xendan ads

وته‌بێژی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ خه‌ندان: هێشتا له‌ موسڵ شه‌ڕێكی زۆر سه‌خت له‌پێشه‌

- 4/10/2017 8:43:00 PM 4031 جار خوێندراوەتەوە
جۆن دۆریان وته‌بێژی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دژی‌ داعش

خه‌ندان- دانا ته‌یب مه‌نمی‌

جۆن دۆریان وته‌بێژی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دژی‌ داعش له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ خه‌ندان رایده‌گه‌یه‌نێت، شه‌ڕێكی‌ زۆر سه‌خت له‌موسڵ له‌پێش هێزه‌عێراقییه‌كانه‌ چونكه‌ داعش خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نی‌ وه‌ك قه‌ڵغانی‌ مرۆیی‌ به‌كارده‌هێنێت و پێشبینيش ده‌كات چه‌ند هه‌فته‌ی‌ داهاتوو ئه‌و شاره‌ كۆنترۆڵبكرێته‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی‌ ره‌قه‌ دۆریان پێی وایه‌ دوای‌ داعش خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ ره‌قه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.

خه‌ندان: ئایا پێشبینی ده‌كه‌یت له‌ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا شه‌ڕی  كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ كۆتایی پێ بێت؟

جۆن دۆریان: به‌ڵێ، ئێمه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێشبینی ده‌كه‌ین كه‌ شه‌ڕی ئازادكردنی موسڵ له‌چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا ته‌واوببێت، به‌ڵام هێشتا شه‌ڕێكی  زۆر سه‌خت له‌پێشه‌ چونكه‌ داعش قه‌ڵغانی مرۆیی به‌كارهێناوه‌ و هه‌موو هه‌لێكی به‌كارهێناوه‌ بۆ ئازارگه‌یاندن به‌ هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی له‌كاتێكدا ئه‌وان به‌ره‌و شكستخواردن ده‌ڕۆن، بینینی ئه‌وه‌ زۆر ناخۆش و دڵته‌زێنه‌، به‌ڵام داعش شێوازێكی هه‌یه‌ بۆ به‌كارهێنانی تاكتیكی له‌و شێوه‌یه‌ بۆ زیانگه‌یاندن و ئازاردانی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی و ژینگه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌وان له‌سه‌ر خاكه‌كانی ژێر كۆنترۆڵیان ده‌رده‌په‌ڕێنرێن.  

خه‌ندان:دوای ئازادكردنی موسڵ، هه‌نگاوی داهاتوو چی ده‌بێت؟ من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ پێت وایه‌ شه‌ڕی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی قه‌زای حه‌ویجه‌ له‌ نزیك كه‌ركوك ده‌ستپێبكات؟

جۆن دۆریان: بڕیاری قۆناغی داهاتووی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان له‌لای حكومه‌تی عێراقه‌، هاوپه‌یمانان پشتگیری بریاره‌كه‌یان ده‌كات و له‌ڕێگای  گورزه‌كانی ئاسمانی و تۆپخانه‌كانمان، پێدانی زانیاری هه‌واڵگری و چاودێری دوژمن،  ئامۆژگاری و هاوكاریكردن و  به‌رده‌وامی له‌ مه‌شقپێكردنی هێزه‌عیراقییه‌كانه‌وه‌ پشتیوانییان لێ ده‌كه‌ین، هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ پێشه‌نگی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنانه‌دان و ئێمه‌ش پشتیوانیان لێده‌كه‌ین، ئازادكردنی موسڵ شكستێكی گه‌وره‌ ده‌بێت بۆ داعش، به‌ڵام هێشتا خاكێكی فراوانیان له‌ژێرده‌ستدایه‌ له‌چه‌ند شوێنێكی وه‌كو ته‌له‌عفه‌ر و حه‌ویجه‌ و له‌ دۆڵی ڕۆژئاوای ڕووباری فورات، ئێمه‌ ئاماده‌ین پشتگیری له‌ هێزه‌ئه‌منییه‌كانی عێراق بكه‌ین له‌كاتێكدا ئه‌وان، داعش له‌و ناوچانه‌ی ماون تێكده‌شكێنن. 

خه‌ندان: دوای ڕزگاركردنی موسڵ، پێشبینی ده‌كه‌یت هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌سه‌رۆكایه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌و شاره‌ فره‌ نه‌ته‌وه‌یه‌دا بمێننه‌وه‌ بۆ پاراستنی سه‌قامگیری و هێوركردنه‌وه‌ی بارگرژییه‌ ناوخۆییه‌كان؟

جۆن دۆریان: نه‌خێر، پاراستنی ئاسایشی موسڵ ئه‌ركی حكومه‌تی عێراقه‌ و هاوپه‌یمانان پشتگیری ده‌كه‌ن له‌ هه‌وڵه‌كانی هێزه‌ئه‌منییه‌كانی عێراق، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، له‌سه‌ره‌تای ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ-ه‌وه‌ ڕایگه‌یاندووه‌ ئه‌و شاره‌ بۆ سه‌دان ساڵ شارێكی فره‌ نه‌ته‌وه‌بووه‌و  داعش كلتوری ئه‌و شاره‌ی تێكداوه‌، ئه‌و رونیشیكرده‌وه‌ شاره‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ هه‌موو دانیشتوانه‌كه‌ی و ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌دا كۆكین.  

خه‌ندان: هه‌ڵوێستی ئێوه‌ چییه‌ له‌باره‌ی بوونی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌ شه‌نگال و پێكدادانه‌كانی ئه‌مدواییه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سه‌ربه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌و ناوچه‌یه‌؟

جۆن دۆریان: په‌كه‌كه‌ رێكخراوێكی تیرۆریستییه‌، به‌ڵام هاوپه‌یمانێتی هه‌وڵێكی سه‌ربازی نێوده‌وڵه‌تییه‌ بۆ به‌زاندنی داعش و ئێمه‌ هه‌وڵه‌كانمان له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ركه‌ چڕكردووه‌ته‌وه‌.

خه‌ندان: ئایا له‌داهاتوودا هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان، به‌تایبه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، پلانیان هه‌یه‌ چه‌ند بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی هه‌میشه‌یی له‌هه‌رێمی كوردستاندا دابمه‌زرێنن بۆپاراستنی ئاسایشی ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ نه‌وت ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری‌ سه‌رهه‌ڵدانی گروپی هاوشێوه‌ی داعش؟

جۆن دۆریان: بڕیاره‌كان له‌باره‌ی هه‌ر ڕۆڵێكی داهاتووی هێزه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا یان هاوپه‌یمانان  له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ به‌ ڕاوێژكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌دا  ده‌درێت، بۆیه‌ گونجاو نییه‌ خه‌مڵاندن سه‌باره‌ت به‌و بابه‌تانه‌ بخه‌ینه‌ڕوو. به‌ڵام من ده‌توانم پێت بڵێم كه‌ حكومه‌تی عێراق  له‌داهاتوودا ئاسایشی عێراق ده‌پارێزێت و هه‌ر ڕۆڵێكی هاوپه‌یمانان یان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا رۆڵی پشتگیریی ده‌بێت به‌ مۆڵه‌تپێدان و داواكاریی حكومه‌تی عێراق.

خه‌ندان: ئایا هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌رده‌وامده‌بن له‌ مه‌شقپێكردن و پێدانی چه‌ك و پێداویستی به‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان؟

جۆن دۆریان: ئه‌م بڕیارانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ حكومه‌تی عێراق.

خه‌ندان:چه‌ند خه‌مڵاندنه‌كان پێشبینییه‌ك هه‌یه‌ كه‌ دوای ئازادكردنی شاری ڕه‌ققه‌ له‌ داعش، هێزێكی مه‌ده‌نی ئاسایشی شاره‌كه‌ ده‌پارێزن، ئایا هیچ پلانی له‌و جۆره‌ هه‌ن. ئه‌و هێزه‌ چییه‌، و پێكهێنه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی چین؟

جۆن دۆریان:  ئێمه‌ پێشبینی ده‌كه‌ین كه‌ خه‌ڵكی ڕه‌ققه‌ كۆنترۆڵی ئاسایش و به‌رێوه‌بردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌كه‌ ده‌كه‌ن هه‌ركاتێك داعش له‌شاره‌كه‌ شكستیپێهێنرا، ئێمه‌ به‌رده‌وامده‌بین له‌پشتیوانیكردنی هه‌وڵه‌كانی هاوپه‌یمانه‌كانمان بۆ به‌زاندنی داعش و دروستكردنی ئاسایش هه‌ركاتێك ئه‌ركه‌كه‌ ته‌واوبوو. 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP