كاردانەوەكانی‌ هەڵكردنی‌ ئاڵای‌ كوردستان لەكەركوك

- 3/29/2017 1:21:00 PM 4253 جار خوێندراوەتەوە
ساتی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەبینای پارێزگای كەركوك

خەندان-

بڕیارەكەی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك بۆ هەڵكردنی‌ ئاڵای‌ كوردستان هەر زوو كاردانەوەی‌ جۆراوجۆری‌ ناوخۆیی و نێودەوڵەتی‌ بەدوای‌ خۆیدا هێناو تائێستاش كاردانەوەكان بەردەوامن.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رۆژی‌ سێ شەممە لەكۆبوونەوەیەكدا بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی پەسەندكرد، كە 23 ئەندامی لیستی برایەتی و یەك ئەندامی عەرەبی تێیدا بەشداربوون.

بەپێی‌ بڕیاری‌ هەڵكردنی‌ ئاڵای‌ كوردستان لە كەركوك كە لەلایەن پارێزگاری‌ شارەكەوە ئاراستەی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگاكە كرابوو، ئاڵای‌ كوردستان لە تەنیشتنی‌ ئاڵای‌ عێراق لەسەرجەم دامەزراوە حكومییەكانی‌ پارێزگای‌ كەركوك هەڵدەكرێت.

هەر دوێنێ دوای‌ پەسەندكردنی‌ بڕیارەكە، ئاڵای‌ كوردستان لەسەر باڵەخانەی‌ پارێزگاو ئەنجومەن بەرزكرایەوە.

بەرپرسانی‌ ئەنجومەن و ئیدارەی‌ شارەكە جەخت لە بڕیارەكەیان دەكەنەوەو دەڵێن ئاڵای‌ كوردستان گوزارشت لەسەرجەم پێكهاتەكان دەكات.

رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك  رۆژی‌ دوشەممە دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی‌ ئەنجومەن لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئاڵاكە گوزارشت لەهەموو نەتەوەكان و پێكهاتەكانی كەركوك دەكات. بودجەیەك بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان تەرخاندەكرێت لەسەرجەم دامودەزگاكانی كەركوكدا.
لیستی‌ عەرەب و توركمان و بایكۆتی‌ كۆبوونەوەكەی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك-یان كرد كە تێیدا بڕیاری‌ هەڵكردنی‌ ئاڵای‌ كوردستان پەسەندكرا.

بڕیارەكەی‌ ئەنجومەن ناڕەزایی عەرەب و توركمانەكانی‌ لێكەوتەوەو توركیاش ناڕازیبونی‌ خۆی‌ لەو بارەیەوە نیشاندا.

ئەمڕۆ چوارشەممە ژمارەیەك لە توركمانەكانی‌ كەركوك دژی‌ بڕیارەكەی‌ ئەنجومەن خۆپیشاندانیان ئەنجامداو لەخۆپیشاندانەكەدا گرژی‌ دروستبوو.

دوێنێش حەسەن تۆران جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی عیراقی لە كۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانیدا پەسەندكردنی‌ بڕیارەكەی‌ بە "دابەشبونی‌ كۆمەڵگە" ناوبردو رایگەیاند، ئەو پرسە دەسەڵاتی‌ ئەنجومەن نییەو دەسەڵاتی‌ بەغدایە.

لەگەڵ ئەوەشدا تۆران جەختیكردەوە لەسەر پەرەدان بە پەیوەندییەكانی‌ كوردو عەرەب و توركمان.

هەر دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند، بڕیاردان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لەكاتێكدا ئەندامانی توركمان و عەرەبی ئەنجوومەنەكە بایكۆتی دانیشتنەكەیان كردووە، بە "كارێكی تاك لایەنانەو پێشێلكاری دەستووری عێراقی و پێكهاتەی جێناكۆكی كەركووكی دەزانین".

مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا وتی‌ ''ئێمە پێمان وایە ئەو دەنگدانە، درووست نییە".

لەپاڵ ئەو ناڕەزاییانە لەبەشێك لە ناوچەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان گردبونەوەی‌ پشتگیریی بۆ بڕیارەكە ئەنجامدرا.

پێدەچێت كاردانەوە جیاوازەكان بەردەوامبن، كە ڕەنگە سەرەنجامەكەی هەر پەیوەندیدار نەبن بەكەركوك خۆیەوە، چونكە دەشێت دواجار سەرئەنجامی كاردانەوە جیاوازەكان لەڕوی ئەرێنی و نەرێنیەوە پەیوەندیداربن بەهەموو هەرێمی كوردستانەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP