xendan ads

پاكستان؛ كۆمەڵێك خوێندكار بەشێوەیەكی دڕندانە هاوڕێكەیان دەكوژن

- 4/14/2017 11:53:00 PM 136647 جار خوێندراوەتەوە
مەشعەل خان

خەندان-سۆران ئەمین 

كۆمەڵێك خوێندكار لە زانكۆیەكی پاكستان دوای ئەشكەنجدانێكی زۆرو قورس و تەقەلێكردنی هاوڕێیەكی خۆیان دەكوژن، بەتۆمەتی سوكایەتیكردن بەپیرۆزیەكانی ئاین.

خوێنكارە كوژراوەكە ناوی مەشعەل خانە، كە رووبەرووی هێرشی توندی هاوڕێ خوێندكارەكانی بووتەوە لە زانكۆی عەبدول والی خان لە شاری ماردان، هاوكات هاوڕێیەكی  ئەو خوێنكارە بەناوی عەبدوڵا بەهەمان شێوە رووبەرووی لێدان و هێرشكردن بووتەوە، ئەوەش بەهۆی بەشداریكردن و پشتیوانیكردن لە بۆچونەكانی مەشعەل.

خوێندكارە بكوژەكان لەزانكۆی ویلایەتی (خەبیر باختونخوا) هاورێكەیان تۆمەتباردەكەن بە (سوكایەتیكردن بە پیرۆزیەكان )، ئەوەش دوای بڵاوكردنەوەی چەند پۆستێك لە فەیسبوكەكەیدا.

عەلام شینواری جێگری بەرێوبەری گشتی پۆلیسی ماردان رایگەیاندووە، خوێنكارە هێرشبەرەكان مەشعەلیان كە لەبەشی راگەیاندن خوێندویەتی تۆمەتباركردووە، بە بەرێوەبردنی چەند پەیجێك لە فەیسبووك كە (بیروڕای لیبراڵی و سوكایەتیكردن بە پیرۆزیەكان ) بڵاودەكاتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، مەشعەل و عەبدوڵای هاوڕێی رووبەرووی ئەشكەنجەدان و لێدانی توندبونەتەوە لەلایەن كۆمەڵێك خوێنكارەوە، بەڵام مەشعەل گیانی لەدەستداوە دوای ئەوەی تەقەی لێكراوە.

هاوكات پۆلیسی پاكستان رایگەیاندووە، لەسەر رووداوەكە لانیكەم 15 خوێنكاریان دەستگیركردووە هەروەها زانكۆكەیان داخستووەو لە هەوڵی دەستگیركردنی هێرشبەرەكانی دیكەدان.

 

بەگوێرەی ڤیدۆیەك كە پێدەچێت بە مۆبایل تۆماركرابێت دەردەكەوێت، خوێندكارە كوژراوەكە لەناو خوێنی خۆیدا لەسەرزەوی كەوتووە، لەكاتێكدا كۆمەڵێك خوێندكاری دیكە دەوریان داوەو بەشێوەیەكی دڕاندانە هاواردەكەن و بەدارلێی دەدەن ، بەرپرسێكی ئیداریش لە زانكۆی (فایز عەلی شا) دوپاتیكردووتەوە كە خوێندكارەكان (خانیان) بەهۆی  بۆچونەكانی كوشتووە، تۆمەتباریانكردووە بە (سوكایەتیكردن بە پیرۆزییەكان).

محەمەد عەلی یەكێك لە پاسەوانەكان لەبەشی ناوخۆیی زانكۆی عەبدول والی خان رایگەیاندووە، خوێنكارە هێرشبەرەكان هێرشیان كردوووەتە سەر ژوورەكەی  مەشعەل بە ئەشكەنجەدان   بردویانەتەدەرەوەو تا دواتر بە گوللە كوشتویانە.

بەگوێرەی وتەی ئەو پاساوانە هەوڵیداوە دەرگاكان دابخات، بەڵام هێرشبەرەكان بەزەبری هێز دەرگاكانیان شكاندووەو شەرعەتیان بە تاوانەكەیانداوە.

بەرپرسانی حكومەتی ناوچەكە فەرمانیكردووە بە لێكۆڵینەوە لەرووداوەكەو دەستگیركردنی سەرجەم هێرشبەرەكان.

بەگوێرەی وتەی پۆلیس خوێنكارەكان گەمارۆی عەبدوڵایان داوە لەدەرەوەی زانكۆ ناچاریانكردووە بۆ خوێندنەوەی چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز، دواتر دەستیان كردووە بەلێدانی لەكاتێكدا كە بەردەوام بووە لەسەر خوێندنەوەی ئایەتەكان.

بەوتەی پۆلیس لەكاتێكدا كە  توانیویانە عەبدوڵا رزگاربكەن، خوێندكارەكان بەپەلە هێرشیانكردووەتە سەر بەشی ناوخۆیی زانكۆكە كە مەشعەل تیایدا  نیشتەجێبووەو دەستیانكردووە بەلێدانی تا لەكۆتایدا بە فیشەك كوشتویانە.

بەڵام بەگوێرەی وتەی باوكی كوژراوەكە كوڕەكەی تەنها لە تۆرەكۆمەلایەتییەكان رەخنەی گرتووەو كوڕەكەی زۆر رێزی لەئاینەكان گرتووە، زیاتر سەرقاڵی خوێندن بووەو داوایكردووە كە دادگا بكوژانی كوڕەكەی بەسزابگەیەنێت.


نیشانەکردن :

#ئەفغانستان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP