بارزانی پیرۆزبایی لە ئەردۆغان و یەڵدرم دەكات

- 4/18/2017 10:04:00 PM 21374 جار خوێندراوەتەوە
مەسعود بارزانی

خەندان-

مەسعود بارزانی بەبۆنەی سەركەوتنی دەنگی "بەڵێ" لە ڕیفراندۆمەكەی توركیادا پیرۆزبایی ئاڕاستەی هەریەكە لە ئەردۆغان سەرۆك كۆمار و بیناڵی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە كرد.

16ی ئەم مانگە، لەكێبڕكێیەكی سەختدا لە سەدا 51.3 ی خەڵكی توركیا لەریفراندۆمێكدا بە "بەڵی"  دەنگیاندا بە گۆڕانكاری دەستوریی توركیادا، بەوەش سیستمی سەرۆكایەتی لەو وڵاتە  پەسەندكرا.

لە دوو پەیامی جیاوازدا كەوێنەیەكی بۆ خەندان نێردراوە، مەسعود بارزان پیرۆزبایی ئاڕاستەی هەریەكە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆمار و بیناڵی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا كرد.

دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی ڕاپرسییەكە، پارتی دادو گەشەپێدانی فەرمانڕەوا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری‌ توركیا ، سەركەوتنی خۆیان لە ریفراندۆمەكەدا ڕاگەیاند.

پەرلەمانی توركیا 21ی‌ كانوونی‌ دووەمی‌ ئەمساڵ، پڕۆژە یاسای گۆڕانكاری لە دەستوری ئەو وڵاتە بۆ جێگیركردنی‌ سیستەمی‌ سەرۆكایەتی‌ پەسەندكردو دوێنێ‌ یەكشەممە لە ریفراندۆمی‌ گشتیدا بە زۆرینەی‌ دەنگ پەسەندكرا.

یاساكە بەناوی‌ (یاسای گۆڕانكاری دەستوری كۆماری توركیا) لەپەرلەمان بە 339 دەنگی بەڵێ و 142 دەنگی نەخێر و 5 دەنگی بەتاڵ و 2 دەنگی سوتاو پەسەندكرا و پەرلەمانتارانی ئاكەپە پێشوازییان لەپەسەندكردنی یاساكە كرد.

بەپێی‌ یاساكە ژمارەی پەرلەمانتاران لە ٥٥٠ پەرلەمانتارەوە دەبێت بە ٦٠٠ پەرلەمانتار و تەمەنی خۆپاڵاوتن بۆ پەرلەمان لە تەمەنی ٢٥ ساڵییەوە دەكرێت بە ١٨ ساڵ. 

هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆككۆمار پێنج ساڵ جارێك و لەهەمان ڕۆژدا ئەنجام دەدرێت و سەركۆمار پەیوەندی لەگەڵ پارتەكەی ناپچڕێنێت. 

ماوەی ویلایەتی سەرۆككۆمار بەپێی‌ یاساكە پێنج ساڵەو یەك كەس دەتوانێت تەنها دوو خول خۆی بۆ سەرۆككۆمار هەڵبژێرێت، ئەو پارتانەی كە دەیانەوێت پاڵێوراوی سەرۆككۆماریان هەبێت، پێویستە لانی كەم لە سەدا پێنجی كۆی دەنگەكانی وڵاتیان بەدەست هێنابێت، یان ١٠٠ هەزار دەنگدەر دەنگی پێدابن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP