شانده‌كه‌ی هه‌رێمی‌ كوردستان گه‌یشتنه‌ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار

- 4/5/2017 8:59:00 AM 2856 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

به‌یانی ئه‌مڕۆ شانده‌كه‌ی هه‌رێمی‌ كوردستان گه‌یشتنه‌ شاری به‌غداو كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ریش گه‌یشتنه‌ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمارو بڕیاره‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ فواد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عێراق-دا بێت.

شانده‌كه‌ی هه‌رێم پێکهاتووە لە  فازڵ میرانی و فوئاد حسێن و عەدنان موفتی.

عەدنان موفتی ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی‌ كه‌ ئه‌ندامی‌ شانده‌كه‌یه‌ دوێنێ‌ به‌ میدیاكانی‌ سه‌ر به‌ حزبه‌كه‌ی‌ راگه‌یاندبوو "شانده‌كه‌ سبه‌ینێ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ریفراندۆم و ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەچێتە بەغدا".

شانده‌كه‌ی هه‌رێم به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ گه‌یشتنه‌ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمارو بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌سیاسیه‌كاندا له‌به‌غدا كۆببنه‌وه‌، یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌شیان له‌گه‌ڵ فواد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عیراقدا ده‌بێت.

فوئاد حسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم ئێواره‌ی‌ دوێنێ‌ به‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ راگه‌یاند، سبەینێ شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات، به‌ڵام به‌وته‌ی‌ ئه‌و، ئامانجی‌ سه‌ردانه‌كه‌ گفتوگۆکردنه‌ لەسەر پەیوەندی نێوان هه‌ردوولاو بارودۆخی‌ کەرکوک.
 
سه‌ردانی‌ شانده‌كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ پێكهێنانی‌ شاندێكی‌ هاوبه‌ش له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌ و پارتی‌-یه‌وه‌ بۆ سه‌ردانیكردنی‌ لایه‌نه‌كان تا له‌باره‌ی‌ پرسی ریفراندۆمه‌وه‌ گفتوگیان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP