عه‌دنان موفتی‌: بڕیاری‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق بۆ داگرتنی‌ ئاڵای‌ كوردستان له‌ كه‌ركوك ته‌وه‌ری‌ كۆبوونه‌وه‌كانمانه‌

- 4/5/2017 10:30:00 AM 5934 جار خوێندراوەتەوە
عه‌دنان موفتی‌

خەندان-

عەدنان موفتی‌ ئەندامی‌ شاندی‌ یەكێتی‌ و پارتی‌ و سەرۆكایەتی‌ هەرێم لەبەغدا رایگەیاند، دوای‌ كۆبوونەوەی‌ لەگەڵ سەرۆك كۆماری‌ عێراق لەگەڵ عەمار حەكیم سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ باڵای‌ ئیسلامی‌ كۆدەبنەوەو تەوەرەی‌ سەردانەكەش بڕیاری‌ پەرلەمانی‌ عێراق دەبێت بە داگرتنی‌ ئاڵای‌ كورستان دەبێت لە كەركوك.

ئەو وتانەی عەدنان موفتی‌ لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات كە پێش كۆبوونەوەیان لەگەڵ فواد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق ئەنجامیدا.

عەدنان موفتی‌ رایگەیاند، بڕیاری‌ پەرلەمانی‌ عێراق بۆ داگرتنی‌ ئاڵای‌ كوردستان لە كەركوك كەموكورتی‌ زۆری‌ تێدایە بەپێی‌ دەستوور ئەوە دانی‌ پێدانراوە كە بابەتەگرنگەكان دەبێت بە زۆرینەو كەمینە نەبێت.  

هەروەها وتی‌"شاندی‌ ئەمڕۆ شاندی‌ یەكێتی‌ و پارتییە بەشداری‌ نوێنەری‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم و لە داهاتوودا كۆمیتەیەك پێكدێت كە ئەندامی‌ لایەنەكانی‌ دیكەی‌ هەرێمی‌ تێدادەبێت".

ئاماژەی بەوەشكرد، هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەكەركوك رەنگدانەوەی زۆری هەبووەو لەناوچەكەشدا دەنگدانەوەی لێكەوتووەوە، "ئێمە بۆ گفتوگۆ لەبەغداین و هیچ رێگەیەكی دیكە نیە تەنها گفتوگۆكردن چارەسەرە".

"گوێبیستی ئەوەبوین هەوڵێك هەیە بۆ هێوكردنەوەی دۆخەكەو ئێمەش دەمانەوێت لەگەڵیاندا باسی بكەین"، عەدنان موفتی وایوت.

موفتی رونیشكردەوە، ئەوان شاندی یەكێتی و پارتین و بە بەشداری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم كەسەردانی بەغدایان كردووە، لەداهاتووشدا كۆمیتەیەك دروستدەكرێت كە بەرپرس دەبێت بۆ مامەڵكردنی لەگەڵ پرسی ریفڕاندۆم.

 

به‌یانی ئه‌مڕۆ شاندێكی هه‌رێمی‌ كوردستان گه‌یشتنه‌ شاری به‌غداو ئێستا له‌گه‌ڵ فواد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌دان.
 
شانده‌كه‌ی هه‌رێم پێکهاتووە لە  فازڵ میرانی و فوئاد حسێن و عەدنان موفتی.

عەدنان موفتی ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی‌ كه‌ ئه‌ندامی‌ شانده‌كه‌یه‌ دوێنێ‌ به‌ میدیاكانی‌ سه‌ر به‌ حزبه‌كه‌ی‌ راگه‌یاندبوو "شانده کە سبه‌ینێ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ریفراندۆم و ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەچێتە بەغدا". 

شانده‌كه‌ی هه‌رێم به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ گه‌یشتنه‌ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمارو بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌سیاسیه‌كاندا له‌به‌غدا كۆببنه‌وه‌، یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌شیان له‌گه‌ڵ فواد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عیراقدا ده‌بێت.

فوئاد حسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم ئێواره‌ی‌ دوێنێ‌ به‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ راگه‌یاند، سبەینێ شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات، به‌ڵام به‌وته‌ی‌ ئه‌و، ئامانجی‌ سه‌ردانه‌كه‌ گفتوگۆکردنه‌ لەسەر پەیوەندی نێوان هه‌ردوولاو بارودۆخی‌ کەرکوک.
 
سه‌ردانی‌ شانده‌كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ پێكهێنانی‌ شاندێكی‌ هاوبه‌ش له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌ و پارتی‌-یه‌وه‌ بۆ سه‌ردانیكردنی‌ لایه‌نه‌كان تا له‌باره‌ی‌ پرسی ریفراندۆمه‌وه‌ گفتوگیان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP