دابكرێت، هەربۆیە وەزارەتی ئەوقاف لیژنەیەكی باڵای لەدەرەوەی وەزارەت راسپارد بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی كۆنفرانسەكە، ئەو لیژنەیەش بۆردێكی دروستكرد.

خەندان: ئامانج لەدروستكردنی ئەو بۆردە چی بوو؟

بەشیر خەلیل: مامۆستایانی ئاینی هەموویان لەیەك ئاستی رۆشبیریدا نین بۆیە پێویستیان بەوە هەیە هاوكاریبكرێن لەدەستنیشانكردنی وتاری رۆژانی هەینی، هەفتانە سێ بابەتی وتار بۆ مامۆستایانی ئاینی دیاریدەكرێت و لەماڵپەڕی وەزارەتی ئەوقاف بڵاودەكرێتەوە.

خەندان: ئەو سێ بابەتە لەسەر چی بنەمایەك دیاریدەكرێت؟

بەشیر خەلیل: بۆ دەستنیشانكردنی وتارەكان رووداوی رۆژ یان هەفتە رەچاو دەكرێت، ئیدی نەتەوەیی بێت یان جیهانی، بۆنمونە هەموو بۆنە جیهانیەكانی وەكو رۆژی جیهانی ئافرت و منداڵ و مافی مرۆڤ رەچاو دەكرێت، هەروەها بۆنە ئاینییەكان و جەژنەكان و رووداوە نەتەوەییەكان رەچاو دەكرێت، تەنها بۆردەكەش ئەو ناونیشانانە دەستنیشان ناكات، بەڵكو هەموو مامۆستایانی ئاینی لەهەرێمی كوردستان دەتوانن پێشنیازی بابەتێك بكات هەفتانە لەوتاری نوێژی هەیندا بكرێتە وتار.
تەنها ناونیشانەكە كە دیاریناكرێت بەڵكو هەندێك داتاو زانیاری دیاریدەكرێت تاوەكو مامۆستایانی ئاینی بتوانن سودی لێببینن.
  
خەندان: مامۆستایانی ئاینی دەتوانن لەو سێ تەوەرە لابدەن كە دیاریدەكرێت؟

د.بەشیر خەلیل: لەهەندێك شوێن رەنگە بابەتێك هەبێت پێویست بەوەدەكات مامۆستایانی ئاینی ئاماژەی پێبدەن، ئەوە دەكرێت لەگەڵ وتارەكەی باسیبكات و تێكەڵكێشی بكات و مامۆستا ئازادە، كاتێك ناونیشانەكەی دەدەینێ فەرز نەكراوە، مامۆستایان بۆخۆیان وتارەكە دادەڕێژن، رەنگیشە لەچەند هەفتەی داهاتوودا وتاری نوسراو دابنرێت ئەوەش فەرز نابێت لەسەر مامۆستایانی ئاینی بەڵكو یارمەتیدەرێك دەبێت بۆ ئەو وتار بێژانەی نوێن.

خەندان: ئەو بۆردە دەتوانێت لێپرسینەوە لەمامۆستایان بكات؟

د.بەشیر خەلیل: ئەوە تەنها كاری وەزارەتی ئەوقافەو ئیجرائاتی یاسایی خۆیان دەكەن، بەڵام لەئێستادا هیچ ئیجرائاتێك لەئارادا نییەو نامانەوێت شتەكان فەرزبكرێت، بەڵام پێمان باشە مامۆستا هەست بەوەبكات كەرێكخستنی هەركارێك لەناڕێكخستن باشترە، دڵنیاشم زۆربەی مامۆستایان پێیان باشە.

خەندان: دەوترێت دروستكردنی ئەو بۆردە بۆ كەمكردنەوەی ئازادییەكانی مامۆستایانی ئاینییە؟

د.بەشیر خەلیل: من خۆم لەبۆردەكەم و مامۆستای ئاینیشیم، قبوڵ ناكەم ئازادییەكان من و هیچ مامۆستایەك سنوردار بكرێت، بەڵام هەندێك پڕەنسیپ هەیە ئێمە دەبێت رەچاوی بكەین، واتا ئازادی رەها نییە، بۆیە نابێت مامۆستایانی ئاینی تەشهیرو نازڕاندن و جنێو و فاسقكردنی خەڵك بكەن، بەرانبەر بەمرۆڤ و ئایین و پیرۆزییەكان، مامۆستایان دەتوانن و ئازادن لەرەخنەگرتن، بەڵام دەبێت بۆ خزمەتكردن بێت نەك ناوزڕاندن و كەمكردنەوەی بەرانبەر.

خەندان: دەوترێت ئەو بۆردە بۆ ئەوەیە مامۆستایان باسی سیاسەت و دەسەڵات نەكەن؟

د.بەشیر خەلیل: لەهیچ راسپاردەیەكدا باسی ئەوە نەكراوە باسی سیاسەت نەكرێت، ئەمڕۆ سیاسەت لەخوێنی هەمواندایە، با باسبكرێت بەڵام وەكو خەمخۆرو ئامۆژگاریكردنی لایەنەكان و بەشێوەیەك كە هێمن و ئارامی و ئاشتی كۆمەڵایەتی بپارێزرێت، مەبەست لەچاككردنی سیاسەت و ئیدارەدانی خەڵك و پەیوەندی نێوان لایەنەكان بێت.

ئێمە تەنها وتارەكان چاكناكەینەوە وتاربێژیش چاكدەكەینەوە، لەئایندەیەكی نزیشكدا پەیمانگایەكی راهێنان تایبەت بەمامۆستایان دەكرێتەوەو هەموو مامۆستایەكی ئاینی دەبێت بۆ ماوەی دوو مانگ و هەفتانە چوار رۆژ راهێنان و چۆنیەتی هونەری وتاربێژی ببینێت.

خەندان: ئەو خولە هەموو مامۆستایانی ئاینی دەگرێتەوە؟

د.بەشیر خەلیل: بەڵێ هەموو مامۆستایانی ئاینی دەبێت ئەو خولە ببینێت لەو پەیماگایەداو هونەری وتاربێژی و هەموو پێداویستیەكانی وتارخوێنی دەوترێتەوە تاوەكو مامۆستایان لەئاست ئەو واقعەی ئەمڕۆدا بێت، بڕیاریش لەئایندەیەكی نزیكدا ئەو پەیمانگایە دەستبەكاربێت و لەئێستاشدا نیزام داخلیەكەی لەمەجلیسی شورایە تەنانەت شوێنەكەشی دیاریكراوە لەشاری هەولێر، لەهەرخولێكیشدا 60 مامۆستا بەشدار دەبن تێیدا.
وانەكان دیاریكراوەو شوێنی مانەوەش بۆ مامۆستایان دیاریكراوە تاوەكو وتاربێژەكان ئاستیان بەرزبێتەوە، بۆئەوەی هاوڵاتیان گلەییان لەوتارەكان نەمێنێت.


نیشانەکردن :

#حکومەتی هەرێم

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP