xendan ads

دوای‌ شه‌هیدبوونی‌ له‌دایك بوو
توانا به‌ئاواته‌وه‌بوو كوڕه‌كه‌ی‌ ببینێت

- 4/17/2017 7:59:00 PM 48594 جار خوێندراوەتەوە
شه‌هید توانا

خه‌ندان-

توانا، به‌حه‌سره‌ته‌وه‌ چاوه‌ڕوان بوو، كوڕه‌كه‌ی‌ له‌ دایك ببێت و منداڵی‌ خۆی‌ له‌باوه‌ش بگرێت، ئه‌و ته‌نها ساڵێك‌و چەند مانگێك بوو هاوسه‌رگیری‌ كردبوو، ده‌مه‌و عه‌سرانێكی‌ ناوه‌ڕاستی‌ پایزی‌ 2014 خۆكوژێكی‌ داعش خۆیكرد به‌ باره‌گای‌ ئاسایشی‌ كوڵه‌جۆداو بۆ هه‌میشه‌ توانای‌ له‌ خه‌ونه‌كه‌ی‌ كرد.

كاتێك داعش شارۆچكه‌ی‌ گوڵاڵه داگیر ده‌كه‌ن، توانا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ری‌ ماڵه‌كه‌ی‌ بۆ ناحیه‌ى كوڵه‌جۆی‌ قه‌زای‌ كفری‌ ده‌گوازێته‌وه‌و وه‌ك كارمه‌ندی‌ ئاسایش له‌بنكه‌ی‌ ئاسایشی‌ ناحیه‌كه‌ له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

رۆژی‌ 12-11-2014، توانا، له‌باره‌گای‌ ئاسایش له‌ئه‌ركدا بوو، ئه‌و كاته‌ی‌ ئه‌و پاسه‌وان ده‌بێت، خۆكوژێكی‌ داعش به‌ ئۆتۆمبێلێكی‌ بۆمبڕێژكراوه‌وه‌ خۆی‌ ده‌كات به‌ بنكه‌كه‌داو له‌وێدا توانا و دوو هاوڕێی‌ شه‌هید ده‌بن.

توانا سه‌باح سه‌عید، له‌ساڵی‌ 1989 له‌ناحیه‌ی‌ كوڵه‌جۆی‌ سه‌ر به‌قه‌زای‌ كفری‌ له‌دایكبووه‌، تاقۆناغی‌ شه‌شه‌می‌ بنه‌ره‌تی‌ خوێندن بووه‌، له‌ساڵی‌ 2007بووه‌ته‌ كارمه‌ندی‌ ئاسایشی‌ كوڵه‌جۆ، تاساتی‌ شه‌هیدبوونی‌ له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی‌ به‌رده‌وام بوو.

توانا، ساڵی‌2013 له‌گه‌ڵ ڤیان فوئاد،27 ساڵ، هاوسه‌رگیریی‌ ده‌كات سێ مانگ دوای‌ شه‌هیدبوونی‌ كوڕێكیان ده‌بێت و خانه‌واده‌كه‌ی‌ كوڕه‌كه‌ ناو ده‌نێن شه‌هید.

 شه‌هید-ی‌ كوری‌ شه‌هید توانا

 

ڤیان بەده‌نگێكی‌ پرغه‌مه‌وه‌، ساتی‌ رووداوه‌كه‌ی‌ بۆخه‌ندان، باسكرد، ماڵی‌ توانا نزیك له‌ بنكه‌ی‌ ئاسایشی‌ كوڵه‌ جۆده‌بێت، ئه‌و عه‌سره‌، ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ به‌هێز له‌ بنكه‌كه‌ ڤیان راده‌چڵه‌كێنێت، ده‌نگێك بۆ هه‌میشه‌ توانای‌ لێ دوورخسته‌وه‌.

وتی : ‌"عه‌سر بوو، من خه‌وتبووم له‌ماڵی‌ خۆمان كه‌ زۆر دوور نه‌بوو له‌باره‌گای‌ ئاسایشی‌ كوڵه‌جۆ، له‌ناكاو گوێم له‌ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ زۆر گه‌وره‌بوو، وه‌كو بومه‌له‌رزه‌ وابوو، ده‌ستبه‌جێ‌ خه‌به‌ری‌ ئه‌وه‌یان پێداین كه‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ باره‌گای‌ ئاسایش بووه‌و توانا بریندار بووه‌".

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌واڵی‌ برینداربوونی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ پێده‌درێت، ڤیان راسته‌وخۆ به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ی‌ كه‌لار به‌ڕێده‌كه‌وێت"خه‌ڵكێكی‌ زۆر له‌خزم ‌و ناسیاوه‌كانمان له‌وێ‌ بوون، نه‌یانهێشت بچمه‌ژووره‌وه‌ بۆلای‌، تومه‌ز شه‌هیدبووه‌، به‌ڵام دوای‌ نزیكه‌ی‌ دوو سه‌عات به‌منیان وت شه‌هیدبووه‌".

به‌وته‌ی‌ ڤیان، توانا زۆر به‌ئاواته‌وه‌ ده‌بێت منداڵه‌كه‌ی‌ ببینێت كه‌ سێ مانگ دوای‌ شه‌هیدبوونی‌ له‌ دایك بوو"منداڵه‌كه‌م كه‌ زانای‌ مامی‌ ناوی‌ شه‌هیدی‌ لێنا، سێ‌ مانگ ‌و سێ‌ رۆژ دوای‌ شه‌هیدبوونی‌ باوكی‌ له‌دایكبوو، ئێستا به‌مامی‌ ده‌ڵێت باوه‌".

"به‌ر له‌ده‌ستپێكردنی‌ شه‌ڕی‌ داعش ژیانمان زۆر خۆش بوو، سه‌ره‌تا ماڵمان له‌جه‌له‌ولا بوو، له‌گه‌ڵ داگیركردنی‌ له‌لایه‌ن داعش-ه‌وه‌ هاتینه‌ كوڵه‌جۆ، توانا كه‌سێكی‌ زۆر باش بوو، زیاتر حه‌زی‌ لێبوو له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا بچێت بۆ گه‌شتوگوزار، زۆر حه‌زی‌ له‌خواردنی‌ تایبه‌ت بوو"، ڤیان وایوت.

شه‌هید توانا

 

مه‌حمود جومعه‌، 42 ساڵ، هاوڕێ‌ ‌و هاوسه‌نگه‌ری‌ توانا بووه‌، ساتی‌ مه‌رگیشی‌ هه‌ر له‌گه‌ڵی‌ بوو، بۆ خه‌ندان ساته‌وه‌ختی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ باسكرد" من له‌ژووره‌وه‌ بووم له‌گه‌ڵ شه‌هید ئاشتی‌ له‌یه‌ك ژووردابووین، شه‌هید توانا پاسه‌وان بوو، له‌پڕ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ روویداو بیناكه‌ به‌سه‌رماندا رووخا".

"مۆبایله‌كه‌م ده‌ركرد‌و له‌ژێر سه‌قفی‌ روخاوی‌ ژووره‌كه‌وه‌ ته‌له‌فۆنم بۆ زۆر كه‌س كردو پێم وتن  له‌ژێر بیناكه‌داین، ئاشتی‌ چه‌ندجارێك بانگی‌ منی‌ كرد پاشان ده‌نگی‌ نه‌ما‌و شه‌هیدبوو، كارمه‌ندێكی‌ تریشمان به‌ناوی‌ هه‌ڵگورد شه‌هیدبوو، به‌ڵام له‌ژوورێكی‌ تردا بوو، ماوه‌یه‌كی‌ پێچوو توانیم ده‌ستم له‌شوێنێكه‌وه‌ ده‌ربكه‌م‌و خه‌ڵكی‌ به‌هانامه‌وه‌ هاتن"، مه‌حمود وای‌ وت.

ئه‌و هاورێیه‌ی‌ ، سه‌باره‌ت به‌ كه‌سێتی‌ توانا وتی‌"به‌ڕاستی‌ كه‌سێكی‌ چاونه‌ترس بوو، خۆشه‌ویستی‌ هه‌موومان بوو، هه‌ردوو شه‌هیده‌كه‌ی‌ تریش به‌هه‌مان شێوه‌، به‌ڵام شه‌هید توانا زۆر هاوڕێم بوو، زیاتر له‌شه‌ش ساڵ بوو هاوڕێ‌ بووین، یه‌كترمان زۆر خۆشده‌ویست، شه‌هیدبوونی‌ بێتاقه‌ت‌و خه‌مباری‌ كردم".

شەهید تواناو مەحمودی هاوڕێی

 

زانای‌ برای‌ توانا، ئێستا له‌شوێنی‌ براكه‌ی‌ له‌ بنكه‌ی‌ ئاسایشی‌ كوڵه‌جۆ له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی‌ به‌رده‌وامه‌، ئه‌و یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ شوێنی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌.

زانا،30ساڵ، بۆ خه‌ندان باسیله‌وه‌كرد، كاتژمێر 02:30ی‌ داونیوه‌رۆ بووه‌، ئه‌و نزیكه‌ی‌ دوو كیلۆمه‌تر لێیانه‌وه‌ دووربووه‌ كاتێك خۆكوژێكی‌ داعش، به‌ئۆتۆمبێلێكی‌ بۆمبڕێژكراوه‌وه‌ خۆی‌ كردووه‌ به‌ باره‌گای‌ ئاسایشی‌ كوڵه‌جۆ دا‌و ته‌قیوه‌ته‌وه‌.

"ده‌ستبه‌جێ‌ گه‌یشتمه‌ شوێنی‌ رووداوه‌كه‌ بینیم توانای‌ برام به‌سه‌ختی‌ برینداربووه‌و كه‌وتووه‌ له‌گه‌ڵ دانای‌ برامدا به‌په‌له‌ گه‌یاندمانه‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ شه‌هید هه‌ژار له‌كه‌لار له‌ڕێگه‌ باسیله‌وه‌كرد له‌كاتی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌دا نۆره‌ پاسه‌وانی‌ ئه‌و‌بووه‌‌و نزیكه‌ی‌ 20 گولە‌ی‌ ناوه‌ به‌ تیرۆریسته‌كه‌وه‌‌و كوشتویه‌تی،‌ به‌ڵام توانیویه‌تی‌ خۆی‌ بته‌قێنێته‌وه‌"، زانا وای‌ وت.

به‌وته‌ی‌ زانا، دوای‌ 45 خوله‌ك مانه‌وه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ توانا شه‌هید ده‌بێت،"به‌ڕاستی‌ كاره‌ساتێكی‌ گه‌وره‌ بوو، به‌ڵام ئه‌و له‌پێناو پاراستنی‌ كوردستاندا شه‌هیدبوو، بۆیه‌ مایه‌ی‌ شانازیمانه‌".

وتیشی‌"له‌گه‌ڵ شه‌هید توانا وه‌كو هاوڕێ‌ وابووین، هه‌میشه‌ پێكه‌وبووین، رۆژێك به‌ر له‌شه‌هیدبوونی‌ پێكه‌وه‌ له‌سلێمانی‌ بووین، كاتێكی‌ خۆشمان به‌سه‌ربرد، ئه‌و كه‌سێك بوو زۆر نیشتمانه‌كه‌ی‌ خۆشده‌ویست، كوردپه‌روه‌ر بوو".

ئێستا ڤیان‌ و شه‌هید-ی‌ كوڕی‌ له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ی‌ توانا له‌ناحیه‌ی‌ رزگاری‌ سه‌ربه‌ قه‌زای‌ كه‌لار ‌ده‌ژین،  گۆڕی‌ شه‌هیدیش له‌گۆڕستانی‌ ناحیه‌ی‌ كوڵه‌جۆیه‌.

توانا شه‌ش خوشك‌و سێ‌ برای‌ هه‌یه‌و برا بچوكی‌ خانه‌واده‌كه‌ی‌ بووه‌ .



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP