ئه‌ردۆغان: كه‌ركوك شارێكی توركمانییه‌

- 4/5/2017 10:45:00 AM 24213 جار خوێندراوەتەوە
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان

خه‌ندان- خۆشناو حسێن

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا، رایگه‌یاند، به‌پێی مێژوو كه‌ركوك شارێكی توركمانییه‌و كرداری كورده‌كان له‌وێ "داگیركارییه‌".

شه‌وی ڕابردوو له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئاسمانی ئێن تیڤی و ستار تیڤی توركی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان وتی"به‌پێی مێژوو كه‌ركوك شارێكی توركمانه‌ و كورده‌كان له‌وێ گۆڕانكاری جدی ئه‌نجامده‌ده‌ن، به‌ بۆچوونی من ئه‌وه‌ی كورده‌كان ده‌یكه‌ن پرۆسه‌ی داگیركردنه‌ و زۆر ناشیرینه‌".

"ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌ په‌رله‌مانی عێراق دای‌ له‌جێگای خۆیدایه‌و منیش به‌ڕێوه‌به‌ری ناوخۆیی‌ باكوری عێراقم ئاگاداركرده‌وه‌ ئه‌مه‌ یاریكردنه‌ به‌ ئاگر".

وەزیری دەره‌وەی تورکیا دوێنێ‌ رایگه‌یاند، ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ نیه‌ بڕیار له‌سه‌ر ڕیفراندۆم بدات له‌ شاره‌كه‌ و ئه‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌دات حكوومه‌تی به‌غدایه‌.

مەولود چاوشئۆغڵو، سه‌باره‌ت به‌ بریاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك بۆ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم له‌ پارێزگاكه‌ به‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ راگه‌یاند، ئه‌و بڕیاره‌ بڕیاری هاوبه‌شی هه‌موو به‌شداربووانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك نییه‌.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو"ئه‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌دات حكوومه‌تی به‌غدایه‌، عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانی كه‌ركووك به‌شدارنه‌بوون له‌ بڕیاره‌كه‌دا، پارێزگای كه‌ركووك ناڵێت با ریفراندۆم ئه‌نجامبدرێت، ده‌سه‌ڵاتی بڕیارێكی له‌و جۆره‌شی نییه‌"

"وه‌ك ده‌زانن ئه‌رشه‌د ساڵحی سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی عێراق هات و له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆكوه‌زیرانمان كۆبووه‌وه‌.، هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ توركمانی عێراق و سووریا هه‌یه‌ و پشگیرییان ده‌كه‌ین. تورکمانەکانی کەرکووک بە تەنها نین و بە تەنهاش نامێننەوە، رێگە نادەین ئاوا بەپەلەپڕووزە تێبپەڕێنرێت". چاوشئۆغڵو وای‌ وت.

ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك دوێنێ‌ سێشه‌ممه‌، به‌كۆی‌ ده‌نگ بڕیاریدا به‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم له‌كه‌ركوك  بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوای‌ له‌حكومه‌تی‌ به‌غدا كرد، رێوشوێنی‌ پێویست بگرێته‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌، هه‌روه‌ها بڕیاره‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقی‌ له‌باره‌ی‌ داگرتنی‌ ئاڵای‌ كوردستان ره‌تكرده‌وه‌.

ئه‌و دوو بڕیاره‌ی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ دوێنێ‌ دران كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ پرسی ریفراندۆم و بڕیاره‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق بۆ داگرتنی‌ ئاڵای‌ كوردستان له‌كه‌ركوك، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ به‌فه‌رمی‌ هه‌ڵكردنی‌ ئاڵای‌ كوردستانی‌ له‌پارێزگاكه‌ په‌سه‌ندكردبوو.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ 22 ده‌نگ، ئه‌و یاداشته‌ په‌سه‌ندكرا كه‌ ئاڕاسته‌ی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ كرابوو، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌فه‌رمی‌ داوا له‌به‌غدا بكرێت كه‌ له‌رێگه‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ راپرسییه‌وه‌ چاره‌نوسی‌ پارێزگاكه‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.

رێبوار تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا رایگه‌یاند، دوای‌ په‌سه‌ندكردنی‌ ئه‌و یاداشته‌، داوا له‌به‌غدا ده‌كه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم له‌پارێزگاكه‌  له‌چوارچێوه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ مادده‌ی‌ 140.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا دوێنێ‌ سێ شه‌ممه‌، ڕایگه‌یاند، هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك  هه‌ڵه‌یه‌ و وتی‌" داوا له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی كوردی‌ عێراق ده‌كه‌م  له‌و هه‌ڵه‌یه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌".

ئه‌ردۆغان له‌میانی‌ بانگه‌شه‌ی ڕیفراندۆمی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی و گۆڕانكاری ده‌ستوری له‌شاری زونگولداغ-ی‌ توركیا، وتارێكی‌ پێشكه‌شكردو رایگه‌یاند"له‌بری‌ ئاڵای نیشتمانی هه‌ڵكردنی‌ ئاڵای دووه‌م له‌ كه‌ركوك هه‌ڵه‌یه‌".

ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕوو"خاوه‌نی ئه‌وئاڵایه‌ بزانن كه‌ئه‌وان جیاخوازی ده‌كه‌ن و بانگ له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی كوردی‌ عێراق ده‌كه‌م  له‌و هه‌ڵه‌یه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌".

"په‌یوه‌ندی خۆتان له‌گه‌ڵ توركیا تێكنه‌ده‌ن هه‌ر ئێستا ئاڵای خۆتان داگرن، ته‌نها با ئاڵای عێراق بمێنێته‌وه‌ ئه‌گینا ئێمه‌ ناچارین هه‌نگاوه‌كانمان و په‌یوه‌ندییه‌كانمان به‌ره‌و دواوه‌ ببه‌ین".ئه‌ردۆغان  وای‌ وت

هه‌روه‌ها وتی‌"كه‌ركوك هی‌ كورده‌كان نیه‌ هی‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ له‌وێ ده‌ژین به‌ توركمان وعه‌ره‌ب و ئه‌گه‌ر كوردیش هه‌بێ به‌ كورده‌كه‌یه‌وه‌ هی‌ هه‌موویانه‌ با نه‌ڵێن ته‌نیا هی‌ خۆمانه‌". 

28ی مانگی رابردوو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە كۆبوونەوەی‌ خۆیداكە 23 ئەندامی لیستی برایەتی و یەك ئەندامی عەرەبی تێیدا بەشداربوون بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی پەسەندكرد.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رۆژی شەممەی‌ رابردوو لەدانیشتنی ئاسایی خۆیدا (دوای بایكۆتكردنی دانیشتنەكە لەلایەن فراكسیۆنە كوردستانییەكان) دەنگیدا بە داگرتنی ئاڵای كوردستان لەپارێزگای كەركوك.

دوای‌ ئه‌وه‌ سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایگەیاند، ئامادە نین بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی داگرتنی ئاڵای كوردستان لەو پارێزگایە جێبەجێ بكەن.

رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك  لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد "هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك نایاسایی نییە و ئامادەنین بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی داگرتنی ئەو ئاڵایەوە جێبەجێ بكەن،چونكە بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ئەو ناوچانەی خۆیان بڕیاردەرن، دەتوانن بڕیارە تەنفیزییەكان جێبەجێ نەكەن".

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك  رونیكردەوە بەپێی مادەی 115 ی دەستوور، دەسەڵات دراوە بە پارێزگاكان بۆ دەركردنی بڕیارەی تایبەت بە ناوچەكانی خۆیان، هەروەها بەپێی مادەی 140 ی دەستوریش كەركوك ناوچەیەكە كێشەی لەسەرە، بۆیە دەتوانرێت هەردوو ئاڵای عێراق و كوردستان هەڵبكرێت.

مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ی‌ رابردوو كۆبوونه‌وه‌و دوای‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌،

سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك و بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگاكه‌ بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر فەرمانگە فەرمییەكانی كەركووك، مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ پشتیوانی‌ خۆیان بۆ بریاری‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ده‌ربڕیبوو.

"هەردوولا بڕوایان وایە كە حكوومەتی عێراق چەندین ساڵە خۆی دەدزێتەوە لە جێبەجێكردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق بۆیە چۆن حكوومەتی عێراق مافی هەیە ئاڵای لە كەركووك هەبێت بە هەمانشێوەیش كوردستانیش مافی هەڵكردنی ئاڵای هەیە چونكە لە دەستوور بە ڕوونی ئاماژە بە كەركووك و چەند شوێنی دیكە كراوە كە ناوچەی كێشە لەسەرن ، كەواتە بۆ كوردستانیش هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك یاسایی و دەستوورییە"یه‌كێتی‌ و پارتی‌ وایان وتبوو.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP