ئایا توركیا بە رێككەوتنی كورد و ڕوسیا تێكچووە؟

- 3/25/2017 4:53:00 PM 14343 جار خوێندراوەتەوە
شاری عەفرین- سوریا فۆتۆ: رۆیتەرز

خەندان- رێنوار نەجم

پلانی توركیا بۆ فراوانكردنی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوڕات لەباكوری سوریاو دابڕینی هێزەكوردییەكان لەهەرێمەكەدا پێدەچێت ئەنجامەكانی پێچەوانی بووبێتەوە، بەتایبەت لەدوای ڕێكەوتنی نێوان هێزە كوردییەكان لەگەڵ ڕوسیاو بەردەوامی هەماهەنگییەكان لەگەڵ ئەمەریكادا.

ماڵپەڕی ئەمەریكی ئەلمۆنیتەر كە تایبەتە بەكاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەراپۆرتێكدا باس لەرێكەوتنە نوێیەكەی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)و ڕوسیا و كاردانەوەو نیگەرانییەكانی توركیا لەو بارەیەوە دەكات.

لە 20ی ئەم مانگەدا، رێدور خەلیل وتەبێژی یەپەگە رایگەیاند، لەگەڵ ڕوسیادا گەیشتوونەتە رێكەوتن بۆ بڵاوەپێكردنی هێزی ڕوسی لەناوچەی جیندریس لەپارێزگای عەفرین، دواتریش وێنەی ئوتومبێلە سەربازییەكانی ڕوسیا بەئاڵای وڵاتەكەیانەوە لەو ناوچەیە بڵاوبووەوە.

"هاتنی هێزەكانی ڕوسیا بۆ جەندەریس دوای رێككەوتنێك دێت لەنێوان یەپەگە و هێزە ڕوسییەكان لەسوریا ئەویش لەچوارچێوەی هاریكارییەكان دژی تیرۆر و یارمەتیدانی هێزەكانی ئێمە بۆ ڕاهێنان لەسەر شێوازی مۆدێرنی جەنگ، هەروەها بۆ بونیادنانی خاڵێكی ڕاستەوخۆی پەیوەندی لەگەڵ هێزە ڕوسییەكاندا." رێدور خەلیل وای وت.

سەرچاوەیەك لە هێزەكانی یەپەگە بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر راگەیاندووە، هەردوو لایەنی یەپەگەو ڕوسیا لە بنكەی ئاسمانی حومەیمیم لەنزیك لازقیە كۆبوونەتەوە، بۆ باسكردنی پێشكەوتنەكانی ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەش لەدژی بەرەی فەتحی شام (بەرەی نوسرەی پێشوو) كە ئێستا پارێزگای ئیدلیبی كردوە بەبنكەی سەرەكی خۆی، كوردەكان سوربوون لەسەر ئەوەی بەهەمان شێوە دژی رێكخراوەكانی وەك ئەحراری شام بووەستنەوە كە توركیا پاڵپشتی دەكات".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە لە كۆتاییدا هەردوو لایەن بڕیاریان داوە وتوێژ لەو بارەیەوە نەكەن كە دژی كام رێكخراوانە بوەستنەوەو لەسەر ئەوە رێكەوتوون ڕوسیا بنكەیەكی سەربازی لە عەفرین دابمەزرێنێت. كوردەكانیش داوایەكی ڕوسیایان رەتكردوەتەوە بۆ بوونی سەربازی رژێمی سوریا لە بنكەكەو هەڵكردنی ئاڵای سوریا لەوێ.

بەڵام وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا رەتیكردووەتەوە، پلانیان هەبێت بۆ دانانی بنكەیەكی سەربازیی هەمیشەیی، وەزارەتەكە ئاماژە بەوەكردووە روسیا پێكەیەكی لەو نزیكانە هەیەو بەكاریدەهێنێت بۆ چاودێریی رێكەوتنی ئاگربەست.

 زەلال جێگێر بەرپرسی بزوتنەوەی كوریی بۆ كۆمەڵگەیەكی دیموكرات لەعەفرین رایگەیاندووە، كوردەكان بەدوای ئەو ڕێكەوتنەدا گەڕاون بەهۆی هێرشی بەردەوامی سوپای توركیاو ئەو هێزانەی پاڵپشتی دەكات بۆ سەر عەفرین.

ڕوسیا سەرەتا وەك پلاندانرابوو كاروانێكی سەربازیی ناردە جەندەریس لەباكوری عەفرین و نزیك لەرۆژئاوای سنوری توركیا، دواتر ڕوسیا بڕیاریدا كاروانەكان لەناوچەی كەفیر جەنی جێگیربكات كە كاتژمێرێك لە باكوری رۆژهەڵاتی سنوری توركیاو نۆ كیلۆمەتر لە شارۆچكەی عەزاری سنوری پارێزگای عەفرین دوورە كە ئێستا لەژێر دەستی سوپای توركیادایە.

ئەو بەپرسە كوردییە باسی لەوەشكردووە، ئەوان لەلایەكەوە دەوڵەتی توركیاو لەلایەكی دیكەوە چەكدارەكانی داعشیان هەیەو توركیا هەموو رۆژێكی هەڕەشەیان لێدەكات بەبۆردومان كردنی ناوچەكانیان، "ئێمە بەهەمان شێوە بەئاراستەی تەل فورات لەژێر فشارداین، توركیا لەدەوروبەری ئیدلیب هێز كۆدەكاتەوەو چەك دەداتە چەتەكانی ئیدلیب." زەلال جێگێر وایوت.

هەروەها دەشڵێت "ئەم جەنگە دەكرێت ئاڵۆزتر ببێت، لەبەر ئەوە ئێمە داوای هاوپەیمانیمان لەڕوسیا كرد، پێویستە هەماهەنگییەك لەنێوان توركیاو ئێمەدا هەبێت، ڕوسیا ئەو هەماهەنگییە دابیندەكات بۆ بەرگرتن لەهێرشی توركیا بۆ سەر عەفرین."

شارەزا سەربازییەكانی ڕوسیا لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا هاتوونەتە عەفرین، ئەو سەردانانە ڕاستەوخۆ دوای ئەوە دەستیپێكرد كە توركیا وتی رێگە نادات یەپەگە بپەڕێتەوە رۆژئاوای ڕووباری فورات و یەپەگەش لەعەفرینەوە هێرشی دەستپێكرد بۆ سەر شارۆچكەی عەزاز، بەڵام ئەگەر سەرچاوەكانی یەپەگە دروست بن، ئەمە یەكەمینجارە كە ڕوسییەكان هەستییان كردوە پێویستیان بە بنكەیەكی هەمیشەیی هەیە لەعەفرین.

هاوكات فەرماندەیەكی باڵای یەپەگە كە بەمەرجی ناونەهێنان قسەی بۆ ئەلمۆنیتەر كردوە لەو بارەیەوە دەڵێت "بەگوێرەی رێكەوتنێك كەلە نێوان توركیاو ڕوسیا هەیە، توركیا دەبوو شارۆچكەی باب ڕادەستی سوپای سوریا بكاتەوە دوای ئەوەی كۆنترۆڵی كردەوە، بەڵام توركیا دەستبەردرای باب نەبوو، بەپێچەوانەوە توركیا ئێستا دووەمین بنكەی خۆی لەسەر گردەكانی دەرەوەی شارۆچكەكە دروست كردوو، دوای ئەوەی یەكەمیان لە ئەكتارین دروست كردووە. كاتێك توركیا لە باب نەكشایەوە، ڕوسیا دەیەوێت پەیامێكی نوێی بۆ بنێرێت، نزیكی ڕوسیا لەگەڵ كوردەكاندا، لەلاوازیی پەیوەندییەكانی ڕوسیاو توركیاوە سەرچاوە دەگرێت".

ئایا ئەو لێكنزیبوونەوەی كوردەكان و ڕوسیا كاریگەری دەبێت لەپەیوەندی باشی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاو كورد؟ فەرماندە باڵاكەی یەپەگە وەڵام دەداتەوەو دەڵێت "نەخێر، ئێمە پێش ئەوەی پەیوەندی بەڕوسیا بكەین بەكراوەیی قسەمان لەگەڵ ئەمەریكییەكان كردو پێمان وتن 'ئەگەر ناخوازن هاوكاریی بكەن لەگەڵ ئێمەدا لە باب و عەفرین، ئەوا ئێمە بەدوای پەیوەندی تردا دەگەڕێین.' ئەوان هیچ كاردانەوەیەكیان نەبوو، پێگەی ڕوسیاو ئەمەریكا لەسەر رەقە نزیكتر بووەتەوە. ئەوە كارئاسانی بۆ ئێمە دەكات پەیوەندی لەگەڵ هەردووكیاندا ببەستین."

شاری رەقەی پایتەختی خەلافەتەكەی داعش لەسوریا یەكێكی دیكەیە لە كێشەكانی توركیا، كە پلانی هەیە ببێتە بەشێك لەئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رەقە، ئەو سیناریۆیەی كە هەموو رۆژێك دوورتر دەكەوێتەوە.

دوای ئەوەی ئەمەریكاو ڕوسیا گەیشتنە لێكتێگەیشتنێك لەسەر مەنبەج، ئەمەریكا بەردەوام بوو لەسەر دابینكردنی هاریكاریی سەربازیی بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات كە یەپەگە پێكهێنەری سەرەكییەتی، ئەمەریكا چەندین جۆری چەكی جیاوازی دایە ئەو هێزانە وەك ئوتومبێلی سەربازیی، چەكی قورس و هێلیكۆپتەر بۆ ئۆپەراسیۆنی رەققە، لە ئێستاشدا كوردەكان چاوەڕێی هێلیكۆپتەری شەڕكەری ئەپاتچین.

لەهەمانكاتدا كوردەكان بەتوندی داواكارییەكی ئەمەریكایان رەتكردوەتەوە بۆ بەشداریكریپێكردنی پێشمەرگە كوردەكانی سوریا كە لەلایەن مەسعود بارزانییەوە پاڵپشتی دەكرێن، بەرپرسانی یەپەگە دەڵێن كە ئەو داواكارییە وەك پیلانگێڕی دەبینن "ئەوە مانای جەنگە لەنێوان كوردا، ئێمە بەهەموو شێوەیەكی رەتی دەكەینەوە."

هەموو ئەو بەرەوپێشچوونانە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن یان ئەمەریكا نەرمە یاخود لەپێگەكەیدا نییە مەرج بسەپێنێت بەسەر كوردەكاندا كە ئاگادارن لەوەی لێكتێگەیشتنی ئەمەریكا-ڕوسیا دەكرێت بۆ مەودایەكی كەم بێت.

ئەگەر ڕوسیاو سوپای سوریا بەرەیەكی شەڕ لە دژی ئیدلیب بكەنەوە، پێدادانەكان دەكرێت درێژە بكێشێت لەگەڵ ئەو گروپانەی لەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێن تا عەفرین.

هەرچەندە كوردەكان لەعەفرین جەخت لەسەر بەرگرییكردن دەكەنەوە، بەڵام ئەگەری هەیە لەگەڵ ڕوسیادا پەیوەست ببن بەئۆپەراسیۆن لەدژی مەترسییەكان لەئیدلیبەوە، فەرماندەكەی یەپەگە دەڵێت "بەدڵنیاییەوە ئەگەر ویستمان دەتوانین پەیوەندی بكەین بە ئۆپەراسیۆنەكان دژی ئەو گروپانەی لە ئیدلیبن، ئێستا ئیدلیب كلیلە، ئەگەر هێرشی بكرێتەسەر دواتر عەفرینیش لەژێر فشاردا دەبێت، ئێمە كراوەین بەڕووی ئەڵتەرناتیفە جیاوازەكاندا."

بەگوێرەی وتەی ئەو فەرماندەیەی یەپەگە، ئەگەر گروپە پاڵپشتیكراوەكان لەلایەن توركیا یاخود سوپای توركیا ڕاستەوخۆ بەئاراستەی ئیدلیب جوڵان، كوردەكان دوو بژاردەیان دەبێت "یەكەمیان هەماهەنگییە لەگەڵ ڕوسەكاندا. ئەمە ئێستا بەردەوامەو بڵاوبوونەوەی ڕوسەكان لەعەفرین پەیامێكی كراوەیە بۆ توركیا، دووەم بژاردەمان هەڵكردنی گڵۆپی سەوزە بۆ سوپای سوریا، عەفرین شارۆچكەیەكی سورییە. سوپای سوریا دەتوانن بێنە ئەوێ."

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕوسیا بە سێ هۆكار هێزی لەعەفرین بڵاوكردوەتەوە، یەكەمیان، ناردنی پەیامێكە بۆ توركیا لەڕێی كوردەكانەوە بەوەی دڵخۆشنین لەوەی توركیا شارۆچكەی بابی جێنەهێشتووە. دووەم، ڕوسیا ڕێگەنادات بەجوڵەی سوپای توركیا لەدژی عەفرین، سێیەم، بەرەی كوردیی لەباكورەوە گەشەدەكات لەدژی گروپەكانی وەك بەرەی فەتحی شام لە ئیدلیب.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP