xendan ads

نرخی خۆراك له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبووه‌ته‌وه‌

- 4/19/2017 3:47:00 PM 20244 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د

نرخی خۆراكه‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌دوو هه‌فته‌یه‌ به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبووه‌ته‌وه‌، نرخی یه‌ك ته‌ن برنج زیاتر له‌ 500 دۆلار گرانبووه‌، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی ده‌ڵێت به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخه‌كان په‌یوه‌ندی‌ به‌ بازاڕه‌ جیهانییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌.

به‌پێی به‌دواداچونێكی‌ ماڵپه‌ڕی‌ خه‌ندان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ نرخی‌ زۆربه‌ی‌ خۆراكه‌كان له‌ بازاڕه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌تایبه‌تی‌ برنج به‌ڕێژه‌یه‌كی‌ به‌رچاو روویان له‌به‌رزبوونه‌وه‌ كردووه‌.

كۆڕه‌و چراخ یه‌كێك له‌فرۆشیاره‌كانی ناو بازاڕی شاری سلێمانی به‌خه‌ندان-ی راگه‌یاند، نرخی خوارده‌مه‌نییه‌کان له‌بازاڕه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌رزبووه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ نرخی‌ خوارده‌مه‌نیه‌ وشكه‌كان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، نرخی یه‌ك كیس برنجی پێنج كیلۆی زیاتر له‌ هه‌زار و 500 دینار چووه‌ته‌سه‌ری، یه‌ك كیس برنجی 10 كیلۆی زیاتر له‌ دوو هه‌زار و 250 دینار چووه‌ته‌سه‌ر نرخه‌كه‌ی.

به‌وته‌ی‌ كۆڕه‌و، به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌نرخه‌كان جیهانیه‌و په‌یوه‌ندی به‌هه‌رێمه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌ندێك نرخی دیكه‌ په‌یوه‌ندی به‌بازرگانه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌نرخه‌كانیان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌.

به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خۆراك له‌هه‌رێمی كوردستان له‌كاتێكدایه‌، هه‌رێمی‌ كوردستان زیاتر له‌ سێ ساڵه‌ له‌قه‌یرانی داراییدایه‌و به‌هۆیه‌وه‌ توانای‌ دارایی خه‌ڵك سنورداربووه‌، به‌تایبه‌تی‌ موچه‌خۆران كه‌ حكومه‌ت هێشتا سیسته‌می‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ په‌یڕه‌و ده‌كات.

سۆران غه‌فور سه‌رۆكی لیژنه‌ی چاودێری بازرگانی له‌ قایمقامیه‌تی سلێمانی كه‌ چاودێری‌ نرخه‌كان ده‌كه‌ن به‌خه‌ندانی راگه‌یاند "نرخه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌رزبووه‌ته‌وه‌ به‌ڵام برنج زۆرترین به‌رزبوونه‌وه‌ی تۆماركردووه‌ له‌بازاڕه‌كانی جیهاندا".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌ندێك نرخی سه‌وزه‌ وه‌كو ته‌ماته‌ به‌هۆی مه‌راسیمه‌كانی‌ 13 به‌ده‌ر له‌ئێران به‌رزبووه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها نرخی‌ خوارده‌مه‌نی وشكه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام نرخی ئاردو زه‌یت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌.

سۆران غه‌فور وتیشی "لیژنه‌ی چاودێریكردنی نرخ رۆژانه‌ چاودێری بازاڕ ده‌كات و نرخه‌كان بڵاوده‌كاته‌وه‌ هه‌ر بازرگانێك نرخ به‌رزبكاته‌وه‌ به‌بێ هۆ رێكاری یاسایی ده‌گیرێته‌به‌ر".

هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ پێداویستی‌ ناوخۆیی خۆراك، پشت به‌ هاورده‌كردنی‌ خۆراك ده‌به‌ستێت له‌ده‌ره‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌ وڵاتانی‌ دراوسێی‌ وه‌كو توركیاو ئێرانه‌وه‌.

 یه‌كێك له‌و خۆراكه‌ سه‌ره‌كیانه‌ كه‌ رۆژان به‌سه‌دان ته‌نی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ده‌كرێت  و خواستێكی‌ زۆری‌ له‌سه‌ره‌ برنجه‌، كه‌ چه‌ندین جۆری‌ هه‌یه‌ له‌ بازاڕه‌كانی‌ هه‌رێمدا كه‌ نرخه‌كانیان جیاوازه‌.

سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆك ژووری بازرگانی سلێمانی به‌خه‌ندان-ی وت "نرخی هه‌ندێك پێداویستی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆوه‌ بینیوه‌، به‌تایبه‌ت نرخی برنج له‌جیهاندا به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ زۆری به‌خۆوه‌ بینیوه‌، هه‌ر ته‌نێك 500 دۆلار چووه‌ته‌سه‌ری".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، نرخی‌ برنج له‌نرخی جیهانیدا به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 75 زیادیكردووه‌، هۆكاره‌كه‌شی زۆربونی خواسته‌ له‌سه‌رجه‌م وڵاتاندا، ئه‌و نرخه‌ی كه‌ئێستا له‌بازاڕه‌كانی كوردستاندا هه‌یه‌ پێده‌چێت به‌رزبوونه‌وه‌ی زیاتر به‌خۆوه‌ ببینێت.

سه‌رۆكی ژوری بازرگانی سلێمانی باسی‌ له‌وه‌كرد، به‌شێكی‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخه‌كان له‌ئێستادا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌رزی پێگه‌یشتنی برنج نییه‌و تاوه‌كو مانگی 10 برنج به‌رهه‌مناهێنرێت، هه‌روه‌ها له‌هه‌ریه‌كه‌ له‌وڵاته‌كانی سعودیه‌و ئێران خواستی له‌سه‌ره‌.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP