xendan ads

ریفراندۆمه‌كه‌ی توركیا چی‌ ده‌گۆڕێت؟

- 4/16/2017 2:19:00 PM 4076 جار خوێندراوەتەوە
له‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی‌ ئەمڕۆدا 55 ملیۆن و 319 هەزار و 222 كه‌س دەنگدەدەن

خه‌ندان- هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د

چاوه‌كان له‌سه‌ر ئه‌نجامی‌ ریفراندۆمه‌ مێژووییه‌كه‌ی‌ توركیایه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌ستیپێكردو چاوه‌ڕوانده‌كرێت كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌ له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی‌ سیاسی ئه‌و وڵاته‌ جێبهێڵێت.

پڕۆسه‌كه‌ دوای‌ بانگه‌شه‌یه‌كی‌ توندی‌ لایه‌نه‌كان به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ ده‌ستیپێكرد، بڕیاره‌ تاوه‌كو كاتژمێر پێنجی‌ ئێواره‌ به‌رده‌وام بێت، له‌پڕۆسه‌كه‌دا زیاتر له‌ 55 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌.

له‌ده‌نگدانه‌كه‌دا، ركابەری سەخت لە نێوان چوار پارتی‌ سەرەكی ئەو وڵاتەدایه‌، هەریەكە لە پارتی ئه‌كەپەو مەهەپە بەبەرەی "بەڵێ" ناسراون و جەهەپە و هەدەپە بە بەرەی "نەخێر".

پارتی‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ توركیا (ئه‌كه‌په‌) ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ی‌ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ده‌ستورییانه‌وه‌، سیسته‌می‌ حوكم بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ بگۆڕێت، كه‌ نیگه‌رانی‌ پارته‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ی‌ لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

ریفراندۆمه‌كه‌ دوای‌ كه‌متر له‌ساڵێك دێت له‌هه‌وڵی‌ ئه‌نجامدانی‌ كوده‌تا به‌سه‌ر پارتی‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ ئێستای‌ توركیا، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ به‌هه‌زاران كه‌س دورخراونه‌ته‌وه‌و خراونه‌ته‌ زیندانه‌وه‌.

عومه‌ر عه‌لی شاره‌زا له‌ كاروباری توركیا به‌خه‌ندان-ی راگه‌یاند "ریفراندۆمی توركیا به‌هه‌مان هه‌ناسه‌ی دوای هه‌وڵی‌ كوده‌تاكه‌ ئه‌نجامده‌درێت، كاریگه‌ری كوده‌تاكه‌ی زۆر به‌سه‌ره‌وه‌ دیاره‌و ئاكه‌په‌ ده‌یه‌وێت خۆی له‌هه‌موو ئه‌و مه‌ترسیانه‌ بپارێزێت كه‌له‌ئاینده‌دا رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌و زۆربه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌كانیش بگوازێته‌وه‌ بۆ سه‌رۆك كۆمار".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، سه‌رۆك كۆمار له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانێت گره‌نتی مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی بكات بۆ ده‌یان ساڵی دیكه‌، ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌به‌ڵێ كۆتایبێت ئه‌وا ئه‌و توركیایه‌ نامێنێت كه‌ئێستا هه‌یه‌، جگه‌له‌وه‌ش له‌رووی ئابوری و سیاسی و دادگاوه‌ كاریگه‌ری گه‌وره‌ دروستده‌كات.

به‌پێی گۆڕانكارییه‌كان، ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ سه‌رۆك كۆمار فراوان ده‌كرێن و زۆربه‌یان له‌ده‌ستی‌ سه‌رۆكدا كۆده‌كرێنه‌وه‌.

 ئه‌و پارتانه‌ی‌ پشتیوانی‌ له‌ ده‌نگی‌ "نه‌خێر" ده‌كه‌ن ده‌ڵێن مه‌به‌ست له‌و گۆڕانكارییانه‌ بۆ فراوانكردنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ ئه‌ردۆغانه‌، له‌به‌رانبه‌ریشدا ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌ڵێن ده‌یانه‌وێت كاره‌كان خێراتر بكه‌ن.

عومه‌ر عه‌لی ده‌ڵێت "به‌پێی زۆرینه‌ی راپرسیه‌كان ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی ده‌نگی به‌ڵێ زیاتره‌، چونكه‌ دوو جۆر ده‌نگده‌ر هه‌یه‌ ده‌نگده‌ری تورك شتێك نیه‌ به‌ناوی خه‌می نه‌ته‌وه‌و ده‌وڵه‌ت به‌ڵكو خه‌می گوزه‌ران و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی توركیای‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌ردۆغان هه‌موو ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی پێداون، به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنیش لاوازبونی زۆری به‌خۆوه‌ بینی دوای ئه‌وه‌ی مه‌هه‌په‌ چووه‌ پاڵ ئاكه‌په‌".

ده‌شڵێت پارتێكی‌ به‌هێزی ئۆپۆزسیۆنی‌ وه‌كو جه‌هه‌په‌، به‌درێژایی 15 ساڵی رابردوو ده‌نگده‌ره‌كانی له‌ئاستێكد وه‌ستاوه‌.

هاوڵاتیانی توركیا تا ئێستا شەش جار بەمەبەستی دەنگدان لەسەر گۆڕانكاریی دەستور روویان لە سندوقەكانی دەنگدان كردووە، ئەوەش لە هەریەك لە ساڵەكانی ١٩٦١و ١٩٨٢، ١٩٨٧و ٢٠٠٧ و ٢٠١٠٠دا،  ئەنجامی سەرجەمیان "بەڵێ" بووە جگە لە ریفراندۆمی‌ ساڵی ١٩٨٨ كە بە ئەنجامی ''نەخێر'' كۆتایی هاتووە.

عومه‌ر عه‌لی هه‌روه‌ها وتی "ئه‌و گوتاره‌ی ئاكه‌په‌ هه‌یه‌تی له‌ئێستادا بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ی خۆیه‌تی و دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌كه‌ جۆرێك له‌هێوربوونه‌وه‌ له‌گوتاری توركیادا ده‌بینین له‌ئاست وڵاتانی رۆژئاواو مه‌سه‌له‌ی كورد".

ریفراندۆمه‌كه‌ له‌كاتێكدایه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ توركیا له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا رووی‌ له‌ ئاڵۆزی‌ كردووه‌، هه‌روه‌ها پڕۆسه‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ پرسی كوردیش به‌ته‌واوی‌ وه‌ستاوه‌، به‌هۆی‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ شه‌ڕی‌ چه‌كداری‌ نێوان په‌كه‌كه‌و توركیاوه‌.

له‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی‌ ئەمڕۆدا 55 ملیۆن و 319 هەزار و 222 دەنگدەر لەناوخۆی توركیادا، لە 167 هەزار و 140 سندوقدا دەنگدەدەن، كە یەك ملیۆن و 269 هەزار و 282 لەو دەنگدەرانە دەنگدەری نوێن و تا رۆژی دەنگدانەكە تەمەنیان دەبێت بە 18 ساڵ، هەروەها لە بەندیخانەكانیش 461 سندوق دادەنرێت.

لەپاڵ هەریەك لە پارتە سەرەكییەكانی ئاك پارتی، جەهەپە، هەدەپە و مەهەپەدا، هەریەك لە پارتەكانی وەتەن، پارتی توركیای سەربەخۆ، پارتی یەكێتیی مەزن، هودا پار، پارتی سەعادەت و پارتی وەتەن، بەشداردەبن لە چاودێرییكردنی دەنگدان و جیاكردنەوەی دەنگەكاندا.

سه‌ردار ستار چالاكوانی سیاسی و شاره‌زا له‌‌ كاروباری توركیا به‌خه‌ندان-ی راگه‌یاند، ئاكه‌په‌و ئه‌ردۆغان له‌ئێستا‌وه‌ بۆ ساڵی 2023 ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن ئه‌وا پڕۆسه‌ی گۆڕانكاری له‌ده‌ستی ئه‌واندا ده‌بێت.

به‌وته‌ی‌ سه‌ردار، خاڵی بنه‌ڕه‌تی ئاكه‌په‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌ستوری ئه‌تاتورك له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بگۆڕن، "چونكه‌ ئه‌و ده‌ستوره‌ له‌ئه‌ساسدا عیلمانی بووه‌ له‌به‌رانبه‌ر فیكری ئیسلامییه‌كان، ئه‌وانیش پاشخانێكی ئیسلامیان هه‌یه‌ بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت گۆڕانكاریه‌كان به‌وجۆره‌ بێت، بێگومان كه‌ده‌ستوریان گۆڕی ده‌توانن هه‌موو گۆڕانكارییه‌كان ئه‌نجامبده‌ن".

به‌پێی گۆڕانكارییه‌كان، ژمارەی پەرلەمانتاران لە ٥٥٠ پەرلەمانتارەوە دەكرێتە ٦٠٠ پەرلەمانتار، تەمەنی خۆكاندیدكردنیش بۆ پەرلەمان لە ٢٥ ساڵەوە دەهێنرێتە خوارەوە بۆ ١٨ ساڵ.

به‌ بڕوای‌ سه‌ردار ستار، ئه‌گه‌ر ده‌نگی نه‌خێر بردیه‌وه‌ له‌ریفراندۆمدا، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌گه‌ریش ده‌نگی به‌ڵێ بردیه‌وه‌ ئه‌وا ده‌سه‌ڵاتی ئه‌كه‌په‌ به‌هێز ده‌بێت.

به‌پێی گۆڕانكارییه‌ ده‌ستورییه‌كان، ئەو پارتانەی كە دەیانەوێت پاڵێوراویان بۆ پۆستی سەركۆمار هەبێت، پێویستە لانیكەم لە سەدا پێنجی كۆی دەنگەكانی هووڵاتیانیان بەدەست هێنابێت، یان ١٠٠ هەزار كه‌س دەنگدەر دەنگی پێدا بن.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP