خه‌ندان-
وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، كات دیارینه‌كراوه بۆ پێداچوونه‌وه به‌پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و ئه‌گه‌ر بكرێت بۆ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان و موچه‌خۆران ده‌كرێت.
سه‌فین دزه‌یی له‌لێدوانێكدا بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه وتی، ئه‌گه‌ر پاشه‌كه‌وتی موچه ده‌ستكاریبكرێت بۆ هه‌موو وه‌زاره‌ت و فه‌رمانبه‌ران ده‌بێت و تائێستا كات دیارینه‌كراوه بۆ پێداچوونه‌وه‌ی مووچه.
سه‌باره‌ت به باسكردنی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌گه‌ڵ سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان لهسهردانیدا بۆ هه‌رێمی كوردستان، دزه‌یی وتی، ئه‌و بابه‌ته دووباره قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت و كۆمسیۆنیش ئاماده‌یی خۆ ده‌ربڕیوه بۆ پرۆسه‌كه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو"دوای ریفراندۆم به‌مانای ئه‌وه نایه‌ت راسته‌وخۆ ده‌وڵه‌ت رابگه‌یه‌ندرێت به‌ڵكو وه‌ك كارتێك ده‌بێت كه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كرێت".
وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم، سه‌باره‌ت به‌بڕیاری په‌رله‌مانی عێراق بۆداگرتنی ئاڵای كوردستان وتی، "ئه‌وه ته‌نها بڕیارێكهو ده‌كرێت جێبه‌جێنه‌كرێت بڕیاره‌كه جێگای گومانه، چونكه دڵنیانین كه نیسابی ته‌واو له دانیشتنه‌كه ئاماده بوبێت".
له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2016 ه‌وه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كار به سیسته‌می پاشكه‌وتی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌ئامانجی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی و زیادكردنی داهات.
به‌پێی سیسته‌مه‌كه جگه له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی ئاسایش و به‌رگری و فریاكه‌وتن، موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه به‌پێی رێژه‌ی موچه‌كانیان به‌ڕێژه‌ی جیاواز كه‌مكراوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی فه‌رمانبه‌رانی لێكهوتهوه.
به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم هۆكاری په‌نابردنیان بۆ ئه‌و سیسته‌مه بۆ دابه‌زینی نرخی نه‌وت گێڕایه‌وه كه ئه‌وكات گه‌یشتبووه 25 دۆلار، به‌ڵام له ئێستادا نرخی نه‌وت بۆ نزیكه‌ی دوو هێنده‌ی ئه‌و نرخه به‌رزبووه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سیسته‌می موچه هه‌ر وه‌ك خۆیه‌تی.
له‌چه‌ند مانگی رابردووش‌دا چه‌ندین جار به‌رپرسانی حكومه‌ت باسیان له پێداچونه‌وه به سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی موچه‌دا كردووه، به‌ڵام تائێستا پێداچونه‌وه‌ی پێدا نه‌كراوه.
هه‌رێمی كوردستان زیاتر له سێ ساڵه له‌قه‌یرانی داراییدایه كه ده‌سه‌ڵاتداران هۆكاره‌كه‌ی بۆ دابه‌زینی نرخی نه‌وت و خه‌رجی شه‌ڕی داعش و هاتنی ئاواره‌یه‌كی زۆر ده‌گه‌ڕێننه‌وه.