بایدەمیر: نەخێر تازە دەستپێدەكات

- 4/18/2017 7:02:00 PM 9531 جار خوێندراوەتەوە
عوسمان بایدەمیر

خەندان- خۆشناو حسێن

عوسمان بایدەمیر وتەبێژی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، تێكۆشانی نەخێر تازە لە وڵاتدا دەستپێدەكات.

ئەو وتانەی بایدەمیر لەمیانی لەیەكەم كۆبوونەوەیدا هات لەگەڵ فراكسیۆنی پارتەكەی لەپەرلەمانی توركیا كە ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەچوو.

عوسمان بایدەمیر ئاماژەی بەوەكرد، هیچ سەركەوتنێك لە ئارادە نیەو ئەوانەی بەرگرییان لە نەخێر كردووە سەرەڕای هێرشەكان بەهێزەوە ئیرادەی خۆیان نیشانداوەو لە 17 شاری گەورەكەدا دەنگی نەخێر بردوویەتییەوەو تێكۆشانی نەخێر تازە لە وڵاتدا دەستپێدەكات.

16ی ئەم مانگە، لەكێبڕكێیەكی سەختدا لە سەدا 51.3 ی خەڵكی توركیا لەریفراندۆمێكدا بە "بەڵی"  دەنگیاندا بە گۆڕانكاری دەستوریی توركیادا، بەوەش سیستمی سەرۆكایەتی لەو وڵاتە  پەسەندكرا.

دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی ڕاپرسییەكە، پارتی دادو گەشەپێدانی فەرمانڕەوا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری‌ توركیا ، سەركەوتنی خۆیان لە ریفراندۆمەكەدا ڕاگەیاند.

بایدەمیر هەروەها وتی، "لەم قوناغەدا 11 هەزار كەسمان دەستگیركراون پێنج هەزار كەسی دیكەش زیندانی كراون، كە هاوسەرۆكانی گشتی هەدەپە لە گەڵ 11 پەرلەمانتارمان و 83 هاوسەرۆك شارەوانی زیندانیكراون، هەروەها لە قۆناغی بانگەشەی ریفراندۆمیشدا دوو هەزار و 165 چالاكوانانی نەخێر دەستگیركراون".

رونیشكردەوە، ئەردۆغان و راوێژكارانی لە 17 كەناڵی نیشتمانی 360 كاتژمێر بانگەشەی ریفراندۆمیان ئەنجامدا، لە بەرانبەردا تەنیا 58 خولەك دەرفەت دراوە بە هەدەپە لە كەناڵێكی نیشتمانیدا (تی ئاڕ تی) بانگەشەی نەخێر بكات، هەروەها لە یەكی مارسەوە تا 31 ی هەمان مانگ كەناڵی فەرمی توركیا (تی ئاڕ تی) دوو هەزار و 511 خولەك دراوە بە ئەردۆغان و راوێژكارانی و چوار هەزارو 46 خولەك بۆ بەرپرسانی ئاكەپە بەڵام هیچ خولەكێك نەدراوە بە هەدەپە".

"كوردەكان بەرێژەی سەدا 62 وتیان نەخێر، نەخێری كوردەكان دەرفەتێكی نوێ دەڕەخسێنێت بۆ كردنەوەی دەرگایەكی نوێ لە وڵاتدا"، بایدەمیر وایوت.

پەرلەمانی توركیا 21ی‌ كانوونی‌ دووەمی‌ ئەمساڵ، پڕۆژە یاسای گۆڕانكاری لە دەستوری ئەو وڵاتە بۆ جێگیركردنی‌ سیستەمی‌ سەرۆكایەتی‌ پەسەندكردو دوێنێ‌ یەكشەممە لە ریفراندۆمی‌ گشتیدا بە زۆرینەی‌ دەنگ پەسەندكرا.

یاساكە بەناوی‌ (یاسای گۆڕانكاری دەستوری كۆماری توركیا) لەپەرلەمان بە 339 دەنگی بەڵێ و 142 دەنگی نەخێر و 5 دەنگی بەتاڵ و 2 دەنگی سوتاو پەسەندكرا و پەرلەمانتارانی ئاكەپە پێشوازییان لەپەسەندكردنی یاساكە كرد.

بەپێی‌ یاساكە ژمارەی پەرلەمانتاران لە ٥٥٠ پەرلەمانتارەوە دەبێت بە ٦٠٠ پەرلەمانتار و تەمەنی خۆپاڵاوتن بۆ پەرلەمان لە تەمەنی ٢٥ ساڵییەوە دەكرێت بە ١٨ ساڵ. 

هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆككۆمار پێنج ساڵ جارێك و لەهەمان ڕۆژدا ئەنجام دەدرێت و سەركۆمار پەیوەندی لەگەڵ پارتەكەی ناپچڕێنێت. 

ماوەی ویلایەتی سەرۆككۆمار بەپێی‌ یاساكە پێنج ساڵەو یەك كەس دەتوانێت تەنها دوو خول خۆی بۆ سەرۆككۆمار هەڵبژێرێت، ئەو پارتانەی كە دەیانەوێت پاڵێوراوی سەرۆككۆماریان هەبێت، پێویستە لانی كەم لە سەدا پێنجی كۆی دەنگەكانی وڵاتیان بەدەست هێنابێت، یان ١٠٠ هەزار دەنگدەر دەنگی پێدابن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP