ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئامادە نییە بڕیارەكەی پەرلەمانی عیراق لەبارەی ئاڵای كوردستانەوە جێبەجێبكات

- 4/1/2017 8:48:00 PM 8548 جار خوێندراوەتەوە
ئاڵای كوردستان و ئاڵای عیراق لەكەركوك

خەندان-

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایگەیاند، ئامادە نین بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی داگرتنی ئاڵای كوردستان لەو پارێزگایە جێبەجێ بكەن.

رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك شەوی رابردوو لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد "هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك نایاسایی نییە و ئامادەنین بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی داگرتنی ئەو ئاڵایەوە جێبەجێ بكەن،چونكە بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ئەو ناوچانەی خۆیان بڕیاردەرن، دەتوانن بڕیارە تەنفیزییەكان جێبەجێ نەكەن".

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك  رونیكردەوە بەپێی مادەی 115 ی دەستوور، دەسەڵات دراوە بە پارێزگاكان بۆ دەركردنی بڕیارەی تایبەت بە ناوچەكانی خۆیان، هەروەها بەپێی مادەی 140 ی دەستوریش كەركوك ناوچەیەكە كێشەی لەسەرە، بۆیە دەتوانرێت هەردوو ئاڵای عێراق و كوردستان هەڵبكرێت.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رۆژی شەممە لەدانیشتنی ئاسایی خۆیدا (دوای بایكۆتكردنی دانیشتنەكە لەلایەن فراكسیۆنە كوردستانییەكان) دەنگیدا بە داگرتنی ئاڵای كوردستان لەپارێزگای كەركوك.

28ی مانگی رابردوو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە كۆبوونەوەی‌ خۆیداكە 23 ئەندامی لیستی برایەتی و یەك ئەندامی عەرەبی تێیدا بەشداربوون بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی پەسەندكرد.

ئەو بڕیارەی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك نارەزایی‌ بەشێك لەعەرەب و توركمانەكانی‌ پارێزگاكەی‌ لێكەوتەوە.

 

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP