سەرۆكایەتیی هەرێم: هه‌ڵكردنی‌ ئاڵای كوردستان لە كەركوك كارێكی ئاساییه‌و پێویست ناكات گەورە بكرێت

- 3/29/2017 2:55:00 PM 7883 جار خوێندراوەتەوە
ئاڵای‌ عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ نه‌ورۆزی‌ ئه‌مساڵ له‌ كه‌ركوك

خه‌ندان-

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە شاری كەركووك كارێكی یاسایی و ئاساییە و بابەتێكی نوێ نییەو پێویست ناكات ببێتە ماددەی ململانێ و لێكترازانی نێوان پێكهاتە و لایەنەكان.

سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدائه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ ئه‌وه‌ی‌ خستووه‌ته‌ڕوو، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ساڵی 2003 و بە تایبەتیش دوای هاتنی داعش ئاڵای كوردستان لە كەركووك بوونی هەبووە و هەر ئەو ئاڵایەش كەركووكی لە هەڕەشە و پەلاماری تیرۆریستان پاراستووە.

"پێویست بەوە ناكات ئەم بابەتە زۆر گەورە بكرێت و ببێتە ماددەی ململانێ و لێكترازانی نێوان پێكهاتە و لایەنەكان و هیچ لایەنێكیش نابێ بۆ مەرامی سیاسیی تایبەتی خۆی بەكاری بهێنێت" سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم واده‌ڵێت.

هه‌روه‌ها هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە شاری كەركووك به‌كارێكی‌  "یاسایی و ئاساییە" وه‌سفكراوه‌و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كراوه‌، "بابەتێكی نوێ نییە، هەروەكچۆن هەڵكردنی ئاڵای عێراقیش لە كەركووك بابەتێكی یاسایی و ئاساییە". 

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، هەروەكچۆن ئاڵای كوردستان و پێشمەرگە كەركووكیان پاراست، پێویستە فەرهەنگی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی كەركووك قووڵتر بكرێت و بپارێزرێت.

 

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رۆژی‌ سێ شەممە لەكۆبوونەوەیەكدا بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی پەسەندكرد، كە 23 ئەندامی لیستی برایەتی و یەك ئەندامی عەرەبی تێیدا بەشداربوون.

بەپێی‌ بڕیاری‌ هەڵكردنی‌ ئاڵای‌ كوردستان لە كەركوك كە لەلایەن پارێزگاری‌ شارەكەوە ئاراستەی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگاكە كرابوو، ئاڵای‌ كوردستان لە تەنیشتنی‌ ئاڵای‌ عێراق لەسەرجەم دامەزراوە حكومییەكانی‌ پارێزگای‌ كەركوك هەڵدەكرێت.

هەر دوێنێ دوای‌ پەسەندكردنی‌ بڕیارەكە، ئاڵای‌ كوردستان لەسەر باڵەخانەی‌ پارێزگاو ئەنجومەن بەرزكرایەوە.

بەرپرسانی‌ ئەنجومەن و ئیدارەی‌ شارەكە جەخت لە بڕیارەكەیان دەكەنەوەو دەڵێن ئاڵای‌ كوردستان گوزارشت لەسەرجەم پێكهاتەكان دەكات.

رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك  رۆژی‌ دوشەممە دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی‌ ئەنجومەن لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئاڵاكە گوزارشت لەهەموو نەتەوەكان و پێكهاتەكانی كەركوك دەكات. بودجەیەك بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان تەرخاندەكرێت لەسەرجەم دامودەزگاكانی كەركوكدا.

لیستی‌ عەرەب و توركمان و بایكۆتی‌ كۆبوونەوەكەی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك-یان كرد كە تێیدا بڕیاری‌ هەڵكردنی‌ ئاڵای‌ كوردستان پەسەندكرا.

بڕیارەكەی‌ ئەنجومەن ناڕەزایی عەرەب و توركمانەكانی‌ لێكەوتەوەو توركیاش ناڕازیبونی‌ خۆی‌ لەو بارەیەوە نیشاندا.

ئەمڕۆ چوارشەممە ژمارەیەك لە توركمانەكانی‌ كەركوك دژی‌ بڕیارەكەی‌ ئەنجومەن خۆپیشاندانیان ئەنجامداو لەخۆپیشاندانەكەدا گرژی‌ دروستبوو.

دوێنێش حەسەن تۆران جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی عیراقی لە كۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانیدا پەسەندكردنی‌ بڕیارەكەی‌ بە "دابەشبونی‌ كۆمەڵگە" ناوبردو رایگەیاند، ئەو پرسە دەسەڵاتی‌ ئەنجومەن نییەو دەسەڵاتی‌ بەغدایە.

لەگەڵ ئەوەشدا تۆران جەختیكردەوە لەسەر پەرەدان بە پەیوەندییەكانی‌ كوردو عەرەب و توركمان.

هەر دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند، بڕیاردان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لەكاتێكدا ئەندامانی توركمان و عەرەبی ئەنجوومەنەكە بایكۆتی دانیشتنەكەیان كردووە، بە "كارێكی تاك لایەنانەو پێشێلكاری دەستووری عێراقی و پێكهاتەی جێناكۆكی كەركووكی دەزانین".

مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا وتی‌ ''ئێمە پێمان وایە ئەو دەنگدانە، درووست نییە".

لەپاڵ ئەو ناڕەزاییانە لەبەشێك لە ناوچەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان گردبونەوەی‌ پشتگیریی بۆ بڕیارەكە ئەنجامدرا.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP