دەنگدان بۆ گۆڕانكاری دەستوری لەتوركیا دەستیپێكرد

- 4/16/2017 7:21:00 AM 4490 جار خوێندراوەتەوە
ماددەی 23 لە یاسای هەڵبژاردنەكانی توركیا، ئەو پارتانە دەستنیشان دەكات كە دەتوانن نوێنەریان لەسەر سندوقەكانی دەنگدان هەبێت.

خەندان-

بەیانی ئەمڕۆ پڕۆسەی دەنگدان لەسەر گۆڕانكاری دەستوری لەتوركیا دەستیپێكردو ركابەری سەخت لە نێوان چوار حیزبی سەرەكی ئەو وڵاتەدا بەڕێوەدەچێت، هەریەكە لە پارتی جەهەپە و هەدەپە بە بەرەی "نەخیر" و پارتی ئاكەپەو مەهەپە بەبەرەی "بەڵێ" ناسراون.

هاوڵاتیانی توركیا تا ئێستا شەش جار بەمەبەستی دەنگدان لەسەر گۆڕانكاریی دەستوور روویان لە سندووقەكانی دەنگدانكردووە، ئەوەش لە هەریەك لە ساڵەكانی ١٩٦١و ١٩٨٢، ١٩٨٧و ٢٠٠٧ و ٢٠١٠دا،  ئەنجامی سەرجەم گشتپرسییەكان 'بەڵێ' بووە جگە لە گشتپرسییەكەی ساڵی ١٩٨٨ كە بە ئەنجامی ''نەخێر'' كۆتایی هاتووە.

لەگشتپرسییەكەی ئەمڕۆدا 55 ملیۆن و 319 هەزار و 222 دەنگدەر لەناوخۆی توركیادا، لە 167 هەزار و 140 سندوقدا دەنگدەدەن، كە یەك ملیۆن و 269 هەزار و 282 لەو دەنگدەرانە دەنگدەری نوێن و تا رۆژی دەنگدانەكە تەمەنیان دەبێت بە 18 ساڵ، هەروەها لە بەندیخانەكانیش 461 سندوق دادەنرێت.

پڕۆسەی دەنگدانەكە، لە شارەكانی باشوور و رۆژهەڵاتی توركیا كاتژمێر 7:00ی بەیانی دەستیپێكرد، تاوەكو كاتژمێر 4:00 ئێوارە دەنگدان بەڕێوەدەچێت، لە شارەكانی دیكەش كاتژمێر 8:00 ی بەیانی بۆ كاتژمێر 5:00ی ئێوارە دەنگدان بەڕێوەدەچێت.

ماددەی 23 لە یاسای هەڵبژاردنەكانی توركیا، ئەو پارتانە دەستنیشان دەكات كە دەتوانن نوێنەریان لەسەر سندوقەكانی دەنگدان هەبێت.

بەوپێیە لەپاڵ هەریەك لە پارتە سەرەكییەكانی ئاك پارتی، جەهەپە، هەدەپە و مەهەپەدا، هەریەك لە پارتەكانی وەتەن، پارتی توركیای سەربەخۆ، پارتی یەكێتیی مەزن، هودا پار، پارتی سەعادەت و پارتی وەتەن، بەشداردەبن لە چاودێرییكردنی دەنگدان و جیاكردنەوەی دەنگەكاندا.

بەپێی گەڵاڵەنامەی گۆڕانكاریی دەستووری كۆماری توركیادا، سیستەمی حوكمڕانی سەرۆكایەتی كە لە ١٨ ماددە پێكهاتووە ، ژمارەی پەرلەمانتاران لە ٥٥٠ پەرلەمانتارەوە دەكرێتە ٦٠٠ پەرلەمانتار، تەمەنی خۆكاندیدكردنیش بۆ پەرلەمان لە ٢٥ ساڵەوە دەهێنرێتە خوارەوە بۆ ١٨ ساڵ.

هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەركۆمار پێنج ساڵ جارێك و لە هەمان رۆژدا ئەنجام دەدرێت، سەركۆمار پەیوەندی لەگەڵ پارتەكەی ناپچڕێنێت.

ئەو پارتانەی كە دەیانەوێت پاڵێوراویان بۆ پۆستی سەركۆمار هەبێت، پێویستە لانیكەم لە سەدا پێنجی كۆی دەنگەكانی هاووڵاتییانیان بەدەست هێنابێت، یان ١٠٠ هەزار دەنگدەر دەنگی پێدا بن.

بەهۆی بوونی دەنگۆ لەسەر ئەوەی كە سەركۆمار تاوانێكی ئەنجام داوە بە دەنگی نیوە كۆ یەكی پەرلەمانتاران دەتوانرێت لە پڕۆژەیاسایەكدا داوای كردنەوەی دۆسیە لەسەر سەركۆمار بكرێت.

سەركۆمار، جێگرانی سەركۆمار و وەزیرەكان دادەمەزرێنێت ‌و كۆتایی بە ئەركەكانیشیان دەهێنێت.

دامەزراندن و لابردنی وەزارەتەكان، ئەركداركردن و دەسەڵاتدان بە دامودەزگاكان و دامەزراندنی دامودەزگاكان لەناو شار و دەرەوەی شار بە بڕیارنامەی سەرۆكایەتی دەبێت.

پەرلەمانی توركیا دەتوانێت بە دەنگی سێ لەسەر پێنجی پەرلەمانتاران بڕیاری سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەركۆمار بەیەكەوە بدات.

ئەگەر پەرلەمان لە خولی دووەمی سەركۆمارێكدا، بڕیاری دووبارە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دایەوە، سەركۆمار دەتوانێت جارێكی دیكە خۆی كاندید بكاتەوە.

ژمارەی ئەندامانی دادگای دەستووری لە ١٧ كەسەوە كەمدەكرێتەوە بۆ ١٥ كەس.

هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی توركیا و سەركۆمار پێكەوە و لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ ئەنجام دەدرێن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP