باكوری كوردستان؛ 26كه‌س به‌تۆمه‌تی ئه‌ندامێتی‌ په‌كه‌كه‌و كه‌جه‌كه‌ ده‌ستگیركران

- 4/9/2017 6:29:00 PM 3571 جار خوێندراوەتەوە
ده‌ستگیركراوه‌كان گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی وان.


خه‌ندان-خۆشناو حسێن

هێزه‌ئه‌منییه‌كانی توركیا له‌دژی ئه‌ندامانی په‌كه‌كه‌و كه‌جه‌كه‌ ئۆپه‌راسیۆنێك-یان له‌ شاری وان ی‌ باكوری كوردستان ئه‌نجامداو 26 كه‌سیان ده‌ستگیركرد.

به‌پێی ئاژانسی دۆغانی توركی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ هۆبه‌ی دژه‌تیرۆری‌ سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی شاری وان به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌دژی په‌كه‌كه‌و كه‌جه‌كه‌ ئه‌نجامیداوه‌.

ئاماژه‌به‌وه‌كراوه‌، له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا هێزه‌ئه‌منییه‌كان هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ژماره‌یه‌ك خانوو و 26كه‌سیان به‌ تۆمه‌تی ئه‌ندامبوونی په‌كه‌كه‌و كه‌جه‌كه‌ ده‌ستگیركردووه‌.

ده‌ستگیركراوه‌كان گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی شاره‌كه‌ و لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان به‌رده‌وامه‌. 

توركیا ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ به‌رفراوانی‌ ده‌ستگیركردن و دورخستنه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامان و سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانی‌ سه‌ر به‌ به‌ده‌په‌و هاوسه‌رۆك‌و په‌رله‌مانتارانی‌ هه‌ده‌په‌ی‌ ده‌ستپێكردووه‌، كه‌ ناڕه‌زایی زۆری له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی توركیاو وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

له‌ماوه‌ی‌ نزیكه‌ی‌  17 مانگ-دا تا كۆتایی‌ ساڵی‌ ڕابردوو، له‌ توركیا، هه‌شت هه‌زار و 432 ئه‌ندامی‌ هه‌ده‌په‌ و ده‌به‌په‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و ده‌ستگیركراون، له‌و ژماره‌یه‌ش دوو هه‌زار و 360 كه‌سیان، هاوسه‌رۆكانی گشتی هه‌ده‌په‌و په‌رله‌مانتاران‌و هاوسه‌رۆكی شارو ناوچه‌و شارۆچكه‌كانن، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی‌ جێگری هاوسه‌رۆكی گشتی هه‌ده‌په‌.

28ی‌ ئازاری‌ ئه‌مساڵ، دادگای ئامه‌د دوای هه‌شت ساڵ بڕیاری‌ دۆسیه‌ی‌ كه‌جه‌كه‌ی‌ یه‌كلاییكرده‌وه‌و له‌كۆی‌ 154 تۆمه‌تبار بڕیاری زیندانیكردنی به‌سه‌ر 107كه‌سدا سه‌پاند له‌نێوان شه‌ش بۆ 11ساڵ و 43 تۆمه‌تباریش بێ تاوان ناسێندران و دۆسیه‌ی چوار كه‌سیش به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ژیاندا نه‌ماون هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌.

حكومه‌تی توركیا له‌ ساڵی 2009 ه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ به‌ناوی كه‌جه‌كه‌ له‌دژی په‌رله‌مانتاران و سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان وسیاسه‌تمه‌داران و كادیر و لایه‌نگرانی پارتی دیموكراتی و ئاشتی  و رۆژنامه‌وانان و ڕۆشنبیران ده‌ستپێكردو 154 كه‌س له‌ژێر ناوی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ تۆمه‌تباركران و هه‌ندێكیشیان ده‌ستگیركران.

دوای هه‌شت ساڵ له‌ به‌رده‌وامی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ 28ی‌ مانگی‌ رابردوو، دادگای ئامه‌د به‌ ئاماده‌بوونی 100 پارێزه‌ر بڕیاری له‌باره‌ی‌ دۆسیه‌كه‌وه‌دا به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچكام له‌و تۆمه‌تبارانه‌ ئاماده‌بن. 

دادگای ئامه‌د بڕیاری‌21 ساڵ زیندانی بۆ كاموران یوكسه‌ك هاوسه‌رۆكی گشتی ده‌به‌په‌ و كه‌مال ئه‌كتاش قه‌رله‌مانتاری پێشووی وان له‌گه‌ڵ 13 كه‌سی تر ده‌ركرد، له‌گه‌ڵ 18 ساڵ زیندانی‌ بۆ ئه‌رجان ئاكیول.

دادگا هه‌روه‌ها بریاری شه‌ش ساڵ و سێ مانگ زیندانی بۆ فرات ئانلی هاوسه‌رۆكی شاره‌وانی دوورخراوی ئامه‌د و ده‌میر چه‌لیك په‌رله‌مانتاری پێشووی به‌ده‌په‌دا، له‌گه‌ڵ نۆساڵ زیندانی‌ بۆ خه‌تیب دیجله‌ هاوسه‌رۆكی كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵگای دیموكرات و یه‌ك ساڵ و سێ مانگ بۆ ئه‌حمه‌د تورك هاوسه‌رۆكی شاره‌وانی مێردین ده‌ركراوه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP